سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ماڵئاوایی کرد

02-07-2023 02:24
ڕێواز فایەق لەکاتی ماڵئاوایی لە فەرمانبەرانی پەرلەمان

پەرەگراف

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ماڵئاوایی لە فەرمانبەرانی پەرلەمان کردو دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاران خانەنشین دەکرێن، دەرگای هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیش بە داخراویی دەمێنێتەوە تا هەڵبژاردنی داهاتوو و دەستبەکاربوونی خولی نوێی پەرلەمان.

ڕێواز فایەق ئەمڕۆ بەشە جیاوازەکانی پەرلەمانی بەسەرکردەوەو لەگەڵ ماڵئاواییدا سوپاسی فەرمانبەرانی کرد بۆ کارەکانیان و داوای گەردن ئازادیی لێکردن.

سامان ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، دیوانی پەرلەمان نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی دەکات، بە مەبەستی خانەنشینکردنی هەر ١١١ پەرلەمانتارەکەی خولی پێنجەمی پەرلەمان، خانەنشینبوون سەرجەم پەرلەمانتاران دەگرێتەوە جگە لەوانەی خۆیان خانەنشینبوون ڕەت دەکەنەوە.

خانەنشینیی ئەو پەرلەمانتارانە ناگرێتەوە کە دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەستبەکاربوون و شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانیان گرتووەتەوە، لەبەرئەوەی دەستبەکاربوونیان بە هەڵوەشاوە دادەنرێت بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە، بەڵام ئەو مووچەیەی لەو ماوەیەدا وەریانگرتووە یاساییەو لێیان وەرناگیرێتەوەو بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کاریگەریی لەسەری نابێت.

بەپێی یاسا هەر پەرلەمانتارێک تەمەنی لە 45 ساڵ کەمتر نەبێت و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت، بە لە سەدا 25 تاوەکو 50ـی مووچەی ئێستای خانەنشین دەکرێت، هەر پەرلەمانتارێکیش تەمەنی لە 45 ساڵ کەمتربێت و لە 15 ساڵ کەمتر خزمەتی هەبێت بە کەمتر لە سەدا 25ـی مووچەکەی خانەنشین دەکرێت.

دادگای فیدراڵی عێراق لە ٣٠-٥-٢٠٢٣دا درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و بڕیار و یاسا دەرکراوەکانی لە ماوەی دڕێژکردنەوەی تەمەنیدا هەڵوەشاندەوە کە لەو ماوەیەدا ٥ یاساو ١١ بڕیار دەرکراوەو بە هەڵوەشاوە دادەنرێن.

پەرلەمانی کوردستان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدا ٤٦ یاسای دەرکردووە کە پێنجیان لەماوەی درێژکردنەوەی تەمەنیدا بووە.

ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢ بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک پەسەند کرا.

لە بەرانبەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، سكاڵا لەسەر سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی عێراق و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و كاوە عەبدولقادر، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان و یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، تۆمار كران، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق هەر چوار سكاڵاكەی كرد بە یەك و لەبەرژەوەندیی سکاڵاکاران بڕیاریدا.

ئێستا پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەستبەکاربوونی خولێکی نوێیە بۆ کارکردن، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێم دەکات و هێشتا هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە.

لە 30 ساڵی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەنەچووە.

ئێستا پەرلەمان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدایەو ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرانایە دەبوو لە هەشتەمین خولیدا بوایە، پەرلەمان نزیکەی نیوەی تەمەنی بە درێژکردنەوەی بەسەر بردووە.