داوا لە داواکاری گشتیی و دەستەی دەستپاکی دەکرێت کار بکەن بۆ وەرگرتنەوەی مووچە لە پەرلەمانتاران

02-07-2023 10:29

پەرەگراف

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، داوا لە داواکاری گشتیی و دەستەی دەستپاکی دەکات "راستگۆیی خۆیان بسەلمێنن بۆ گێڕانەوەی ئەو مووچەو ئیمتیازاتانەی بەشێک لە پەرلەمانتاران بە نایاسایی وەریانگرتووە".

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمان ماڵئاوایی لە پەرلەمان کرد، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "لەکۆتاییدا، پێدەچێت سەرۆکی پەرلەمانی هەڵوەشاوەی هەرێمی کوردستان، قەناعەتی بە بڕیارەکەی دادگای ئیتحادی کردبێت کە لەسەر بنەمای سکاڵایەکی نەوەی نوێ بوو، بەشێوەیەک سەرۆکی پەرلەمانی هەڵوەشاوە بڕیاریدا کە چیتر مووچەی پەرلەمان وەرنەگرێت، لەکاتێکدا چەندین مانگ بوو بە نایاسایی ئەو موچەیەیان وەردەگرت".

"ئێستا لەسەر داواکاری گشتیی لە هەرێم و دەستەی دەستپاکی پێویستە کە راستگۆیی خۆیان لەبەردەم خەڵکدا بسەلمێنن و کاربکەن بۆ گێڕانەوەی هەموو ئەو مووچەو ئیمتیازاتانەی کە بەشێک لە پەرلەمانتارانی هەرێم بە شێوەیەکی نایاسایی وەریانگرتووە" فراکسیۆنی نەوەی نوێ وادەڵێت.

دەشڵێت "دووبارە سوپاس بۆ فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵوێستە شەرافتمەندانەکەیان بە داخستنی هەژمارەکانیان و وەرنەگرتنی مووچەکەیان پاش درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە ڕێگەیەکی نایاسایی".

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتاران خانەنشین دەکرێن، دەرگای هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیش بە داخراویی دەمێنێتەوە تاهەڵبژاردنی داهاتوو و دەستبەکاربوونی خولی نوێی پەرلەمان.

سامان ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، دیوانی پەرلەمان نووسراوێک ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی دەکات، بە مەبەستی خانەنشینکردنی هەر ١١١ پەرلەمانتارەکەی خولی پێنجەمی پەرلەمان، خانەنشینبوون سەرجەم پەرلەمانتاران دەگرێتەوە جگە لەوانەی خۆیان خانەنشینبوون ڕەت دەکەنەوە.

تائێستا تەنھا فراکسیۆنی نەوەی نوێ کە سێ پەرلەمانتارن لەگەڵ چوار پەرلەمانتاری دیکەی سەربەخۆ خانەنشینبوونیان ڕەت کردووەتەوە.

خانەنشینیی ئەو پەرلەمانتارانە ناگرێتەوە کە دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەستبەکاربوون و شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانیان گرتووەتەوە، لەبەرئەوەی دەستبەکاربوونیان بە هەڵوەشاوە دادەنرێت بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە، بەڵامبئەو مووچەیەی لەو ماوەیەدا وەریانگرتووە یاساییەو لێیان وەرناگیرێتەوەو بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کاریگەریی لەسەری نابێت، ھەرچەندە ھەندێک لە چاودێرانی پەرلەمان لەوانەش ئینستتیوتی پەی پێیانوایە وەرگرتنی ھەر بڕە پارەیەک لەماوەی درێژکراوەی تەمەنی پەرلەماندا واتەلە ٦-١١-٢٠٢٢ بەدواوە "نایاساییە".

بەپێی یاسا هەر پەرلەمانتارێک تەمەنی لە 45 ساڵ کەمتر نەبێت و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت، بە لە سەدا 25 تاوەکو 50ـی مووچەی ئێستای خانەنشین دەکرێت، هەر پەرلەمانتارێکیش تەمەنی لە 45 ساڵ کەمتربێت و لە 15 ساڵ کەمتر خزمەتی هەبێت بە کەمتر لە سەدا 25ـی مووچەکەی خانەنشین دەکرێت.

دادگای فیدراڵی عێراق لە ٣٠-٥-٢٠٢٣دا درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و بڕیار و یاسا دەرکراوەکانی لە ماوەی دڕێژکردنەوەی تەمەنیدا هەڵوەشاندەوە کە لەو ماوەیەدا ٥ یاساو ١١ بڕیار دەرکراوەو بە هەڵوەشاوە دادەنرێن.

پەرلەمانی کوردستان لە خولی پێنجەمی تەمەنیدا ٤٦ یاسای دەرکردووە کە پێنجیان لەماوەی درێژکردنەوەی تەمەنیدا بووە.

ڕۆژی ٩-١٠-٢٠٢٢ بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و پێکهاتەکان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک پەسەند کرا.

لە بەرانبەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، سكاڵا لەسەر سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی عێراق و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و كاوە عەبدولقادر، سەرۆكیفراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان و یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، تۆمار كران، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق هەر چوار سكاڵاكەی كرد بە یەك و لەبەرژەوەندیی سکاڵاکاران بڕیاریدا.

ئێستا پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەستبەکاربوونی خولێکی نوێیە بۆ کارکردن، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێم دەکات و هێشتا هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە.