تورکیا داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا شەش مانگی دیکە درێژکردەوە

03-07-2023 04:29

پەرەگراف

تورکیا داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژکردەوە.

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند "توركیا جارێكی تر ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی ئەو فڕۆكانەدا داخست كە لە فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە گەشت دەكەن و بڕیاریداوە تا رۆژی 3ی كانوونی دووەمی 2024 راگرتنی گەشتەكان درێژبكاتەوە".

تورکیا لە 3-4-2023دا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخست کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوە یان بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن، بڕیارەکەی تورکیا بۆ ماوەی سێ مانگ و تا ٣-٧-٢٠٢٣بوو، ئەمڕۆش شەش مانگی دیکەی درێژکردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەوکات هۆکاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی سلێمانیدا ئاشکرا کردو وتی: "بەهۆی چالاکییەکانی پەکەکەوەیەو لە چوارچێوەی هەوڵەكانی رووبەرووبوونەوەی پارتی كرێكارانی كوردستانە".

بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، "چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی زیادیان کردووەو دزەیان کردووەتەناو فڕۆکەخانە، ئەوەش هەڕەشە لەئاسایشی فڕۆکەوانی دەکات".

بەرپرسانی سلێمانی تۆمەتەکانی تورکیا ڕەتدەکەنەوەو جەخت لە مەدەنی بوونی فڕۆکەخانەکە دەکەنەوە.

چوار ڕۆژ دوای داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانی، لە ٧-٤-٢٠٢٣دا ھێرشێکی ئاسمانیی کرایەسەر نزیک فڕۆکەخانە کە تێیدا مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات کرایە ئامانج، بەڵام هێرشەکەی زیانی گیانیی بەدواوە نەبوو.