سوودانی لە دادگای فیدراڵی تانەی لە 12 ماددەی یاسای ‏بوودجە دا

03-07-2023 05:27

پەرەگراف

سەرۆكوەزیرانی عێراق بە فەرمی سكاڵای لە دژی 12 ماددەی یاسای بوودجە لە ‏دادگای باڵای فیدراڵی تۆمار كرد، هیچ ماددەیەكی پەیوەست بە پشكی هەرێم ‏لەناو ئەو ماددانەدا نین كە سوودانی تانەی لێ‌ داون.‏

محەمەد شیاع سوودانی داوای لە دادگای فیدراڵی كردووە بە هۆكاری ‏‏"نادەستووریبوون"یان، بە بڕیارێك كاركردن بەو ماددە و بڕگانەی یاسای ‏بوودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵەكانی 2023، 2024 و 2025 ڕابگرێت.‏

بەپێی نووسراوێك كە ڕۆژی 26-6-2023 دەرچووە و واژووی قاسم سەحیب، ‏بریكاری یاسایی سەرۆكوەزیرانی عێراقی لەسەرە، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ‏دادگای فیدراڵیی عێراق سكاڵای لە دژی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ‏پەرلەمانی عێراق تۆمار كردووە، لە بەرامبەر گۆڕانكاری لە ماددەكانی 2، 16، ‏‏20، 28، 57، 62، 63، 65، 70، 71، 72 و 75ی یاسای بوودجە.‏

لەناو ئەو ماددانەی كە محەمەد شیاع سوودانی تانەی لێ‌ داون، هیچ ماددە و ‏بڕگەیەكی پەیوەست بە هەرێی كوردستانی تێدا نییە كە بریتین لە ماددەكانی ‏‏12، 13 و 14، هەرچەندە ۆرێك لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان پێیان وایە ‏بەشێك لە ماددە و بڕگەكانی پەیوسەت بە كورد پێچەوانەی ئەو ڕێككەوتنەن ‏كە پێشتر لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق كراوە.‏

سوودانی لە سكاڵاكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە پەرلەمانی عێراق چەند ‏بڕگەیەكی بۆ ئەو مادانە زیاد كردووە كە پابەندبوونی داراییان هەیە و ‏هەندێكیشیان پێچەوانەی سیاسەتی گشتیی دەوڵەتن، ئەمان لە دەرەوەی ‏پرۆژەیاساكەی حكومەت زیاد كراون.‏

پاش پێنج ڕۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام و ململانێی توندی نێوان فراكسیۆن و ‏‏پێكهاتەكان، پەرلەمانی عێراق بەرەبەیانی ڕۆژی 12-6-2023 پرۆژەیاسای ‏بوودجەی بۆ سێ‌ ‏ساڵ پەسەند كرد. بەشێك لەو بڕگانەی پەیوەست بوون بە ‏كورد لەنێویشیاندا ‏پاشەكەوتی مووچە، ڕەت كرانەوە، هەندێكیش پەسەند ‏كران.‏

پرۆژەیاساكە بۆ ساڵەكانی 2023، 2024 و 2025ـە، بڕی ئەو پارەیەی بۆ ‏‏بودجە تەرخان كراوە بۆ ساڵێك، نزیكەی 199 تریلیۆن دینارە و پشكی ‏هەرێمی ‏كوردستان بە لەسەدا 12.6% دیاری كراوە و 16 تریلیۆن دینار دەكات.‏

لە كاتژمێرەكانی كۆتایی دانیشتنەكەی پەرلەمان، ئەو ‏بڕگە و پێشنیازانەی ‏لەلایەن فراكسیۆن و پێكهاتە جیاوازەكانەوە ئاراستەی ‏سەرۆكایەتیی پەرلەمانی ‏عێراق كرابوون، خرانە دەنگدانەوە.‏

بڕگەی پەیوەست بە گێڕانەوەی لەسەدا 12ی پاشەكەوتی مووچەی ‏‏مووچەخۆرانی هەرێم كە لەلایەن فراكسیۆنەكانی پارتی، یەكێتی، یەكگرتوو و ‏‏كۆمەڵەوە پێشكەش كرابوو، لە كۆتاییدا خرایە دەنگدانەوە و لەناو ناڕەزایەتیی ‏‏بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتاراندا دەنگی لەسەر درا، بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنا ‏‏و ڕەت كرایەوە.‏

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند "لەگەڵ باسی هەرێمی ‏‏كوردستان و گەڕانەوەی پاشەكەوت كرا، بەبێ‌ ئەوەی بزانن ئەو بڕگەیە هیچ ‏‏بارگرانییەك لەسەر حكومەتی عێراقی دروست ناكات، زۆر بە توندی دژی ‏‏وەستانەوە، بە جۆرێك كە وتیان هیچ شتێك بە ناوی هەرێمەوە قبووڵ ‏‏ناكەین".‏

لەو بڕگەیەدا داوا كرابوو كە ئەو زیادەیەكی لە پارەی فرۆشتنی نەوت نەوت كە ‏‏بە 70 دۆلار خەوڵێندراوە، بە تایبەت كە لەسەدا 30ی پشكی هەرێمە، ‏‏پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە ڕێژەی لەسەدا 12ی ‏‏مووچەكانیان بۆ هەر مانگێك بدرێتەوە تا پاشەكەوتەكە تەواو دەبێت.‏

فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ پاڵپشتیی لەو بڕگەیە نەكرد و جەختی لەوە ‏دەكردەوە ‏كە ئەو بڕگەیەی پێشتر لەلایەن لیژنەی داراییەوە زیاد كرابوو و ‏دانەوەی ‏پاشەكەوتی مووچەی بە ڕێژەی لەسەدا 10 دەخستە ئەستۆی حكومەتی ‏هەرێم، بخرێتە ‏دەنگدانەوە، بەڵام ئەو بڕگەیە بە ڕێككەوتنی سیاسی لابرابوو، ‏ھەرچەندە سروە عەبدولواحید سەرۆكی فراكسیۆنەكە خوێندییەوە بەڵام ‏پەرلەمانتاران دژی وەستانەوەو ڕەتكرایەوە.‏

فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ دەڵێت "وەكوو پیشەی هەمیشەییان، پارتی و یەكێتی ‏‏جارێكی تر و لە دژی دەستكەوتێكی تر بۆ خەڵكی كوردستان، لەگەڵ هەندێك ‏‏لایەنی عێراقی بە ڕێككەوتنێكی پێشوەختە، شكستیان بە جێگیركردنی بڕگەی ‏‏گێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچە هێنا، بەخستنە ڕووی پێشنیازێكی تر كە ‏‏گەڕانەوەی پاشەكەوتیان خستبووە سەر حكومەتی عێراق".‏

فراكسیۆنی یەكگرتوویش دەڵێت "بە خاڵی پەیڕەوی نایاساییبوونی لادانـی ‏بڕگەی پاشەكەوت، ‏لە دادگای فیدڕاڵـی سكاڵا دژی لابردنی تۆمار دەكات".‏

بڕگەیەكی دیكەی كورد كە ڕەتكرایەوە، گواستنەوەی ڕاژەی مامۆستایانی ‏‏خوێندنی كوردی لە كەركووك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ‏‏بوو بۆ سەر حكومەتی فیدراڵی.‏

سۆران عومەر وتی "كاتێك سەرۆكی پەرلەمان بڕگەكەی خوێندەوە، زۆر ‏‏بەلامانەوە سەیر بوو كە بەشێك لە پەرلەمانتاران چوونە سەر كورسیی ‏‏دانیشتنەكان و وتیان قبووڵمان نییە بخوێنرێتەوە و دەنگی پێ‌ بدرێت".‏

یەكێك لە دەستكەوتەكان بۆ كورد، دەنگدان بوو بە دامەزراندنی كارمەندانی ‏‏كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان، كە ژمارەیان زیاتر ‏لە ‏سێ‌ هەزار كارمەندە چەند ساڵە فراكسیۆنە جیاوازەكان كاری لەسەر دەكەن، ‏لە ‏كۆبوونەوەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراقدا ئەو بڕگەیە پەسەند ‏كرا.‏