دەستەی گەشتوگوزار: لە شەش ڕۆژدا نزیكەی ٧٠٠ هەزار گەشتیار ڕوویان لە ‏ناوچە گەشتیارییەكان‎ ‎كردووە

03-07-2023 09:10
ناوچەیەكی گەشتیاری لە زاخۆ. فۆتۆ: پەیجی دەستەی گەشتوگوزار لە فەیسبووك

پەرەگراف

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت: لە ماوەی شەش ڕۆژدا نزیكەی ٧٠٠ ‏هەزار گەشتیار و سەردانیكار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی ‏كوردستان‎ ‎كردووە.‏

بەپێی ڕاگەیەنداوی دەستەكە، لە ماوەی 26 - 6 تاكوو 1-7-2023، ‏تۆماركردنی ژمارەی گەشتیار و سەردانیكار لە شوێنە گەشتیارییەكانی ‏هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 689 هەزار و 889 كەس.‏

ئەو گەشتیارانە بەشێكیان هی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بوون و بەشێكی دیكە ‏لە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و هەندێكیش لە دەرەوەی عێراقەوە ‏هاتوون.‏

دەستەی گەشتوگوزار ئاماژە بەوە دەكات كە "بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ‏پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم و كەرتی تایبەت، بە شێوەیەكی ‏شارستانییانە ئامادەكاری تەواو بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران كرا".‏

وەكوو دەستەكە لە ڕاگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی پێ‌ داوە، "هیچ ڕووداوێكی ‏نەخوازراو ڕووی نەداوە" و جەخت لەوەش دەكاتەوە كە "پلانی پێشوازیكردن لە ‏گەشتیاران بە شێوەیەكی سەركەوتووانە و بێ كەموكووڕی جێبەجێ كرا".‏

‏"دەستەی گەشتوگوزار لەگەڵ كاركردن بۆ زیادكردنی ژمارەی گەشتیاران، ‏هاوكات لە ڕووی چۆنایەتیشەوە هەنگاوی ناوە بە ئاڕاستەی زیادكردنی ‏شەومانەوەی گەشتیاران، لە ڕێگەی هەمەجۆركردنی چالاكییە گەشتیارییەكان و ‏پەرەپێدانی جۆرەكانی گەشتوگوزار"، دەستەی گەشتوگوزار وا دەڵێت.‏