هەولێر ڕووبەڕووی وشكەساڵی دەبێتەوە؛ سێ‌ دەریاچە دروست دەكرێن و ‏شاندێكیش دەچێتە سعودیە

04-07-2023 04:41

پەرەگراف

پاش تەرخانكردنی بودجەی تەنگەتاوی بۆ دەربازبوون لە سێ مانگی هاوین، ‏بڕیاریشە سێ دەریاچە لە هەولێر دروست بكرێن، ئەوەش لە چوارچێوەی ‏چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی كە چەند ساڵێكە ‏پارێزگاكە بەدەستیەوە گیرۆدە بووە. ئەمڕۆیش شاندێك بە سەرۆكایەتی ‏پارێزگاری هەولێر بۆ "سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو وڵاتە و چارەسەركردنی ‏كێشەی ئاوی خواردنەوە" سەردانی سعودیە دەكات.‏

هەژماری فەرمیی پارێزگای هەولێر لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك دەڵێت ‏‏"پڕۆژەی دروستكردنی سێ دەریاچە كاری لەسەر دەكرێت، پڕۆژەكە دەرخستە ‏و هەموو ئامادەكارییەكی بۆ كراوە و ڕەوانەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی ‏وەزیران كراوە بۆ پێداچوونەوە و بڕیار لەسەردان".‏

دروستكردنی ئەو سێ دەریاچە، لە پلانی ساڵانی ڕابردووی پارێزگای هەولێردا ‏هەبووە، بەڵام دواكەوتووە. پڕۆژەكە دروستكردنی سێ دەریاچەی گەورەیە و ‏بڕیارە ئاوی لە زێی گەورە یان لە بەستۆڕە بۆ دابین بكرێت. پارێزگای هەولێر ‏دەڵێت "جێبەجێكردنی پڕۆژەكە كاریگەریی زۆری لەسەر شاری هەولێر ‏دەبێت".‏

‏"بێجگە لەو پڕۆژەیە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە زیاتر لە 20 ‏پۆند لە سنووری پارێزگای هەولێر جێبەجێ بكات و لەوانەش 21 پۆند ‏بڕیاریان بۆ دەرچووە، حەوت پۆندی دیكەش پەسەند كراون و دەچنە بواری ‏جێبەجێكردنەوە"، پارێزگاری هەولێر وا دەڵێت.‏

هەر دوێنێش 3-7-2023، بودجەی تەنگەتاوی بۆ دەربازبوون لە سێ مانگی ‏هاوینی ئەمساڵ لە هەولێر تەرخان كرا و بڕەكەی شەش ملیار دینارە، ‏پێشتریش ١٤ ملیاری دیكە بۆ چارەسەری گرفتەكانی كەمئاوی لەو پارێزگایە ‏تەرخان كرا.‏

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوی كردەوە كە لەسەر فەرمانی سەرۆكی ‏حكومەت و لە چوارچێوەی چارەسەركردنی كێشەكانی وشكەساڵی و گرفتی ‏كەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر، ڕەزامەندی دراوە بە تەرخانكردن و ‏خەرجكردنی گوژمەی 20 ملیار دینار بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی.‏

هاوكات بڕیارە ئەمڕۆ 4-7-2023، شاندێكی پارێزگای هەولێر بە ‏سەرۆكایەتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەندامێتی جێگری ‏پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری ‏ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و ژماریەكی تر لە وەبەرهێنەر و پیاوانی كار، سەردانی ‏شانشینی عەرەبیی سعودیە بكەن.‏

لەو سەردانەدا لەگەڵ وەزیری بازرگانی، وەزیری وەبەرهێنان، ئەمیری ڕیاز و ‏نوێنەرانی كۆمپانیا سعودییەكان كۆدەبنەوە. ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ‏ئامانجی سەردانەكەی بە "ئاڵوگۆڕی بازرگانی، وەبەرهێنان و چارەسەركردنی ‏كێشەی ئاوی خواردنەوەی هەولێر و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتەكە" ناو ‏بردووە.‏

‏"شاندەكەی پارێزگای هەولێر چوار رۆژ لە سعودیە دەمێننەوە و هانی كۆمپانیا ‏سعودییەكان دەدەن بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بێنە هەولێر و هەرێمی كوردستان".‏

ساڵانە لە هاویندا كێشەی گەورە بەرۆكی هەولێر دەگرێت بۆ دابینكردنی ئاوی ‏ماڵان، بۆ دەربازبوون لە گرفتەكانی ئاو و وشكەساڵیی بودجەی تایبەت تەرخان ‏دەكرێت و حكومەت نەیتوانیوە چارەسەری ڕیشەیی بكات.‏

"بڕیار دراوە بە تەرخانكردن و خەرجكردنی بڕی (6 ملیار دینار) وەكوو ‏بودجەی تەنگەتاوی بۆ دەربازبوون لە سێ مانگی هاوینی ئەمساڵ بۆ مانگەكانی ‏‏(7،8، 9) و بۆ هەر مانگێك (2 ملیار دینار)" پارێزگای هەولێر وا دەڵێت.‏

هاوكات پارێزگای هەولێر لە ئاگاداریەكدا داوا دەكات؛ هەر هاوڵاتییەك لە ‏سنووری هەر شەش بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەكەی هەولێر گرفت و كێشەی ‏كەمیی ئاوی هەبێت، بۆ چارەسەركردنی دەتوانێت ڕۆژانە لە كاتژمێر (8)ی ‏بەیانی تاكو كاتژمێر (10)ی شەو پەیوەندی بەو ژمارە تەلەفۆنانەوە بكات:-‏

سنووری شارەوانيی یەک

07515250001

07515260001

 

سنووری شارەوانيی دوو

07515250002

07515260002

 

سنووری شارەوانيی سێ

07515250003

07515260003

 

سنووری شارەوانيی چوار

07515250004

07515260004

 

سنووری شارەوانيی پێنج

07515250005

07515260005

 

سنووری شارەوانيی شەش

07515250006

07515260006