زەنگی هەڵگیرساندنی شەڕ

09-05-2019 10:41
هێزەكانی ئەمەریكا لە گەروی هورمز چاودێرییان چڕ كردووەتەوە/ 7-5-2019.


پەرەگراف

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، ئەگەری ڕوبەڕوبوونەوەی سەربازیی لەگەڵ ئێران هەیەو چەند بەرپرسێكی ئەمەریكاش دەڵێن، بەرپرسێكی ئێران گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشكردنە سەر سوپای ئەمەریكا هەڵكردووە.

لەگەڵ هەڵكشانی زیاتری گرژییەكانی نێوان ئەمەریكاو ئێران، سەرۆكی ئەمەریكا لەوەڵامی پرسیارێك دەربارەی ئەگەری ڕوبەڕوبوونەوەی سەریازیی لەگەڵ ئێران، وتی"ئەوە ئەگەرێكە هەمیشە هەیەو من ناتوانم بڵێم نییە، بەڵام هیوادارم شتی وا ڕوونەدات".

ترەمپ ئەوەشی خستە ڕوو، ئەوەی ئەو چاوەڕێی دەكات لە ئێرانییەكان ئەوەیە كە پەیوەندیی پێوە بكەن بۆ گفتوگۆو ڕێككەوتنێكی نوێ‌و بۆ ئەو مەبەستەش دەرگایان كراوەیە.

لەبارەی ناردنی كەشتیی زەبەلاحی ئەبراهام لینكۆڵن بۆ ناوچەكەو فڕۆكەی جەنگیی پێشكەوتوو، ترەمپ وتی "ئێرانییەكان هەڕەشەن‌و كێشەمان بۆ دروست دەكەن، ئێمەش دەبێت ئاسایشی خۆمان‌و هاوپەیمانەكانمان بپارێزین بۆیە ئەو كەشتییەمان ڕەوانە كردووە".

ترەمپ وتیشی "ئەوەی من دەەمەوێ تەنها ئەوەیە واز لە چەكی ئەتۆمیی بهێنن، ئەگەر ئەوە بكەن هاوكارییان دەكەین ئابورییەكەیان بەهێز بكەن‌و نامانەوێت زیان بە ئێرانییەكان بگەیەنین".

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بارگرژییەكانی نێوان تاران و واشنتۆن زیادیان كردووە، ئەویش پاش ناساندنی سوپای پاسداران بە "گرووپێكی تیرۆریستی" لەلایەن ئەمریكاوە، هەروەها كاردانەوەی هاوشێوەی ئێران لە دژی هێزەكانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هاوكات ئەمەریكا سزاكانی سەر ئێرانی بۆ تووندترین ئاست بەرزكردووەتەوە بە ئامانجی سفر كردنی فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتە.

ئەو پێشهاتە نوێیانەی نێوان ئەمەریكاو ئێران‌و جوڵەی سەربازیی ئەمەریكا لە ئاوەكانی كەنداوی عەرەب(كەنداوی فارسی پێدەگوترێت)، هاوكات هەڕەشەكانی ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز، ئەگەری شەڕو پێكدادانێكی نوێی لە ناوچەكە بە كراوەیی هێشتووەتەوە.

هەرلەو چوارچێوەیەدا سێ بەرپرسی نزیك لە هەواڵگریی ئەمەریكا بە كەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمەریكییان ڕاگەیاندووە، بڕیاری لەپڕی ئەمەریكا بۆ ناردنی هێزی پشتیوانیی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پشت بەستوو بووە بە چەند زانیارییەكی هەواڵگریی، "بەپێی زانیارییەكان ئێران بە هاوپەیمان و میلیشیاكانی خۆی ڕاگەیاندووە كە لەمەودوا دەسەڵاتی بەئامانجگرتنی یەكە سەربازییەكانی ئەمەریكایان لە ناوچەكەدا هەیە".

ئەو بەرپرسە هەواڵگرییانەی ئەمەریكا باسلەوەدەكەن، بەرپرسێكی ئێرانیی تاوتوێی وەگەڕخستنی گروپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێرانی كردووە بۆ هێرشكردنەسەر ئەمەریكییەكان، بەڵام باسی بەئامانجگرتنی سوپای وڵاتانی تری نەكردووە.

تێپەڕبوونی کەشتییەكی هێرشبەری ئەمەریكی بە گەرووی هورمزدا لە 7ی ئایاری 2019 بە مەبەستی دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایشی هێزە دەریاییەکان لە ناوچەکە.

سوپای ئەمەریكا لە ئێستادا سەرقاڵی بەدواداچوونە بۆ چەند هەڕەشەیەك لەوانە، ئەگەری هێرشی مووشەكی لەلایەن بەلەم و كەشتییە ئێرانییەكان لە كەنداوی عەرەبی؛ هەروەها ئەگەری هێرشكردنەسەر ئەمەریكا لە عێراق لە لەلایەن گروپە میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران؛ جگە لەمانەش ئەگەری هێرشكردنەسەر كەشتییە ئەمەریكییەكان لەلایەن حوسییەكانی یەمەنەوە كە نزیكن لە ئێران.

چەند ساڵێكە ئەمەریكا، ئێران تۆمەتبار دەكات بە گواستنەوەی مووشەك و پارچەكانی لە ڕێگەی ئاوییەوە بۆ حوسییەكانی یەمەن و گروپەكانی تر. هەروەها میلیشیا شیعەكانی وەك كەتائیبی حزبوڵا چەندین ساڵە لە عێراقدا وەك شانەی نووستوو خەریكی ئەنجامدانی كاروچالاكیین. بەپێی چەند سەرچاوەیەك ئەوەی بووەتەهۆی بە ئاگا هاتنەوەی بەرپرسانی سوپای ئەمەریكا، بانگەوازە بۆ زیندووكردنەوەو چالاككردنی ئەم گروپانە.

بەرپرسێكی ئەمەریكی دەڵێت"ئێران هەوڵی حەشاردانی موشەك و پێكهاتەكانی دەدات لەكاتی گواستنەوەیاندا بۆ حوسییەكان، بەڵام ئەم موشەكانە هەر دەبینرێن لەلایەن فڕۆكە چاودێرییەكانی ئەمەریكاوە. ئەمەش بووەتە جێی نیگەرانی ئەوەی كە ڕەنگە ئێران هێرشی موشەكیی لە بەلەمەوە ئەنجام بدات بۆ سەر ئەمەریكا".

هاوكات بەرپرسێكی دیكەی ئەمەریكی ڕایگەیاندووە كە ئێرانییەكان خاوەنی سەكۆی موشەكی گەڕۆكن.

ئەو بەرپرسە ئەمەریكییانە كە بۆ ئێن بی سی نیوز قسەیان كردووە، ئاماژە بەوە دەكەن كە سەرباری ئەوەی زانیویانە بەرپرسێكی ئێرانی تاوتوێی هێرشكردنەسەر ئەمەریكییەكان كردووە، هاوكات جوڵەی ئێران و هێزە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانیشیان لە چەند شوێنێكی جیاواز لەناوچەكەدا بەدی كردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە جەنەڕاڵ ماككێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریكا داوای جوڵانی هێزی پشتیوانیی بكات بەرەو ناوچەكە.

هێزەكانی ئەمەریكا لە گەروی هورمز چاودێرییان چڕ كردووەتەوە/ 7-5-2019.