حكومەتی هەرێم: هەوڵدەدەین پێش جەژن مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش بكەین

13-05-2020 05:27

پەرەگراف

وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەبارەی دابەشكردنی مووچە دواین زانیاریی خستەڕوو، ڕایگەیاند، سەرجەم ئەو داهاتانەی لەبەردەستیاندایە بۆ مووچە تەرخانی دەكەن‌و هەوڵدەدەن پێش جەژن مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش بكەن.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەت لە دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجامداو ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی خستە ڕوو كە تێیدا قەیرانی دارایی‌و گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغداد تاوتوێ كراوە.

وتەبێژی حكومەت جارێكی دیكە باسی لەوە كرد، داهاتی هەرێمی كوردستان كەمی كردووەو حكومەت كورتهێنانی هەیە، وتی"ئەو دۆخەی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان جیاوازەو ئەو بڕە پارەیەی پێشتر هەبووە نەماوە، كورتهێنانێكی زۆرمان هەیە لە داهات، بۆ مانگەكانی داهاتوو دەبێت مووچەكان ڕێكبخەینەوە بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستی حكومەت هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا كە باسی مووچەی مانگی 4 دەكرێت، ئێمە وەكو حكومەت ئەوەی لەدەستمان دێ‌و ئەوەی داهاتە پشتیوان بەخوا بەر لە جەژن ئێمە بتوانین مووچەی هەموو وەزارەتەكان دابەش بكەین".

وتەبێژەكەی حكومەت ئاماژەی بەوەش كرد، گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەغداد بەردەوام دەبن لە پێناو مسۆگەركردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، بۆئەوەش شاندی هەرێم جارێكی دیكە سەردانی بەغداد دەكاتەوە، بەڵام هێشتا وادەی سەردان‌و كۆبوونەوە دیاریی نەكراوە.

"ئامادەین بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن‌و ئامادەین هەر شتێك بكەین لە پێناو دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان" جوتیار عادل وای وت.

وتەبێژەكەی حكومەت ئەوەشی خستە ڕوو، كێشەكانی هەرێم تەنها پەیوەست نییە بە دابەزینی نرخی نەوت، بەڵكو كەڵەكەبووی ساڵانی ڕابردوون‌و حكومەت ناتوانێت بە 9 مانگ چارەسەریان بكات، "حكومەت تەئكید دەكاتەوە لەو ماوەیە بتوانێت هەندێك كێشە چارەسەر بكات... حكومەتی هەرێم كە دەستبەكاربوو 3 مووچەی كابینەی پێشووی بۆ ماوەتەوەو ئەوەی دەوترێت لە 2020 مووچەی دابەش نەكردووە ڕاست نییەو سێ مووچە دابەش كراوە لەمساڵدا".