مەسرور بارزانی: دەبێ خۆمان بگونجێنین لەگەڵ ئەو توانا داراییە سنووردارەی لە بەردەستماندایە

13-05-2020 06:27

پەرەگراف

مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت، دەبێت خۆیان لەگەڵ دۆخی ئێستا و ئەو توانا داراییە سنووردارەی لە بەردەستیاندایە بگونجێنن‌و دۆخی ئابووریی بە پێی گۆڕانكارییەكان رێكبخەنەوە.

ئەو وتانەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بووە كە دۆخی دارایی تاوتوێ كراوەو تەئكدی لە بەردەوامیی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كراوەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوە كردووە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت‌و كۆرۆناو لێكەوتەكانی، دوچاری دۆخێكی سەختی ئابووری بوونەتەوە.

مەسرور بارزانی جەختی لەوە كردووەتەوە، حكومەت هەموو هەوڵی خۆی دەدات و هەرچی لە توانایدا بێت دەیكات لە پێناو دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، "بەڵام حوكمڕانیكردن تەنیا مووچە دابەشكردن نییە، بەڵكو پێویستە هەوڵ بدەین خزمەتگوزاری گشتی و پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی ئابووریش ئەنجام بدرێت ئەمەش پێویستی بە رێكخستنەوەی دۆخی ئابووریمان هەیە".

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامی كۆبوونەوەكانی شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵی خستەڕوو، تەئكیدی لەوە كردووەتەوە كە گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی نوێی عێراق بەردەوامە تایبەت بە چارەسەركردنی پرسی نەوت و مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم.

ئایا پێش جەژن سەرجەم وەزارەتەكان مووچە وەردەگرن؟ 

دوابەدوای كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەبارەی دابەشكردنی مووچە دواین زانیاریی خستەڕوو، ڕایگەیاند، سەرجەم ئەو داهاتانەی لەبەردەستیاندایە بۆ مووچە تەرخانی دەكەن‌و هەوڵدەدەن پێش جەژن مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش بكەن.

جوتیار عادل، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جارێكی دیكە باسی لەوە كرد، داهاتی هەرێمی كوردستان كەمی كردووەو حكومەت كورتهێنانی هەیە، وتی"ئەو دۆخەی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان جیاوازەو ئەو بڕە پارەیەی پێشتر هەبووە نەماوە، كورتهێنانێكی زۆرمان هەیە لە داهات، بۆ مانگەكانی داهاتوو دەبێت مووچەكان ڕێكبخەینەوە بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستی حكومەت هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا كە باسی مووچەی مانگی 4 دەكرێت، ئێمە وەكو حكومەت ئەوەی لەدەستمان دێ‌و ئەوەی داهاتە پشتیوان بەخوا بەر لە جەژن ئێمە بتوانین مووچەی هەموو وەزارەتەكان دابەش بكەین".

وتەبێژەكەی حكومەت ئاماژەی بەوەش كرد، گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەغداد بەردەوام دەبن لە پێناو مسۆگەركردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، بۆئەوەش شاندی هەرێم جارێكی دیكە سەردانی بەغداد دەكاتەوە، بەڵام هێشتا وادەی سەردان‌و كۆبوونەوە دیاریی نەكراوە.

"ئامادەین بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن‌و ئامادەین هەر شتێك بكەین لە پێناو دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان" جوتیار عادل وای وت.

وتەبێژەكەی حكومەت ئەوەشی خستە ڕوو، كێشەكانی هەرێم تەنها پەیوەست نییە بە دابەزینی نرخی نەوت، بەڵكو كەڵەكەبووی ساڵانی ڕابردوون‌و حكومەت ناتوانێت بە 9 مانگ چارەسەریان بكات، "حكومەت تەئكید دەكاتەوە لەو ماوەیە بتوانێت هەندێك كێشە چارەسەر بكات... حكومەتی هەرێم كە دەستبەكاربوو 3 مووچەی كابینەی پێشووی بۆ ماوەتەوەو ئەوەی دەوترێت لە 2020 مووچەی دابەش نەكردووە ڕاست نییەو سێ مووچە دابەش كراوە لەمساڵدا".