وەزیری ناوخۆی هەرێم: لەگەڵ تووندتركردنی ڕێكارەكانی قەدەغەی هاتووچۆداین

14-05-2020 04:54

پەرەگراف

وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، هێشتا مەترسییەكانی كۆرۆنا ماون‌و قەدەغەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاكان بەردەوام دەبێت، دەشڵێت، لەگەڵ تووندتركردنی ڕێكارەكانی قەدەغەی هاتووچۆداین، بەڵام لەبەر ژیانی خەڵك بڕیاری كردنەوەی چەند شوێنێك دراوە.

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، دوای كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئەوەی خستە ڕوو، توانیویانە هەرێم بگەیەننە كەناری ئارامی‌و ئێستا لە قۆناغێكی نوێدان لە ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش كرد، هێشتا ڤایرۆسەكە مایەی مەترسییەو كەس ناتوانێت سەركەوتن بەسەر كۆرۆنادا ڕابگەیەنێت، مەگەر تەنها بە دۆزینەوەی پێكوتە، بە پێچەوانەوە دەبێت خۆپارێزیی بەردەوام بێت.

"ئێمە لە حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوەین ڕێكارەكان بەردەوام بن‌و تووندتر بكرێن، بەڵام ڕەچاوی بارودۆخی ژیانی هاوڵاتیانمان كردووەو ناچاربووین هەندێك ئاسانكاریی بكەین" وەزیری ناوخۆ وای وت، تەئكیدی لەوەش كردەوە قەدەغەی هاتووچۆ لە نێوان پارێزگاكانی هەرێم‌و هەرێم‌و عێراق بەردەوام دەبێت‌و قەدەغەكە ڕۆژانی جەژنیش دەگرێتەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە دوای چەند ڕۆژێك لە تۆمار نەكردنی حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە، دوێنێ تۆماركردنی حاڵەتێكی نوێ لە سلێمانی ڕاگەیەندرا، وەزیری ناوخۆ ئەوەی بە نمونە هێنایەوە كە "هێشتا مەترسییەكە وەكخۆی بەردەوامە".

ڕێبەر ئەحمەد ئەوەشی خستە ڕوو، حكومەت زیانی ماددی هەڵبژاردن نەك زیاتر تەندروستیی‌و گیانیی‌و ڕێكارەكانی كۆرۆنا زیانی ماددی زۆریان بە حكومەت گەیاندووە، بەڵام بەردەوام دەبن لەسەر ئەو ڕێكارانە.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بە مەترسییەكانی كۆرۆناو تۆماركردنی حاڵەتەكانی تووشبوون لە عێراق‌و وڵاتانی دراوسێ كرد، وتی "ئێمە لەناو ئەو هەموو وڵاتانەی بەدەست كۆرۆناوە دەناڵێنن وەكو هەرێمێك بەپاكی ماوینەتەوەو پارێزراوبووین، لە بەرئەنجامی ماندوبوون‌و شەونخوونی هەموو دامودەزگاكانی حكومەت و هاوڵاتییان بووە".