
پەرەگراف
ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ڕایگەیاند: دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان شكستخواردوە بەمانای كەلیمە و كەڵكی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستانی نەماوە.
سەلاحەدین بەھادین لە كۆبونەوەیەكی حیزبەکەیدا، وتیشی "ئەمڕۆ بارودۆخی هەرێمی كوردستان و پێگەی هەرێم لە هەموو كاتێك خراپترە وپارتی و یەكێتیش بەبێ سوڵتە و تورەكەی پارە ناتوانن بژین و بمێننەوە، هەربۆیە ترسیان لە هەڵبژاردن و لەدەستدانی دەسەڵات هەیە و فشارەكان نەبێت حەزیان بە ئەنجامدانی نییە".
ئێستا هەرێمی كوردستان لە بۆشایی دەسەڵاتی چاودێری و یاساداناندایە؛ كە پەرلەمانی كوردستانە و بەهۆیەوە، حكومەت بووەتە كاربەڕێكەر.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، ١٨ی ئەم مانگە وەڵامی سەرۆکایەتی هەرێمی دایەوە دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت، ناتوانن پێش ١٨-٢-٢٠٢٤ هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببەن، پێشنیار دەکات ئەو ڕۆژە یان ڕۆژانی دواتر هەڵبژاردنەکە بکرێت.
وەڵامەکەی کۆمسیۆن کە وێنەیەکی دەست پەرەگراف کەوتووە، تێیدا هاتووە، کە ناتوانن لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش ئەنجام بدەن.
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان تەحەدای دەسەڵات دەکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پارتی و یەکێتیش وەک دوو لایەنی سەرەکی دەسەڵات هەریەکەیان خەتاکە دەخاتە ملی ئەوەی دیکە.
پاش كۆتاییهاتنی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی ڕابردوو، فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان و پێكهاتەكانتەمەنی پەرلەمانیان بۆ ماوەی ساڵێك درێژ كردەوە و یاسایەكیان بۆ دەركرد، لەو ماوەیەشدا لایەنەكان نەیانتوانی بگەنە ڕێككەوتن و دواجاریش پارتیلەگەڵ پێكهاتەكان لە بارودۆخێكی ئاڵۆزدا لەناو پەرلەمان كۆمیسیۆنی كارا كردەوە.
لە كۆتاییدا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە بڕیارێك یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان و بڕیار و یاسا دەركراوەكانی لەماوەی درێژكردنەوەی تەمەنیدا هەڵوەشاندەوە و بە نادەستووری ناوی برد، لەناویشیاندا بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی هەرێم.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٢ بەڕێوە بچێت، سەرەڕای دوو جار دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، بەهۆی ناكۆكیی نێوان لایەنەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن نەكرا.
سەرۆكی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕۆژی ١ی تشرینی یەكەمی ئەو ساڵە و لە ساڵی ٢٠٢٣یشدا ڕۆژی ١٨ی تشرینی دووەمی ئەمساڵیبۆئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریكرد.
لە ڕۆژی ٢-٧-٢٠٢٣ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ماڵئاوایی لە فەرمانبەرانی پەرلەمان كرد و دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانتاران خانەنشین دەكرێن، دەرگای هۆڵی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانیش بە داخراویی دەمێنێتەوە تا هەڵبژاردنی داهاتوو و دەستبەكاربوونی خولی نوێی پەرلەمان.