داواكاری گشتی: سەرۆك و ئەنجوومەنی سەندیكا و ڕێكخراو و یەكێتییە پیشەییە ماوەبەسەرچووەكان ‏سڕ بكرێن

24-07-2023 03:06

پەرەگراف

سەرۆكی داواكاری گشتیی هەرێم پێشنیاری سڕكردنی "سەرۆك و ئەنجوومەنی سەندیكا و ڕێكخراو و ‏یەكێتییە پیشەییەكان" دەكات و دەڵێت "زۆربەیان ماوەیان بەسەر چووە و پێگەكەیان بۆ مەرامی ‏كەسی بەكار دەهێنن".‏

كاوە فەتحی مەعسووم، سەرۆكی داواكاری گشتیی هەرێم، لە نووسراوێكدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتیی ‏دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كردووە، دەڵێت "لە ئەنجامی بەدواداچوونمان بۆ كار و ‏چالاكییەكانی سەندیكا و یەكێتییە پیشەییەكان، بۆمان دەركەوت كەوا زۆربەیان ساڵانێكی زۆرە ‏كۆنگرەیان ئەنجام نەداوە و ئەنجوومەن و سەرۆكەكانیان بەدەر لە یاسا بەردەوامن لە كارەكانیان".‏

سەرۆكی داواكاری گشتیی هەرێم بەردەوامیی ئەو سەرۆك و ئەنجوومەنانە بە "سەرپێچییەكی زەقی ‏یاسا و پەیڕەو و پرۆگرامی سەندیكا و یەكێتییەكان" ناو دەبات و دەشڵێت "بڕیارەكانیان پووچەڵە، ‏لەبەر ئەوەی بەپێی یاسا، ئەمانە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو هەڵبژێردراون، دوای ئەو ماوەیە هیچ ‏شەرعییەتێكی یاساییان نامێنێت".‏

سەرۆكی داواكاری گشتی ئەو سەرۆك و ئەنجوومەنە ماوە بەسەرچووانە تۆمەتبار دەكات بەوەی كە ‏‏"پێگەی خۆیان بۆ مەرامی كەسی و سوودوەرگرتنی كەسی بەكار دەهێنن، لەبەر ئەوەی ناكەونە ژێر ‏باری هیچ چاودێرییەك".‏

‏"پێشنیار دەكەین بە سڕكردنی سەرۆك و ئەنجوومەنی ئەو سەدیكا و ڕێكخراو و یەكێتییانەی كە ‏ماوەی یاساییان بەسەر چووە و كۆنگرەیان ئەنجام نەداوە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك و ئەنجوومەنێكی ‏نوێ‌"، سەرۆكی داواكاری گشتیی هەرێم وا دەڵێت.‏