مەسروور بارزانی: دەزگا پەیوەندیدارەكان ئەو دەستانە ئاشكرا بكەن كە لە پشت شەهیدكردنی عەمید محەمەد میرزاوەن

پەرەگراف
مەسروور بارزانی لە پرسەنامەیەكدا كە ئاراستەی بنەماڵەی (محەمەد میرزا یونس)ی كردووە، ڕووداوی سووتاندنی ئۆتۆمبێلەكەی و گیانلەدەستدانی بە "تەقینەوە" ناو دەبات و دەڵێت "دامودەزگا پەیوەندیدارەكانم ڕاسپاردووە لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەم ڕووداوە بكەن و ئەو دەستانە ئاشكرا بكەن كە لە پشت ئەم تاوانەوەن".
شەوی ڕابردوو لە شەقامێكی زاخۆدا ئۆتۆمبێلی محەمەد میرزا یونسی 56 ساڵ و بەرپرسی پێشووی دەزگای پاراستنی پارتی لە زاخۆ، سووتا و خۆیشی گیانی لەدەست دا. تا ئێستا دەزگا ئەمنییەكان هیچ ڕوونكردنەوەیەكیان لەبارەی ڕووداوەكەوە نەداوە.
ئەمڕۆ مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە پرسەنامەیەكدا كە ئاراستەی بنەماڵەكەی كرد، دەڵێت "ئۆتۆمبێلی عەمیدی خانەنشین محەمەد میرزا یونس سۆفی، لە كردەوەیەكی گووماناویدا تەقییەوە، بەمەش ئەم ئەفسەرە ماندوونەناسەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان شەهید بوو".
دەقی پرسەنامەی مەسروور بارزانی بۆ بنەماڵەی محەمەد میرزا یونس سۆفی:
شەوی ڕابردوو و لە كردەوەیەكی گووماناویدا، ئۆتۆمبێلی عەمیدی خانەنشین "محەمەد میرزا یونس سۆفی" لە ناو شاری زاخۆ تەقییەوە و بەمەش ئەم ئەفسەرە ماندوونەناسەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان شەهید بوو.
بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی ماڵبات و كەسوكار و هەڤاڵانی شەهید دەكەم و لە خوای گەورە خوازیارم جێگەی بەهەشتی بەرین بێت و سەبووریش بە كەسوكاری ببەخشێت.
لەم بارەوەش دامودەزگا پەیوەندیدارەكانم ڕاسپاردووە لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەم ڕووداوە بكەن و ئەو دەستانە ئاشكرا بكەن كە لە پشت ئەم تاوانەوەن.
مەسروور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
٢٤/٧/٢٠٢٣