نەوەی نوێ داوا لە لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی دەکات لە کەرکوک لیستێکی هاوبەش دروست بکەن

24-07-2023 07:32

پەرەگراف

جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەفەرمیی داوا لەلایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی دەکات، پێکەوە لیستێکی هاوبەش دروست بکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک و ناوچەکانی ماددەی ١٤٠.

نەوەی نوێ لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "لەنامەیەکی فەرمیدا کە بۆ سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکان نێردراوە (جگە لە پارتی و یەکێتی)، جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوا دەکات کە حزب و لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی پێکەوە لیستێکی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک و ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ دروست بکەن بەبێ پارتی و یەکێتی".

"لە نامەکەدا نەوەی نوێ داوای لەلایەنەکان کردووە کە لەماوەی چەند رۆژێکدا وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی بدەنەوە" جوڵانەوەکە وادەڵێت.

ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بڕیارە لە ١٨ی كانوونی یەكەمیئەمساڵ بەڕێوە بچێت، پارتی و یەکێتی بەجیا دەستیانکردووە بە سەردانی حیزبەکان بە مەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک و بەشداریکردن بە یەکلیست لە ناوچەکانی جێناکۆک بەتایبەت کەرکوک، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجام.

نەوەی نوێ لە کەرکوک

كەركوك بۆ حزبە كوردییەكان گرنگییەكی تایبەتی هەیەو ململانێكە لەوشارە جیاوازە، كورد بەرامبەر كاندیدی پێكهاتەكانی دیكە لە كێبڕكێدایە، بەشێك لە موفاجەئەكەی نەوەی نوێ لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ لە كەركوك بوو.

لەو ھەڵبژاردنەدا نەوەی نوێ هاوشانی پارتی‌و یەكێتی چووە ناو هاوكێشەكانی ئەو پارێزگایە، بۆ یەكەمجار لەناو حزبە كوردییەكاندا كاندیدێك لە دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی كورسییەكی پەرلەمانی عێراقی لە كەركوك بردەوە ئەویش كاندیدی نەوەی نوێ بوو.

جوڵانەوەكە لە دوو بازنەی كەركوك كاندیدی هەبوو، لە بازنەیەك كاندیدەكەی سەركەوت‌و ژمارەیەكی بەرچاو دەنگی بەدەستهێنا.

بازنەی یەكی كەركوك زۆربەی ناوچە كوردنشینەكانی گرتەوە، ئومێد محەمەد كاندیدی نەوەی نوێ لەو بازنەیە 23 هەزارو 90 دەنگی بەدەستهێناو دووەم زۆرترین دەنگی بازنەكەی بوو، بەوەش بۆ یەكەمجار كاندیدی حزبێك لە دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی لە كەركوك سەركەوت بۆ پەرلەمانی عێراق.

لە بازنەی دووی كەركوك كە بەشێكی ناوچە كوردنشینەكانی گرتەوە، نەوەی نوێ هاوشانی پارتی‌و یەكێتی كاندیدی هەبوو، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، ئامینە فازڵ كاندیدی نەوەی نوێ لەو بازنەیە 2 هەزارو 306 دەنگی بەدەستهێنا.

بەوپێیەش نەوەی نوێ لەو ھەڵبژاردنەدا لە کەرکوک زیاتر لە ٢٥ ھەزار دەنگی بەدەستھێناو لە دوای یەکێتی و پارتی سێیەم زۆرترین دەنگی کوردە لەو پارێزگایە.