ئۆتۆمبێلێك بە هۆكارێكی نادیار لە ناحیەی تەكیە سووتا و دوو كەس بریندار بوون

25-07-2023 04:48
وێنەى ئەو ئۆتۆمبێلەى کە لە ناحیەى تەکیە سووتا

پەرەگراف

لەسەر شەقامی سەرەكیی سلێمانی - چەمچەماڵ و لەناو ناحیەی تەكیە، ئۆتۆمبێلێكی جۆری نیسان ڕۆگ سووتا، شۆفێرەكەی و كاسبكارێكی ناوچەكە بریندار بوون كە باری تەندروستییان "تا ڕادەیەك جێگیرە".

پەرەگراف لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار و نزیك لە ڕووداوەكە زانیاریی كۆكردەوە. بەپێی زانیارییەكان ئۆتۆمبێلەكە لەگەڵ ئاگرگرتنیدا چەند جارێك تەقینەوە تێیدا ڕووی داوە و پارچەی ئۆتۆمبێلەكە بە نزیكەی 100 مەتر بە دەوروبەری خۆیدا بڵاو بووەتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادر بە پەرەگرافی وت "شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە باری تەندروستیی تا ڕادەیەك جگێرە، بەڵام هێشتا ناسنامەی دیار نییە، برینداری دووەمیش كەسێكی كاسبكاری ناوچەكەیە و ئەویش باری تەندروستیی جێگیرە".

ڕووداوەكە لە نزیك چێشتخانەی هەریاد لە ناحیەی تەكیە ڕووی داوە، بەشێكی كەمی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەكە نەبێت، هەموو شوێنەكانی دیكەی بە تەواوی سووتاون.

یەكێك لە سەرچاوەكانی پەرەگراف وتی "هەرچەندە دەنگۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەكە یان كردنە ئامانجی بە مووشەك بڵاو كراوەتەوە، بەڵام پشتڕاست نەكراوەتەوە و دەزگا ئەمنییەكان لە لێكۆڵینەوە بەردەوامن".

شایەتحاڵێکى ڕووداوەكەیش ڕەتی كردەوە كە تەقینەوە بووبێت و وتی "سەرەتا ئۆتۆمبێلەکە ئاگری گرتووە و پاش تەشەنەسەندنی، تەقینەوە لە ئۆتۆمبێلەكەدا ڕووی داوە و بە تەواوی سووتاوە".