مانگرتن دژی دواكەوتنی مووچە دەستی پێ‌ كرد

26-07-2023 03:38

پەرەگراف

لە بەرانبەر دواكەوتنی مووچە و دیارنەبوونی وادەیەك بۆ دابەشكردنی، ناڕەزایەتی لە دامودەزگاكانی هەرێم سەری هەڵدا، بەڕێوەبەرایەتیی بانكی خانوورەی گەرمیان وەكوو یەكەم شوێن مانگرتنی ڕاگەیاند.

نزیكەی 40 ڕۆژ بەسەر دەستپێكردنی دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنجدا تێدەپەڕێت و تا ئێستا چارەنووسی مووچەی مانگی شەش لە هەرێمی كوردستان دیار نییە، ئەمە لە كاتێكدایە كە لە كۆتایی مانگی حەوت نزیك دەبینەوە و لە عێراقیش مووچەی مانگی حەوت دابەش كراوە.

فەرمانبەرانی بانكی خانووبەرەی گەرمیان ڕایانگەیاندووە كە چیتر مامەڵەی هاووڵاتیان بەڕێ‌ ناكەن هەتا وادەیەك بۆ پێدانی مووچەكانیان دیاری دەكرێت.

یەكێك لە فەرمانبەرانی بانكەكە دەڵێت "نزیكەی دوو مانگە مووچەمان وەرنەگرتوو، تاوانی ماڵ و منداڵمان چییە؟".

ئەو فەرمانبەرە پێیشی وایە "داهاتی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان هەیە و حكومەت بەبێ‌ هۆ مووچە دابەش ناكات، كەمتەرخەمە لە ئاست بارودۆخی مووچەخۆران".

فەرمانبەرێكی دیكەی بانكی خانووبەرەی گەرمیان دەڵێت "فەرمانبەر هەیە كرێی هاتووچۆی پێ‌ نییە و قەرز دەكات، فەرمانبەر هەیە ناتوانێت كرێی خانووەكەی بدات و خەرجییەكانی دیكەی ژیانی ڕۆژانەی دابین بكات".

پاش ئەوەی ڕۆژی 15-6-2023 حكومەتی عێراق بڕی 400 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان نارد، وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی ڕاگەیاند و لە ڕۆژی یەكشەممە 18-6-2023 بە وەزارەتی تەندروستی دەستی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئایار كرد.

لە ئێستادا حكومەتی هەرێم چاوەڕێی حكومەتی عێراقە كە بەپێی یاسای بودجە، بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام هێشتا كێشە لە نێوان هەولێر و بەغداددا ماوە.

دوێنێ‌ وتەبێژی حكومەتی ھەرێم ڕایگەیاند، ئێستا كە داهاتی نەوت بە ڕێككەوتنێك لەگەڵ حكوومەتی عێراقی لە دەست هەرێمی كوردستاندا نەماوە، حكومەتی عێراق بە بەرپرس دەزانن لە دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بە پێی یاسای بودجە.

پێشەوا ھەورامانی لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی "لەم پرسەدا ئێمە هەموو ئەركێكی سەرشانی خۆمان جێبەجێ كردووە و پابەندییەكی تەواوی یاساییمان بەجێ گەیاندووە، تا ئەمڕۆش سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیدا بووە بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق هەرچی زووە مووچەی مووچەخۆران بنێرێت و لەمە زیاتر ئەم پرسە دوا نەكەوێت".

ڕۆژی 23ی ئەم مانگەیش وەزیری دارایی هەرێم جەختی كردەوە كە، هیچ بیانوویەك نەماوە تا بەغداد بەشەبودجەی هەرێم ڕەوانە نەكات و سەرجەم داواكارییەكانیان بە شەفافی جێبەجێ كردووە.

ئاوات شێخ جەناب لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "داهاتی ناوخۆ بەشی مووچە ناكات، هەرچەندە بەپێی یاسای پێویستە لەسەدا ٥٠ی داهاتی ناوخۆ بنێردرێت بۆ بەغداد بەڵام ئیستا ئەوان داوای لەسەدا سەدی داهاتی ناوخۆ دەكەن".

ئەوە لەكاتێكدایە بڕیاربوو ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوو 23-7-2023 شاندی هەرێم جارێكی دیكە سەردانی بەغداد بكاتەوە بۆ گفتوگۆ لەبارەی بەشە بوودجەی هەرێم، بەڵام سەردانەكە بۆ ڕۆژی دواتر دواخرا و 24ی مانگیش سەردانەكە هەر ئەنجام نەدرا.

هەفتەی ڕابردوو شاندی هەرێم چوار ڕۆژ لە كۆبوونەوەی بەردەوامدابوو لە بەغداد، پاشان شاندەكە گەڕایەوە هەرێم و ڕایگەیاند، دوو خاڵی ناكۆكی ماون و بڕیاربوو لە سەردانی ئەمڕۆدا یەكلا بكرێنەو بەڵام سەردانەكە دواخرا.

بەپێی زانیارییەكان، بەغداد داوای كردووە سەرجەم داهاتی ناوخۆی هەرێم بگەڕێتەوە بەغداد و لەوێوە لەسەدا 50ی بەپێی یاسای بودجە بۆ هەرێم خەرج بكرێتەوە، بەڵام حكومەتی هەرێم بەوە ڕازی نەبووە.