شاندی ھەرێم گەیشتنە ڕێککەوتنی لەگەڵ بەغداد ڕاگەیاند

27-07-2023 11:20

پەرەگراف

شاندی ھەرێم ڕایگەیاند: لەگەڵ بەغداد لەسەر جێبەجێکردنی بڕگەکانی ھەرێم لە بودجەدا گەیشتینە رێککەوتن و بڕیار وایه‌ ده‌ست به‌جێ پارەبنێرن.

"رۆژی چوارشه‌ممه‌ ڕێکەوتی 26/7/2023 شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتنه‌ شاری به‌غدا و له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی ئیتیحادی كۆبوونه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای بوودجه،‌ به‌ مه‌به‌ستی ناردنی شایسته‌ داراییه‌‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له‌ده‌رئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ هەردوولا گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان لەیاسای بودجەدا" شاندەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند.

دەشڵێت "له‌و چوارچێوه‌یه‌ش كۆنووسێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردوو شانده‌كه‌ واژۆ كرا و بڕیار وایه‌ كه ده‌ست به‌جێ تمویلی هه‌رێمی كوردستان بكرێت".

ئەوە لەکاتێکدایە ناڕەزایی لە دامودەزگاكانی هەرێمی کوردستان سەری هەڵداوە لە بەرانبەر دواكەوتنی مووچە و دیارنەبوونی وادەیەك بۆ دابەشكردنی، نەبوونی مووچە حکومەتی هەرێمی خستووەتەژێر فشارێکی تووندەوە.

نزیكەی 40 ڕۆژ بەسەر دەستپێكردنی دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنجدا تێدەپەڕێت و تا ئێستا چارەنووسی مووچەی مانگی شەش لەهەرێمی كوردستان دیار نییە، ئەمە لە كاتێكدایە كە لە كۆتایی مانگی حەوت نزیك دەبینەوە و لە عێراقیش مووچەی مانگی حەوت دابەش كراوە.

پاش ئەوەی ڕۆژی 15-6-2023 حكومەتی عێراق بڕی 400 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان نارد، وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی پێنجی ڕاگەیاندو لە دوای دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگە هێشتا لیستی مووچەی مانگی شەش دیارنییە کەی ڕادەگەیەندرێت ودەبێتە هەواڵی بەپەلەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن.

لە ئێستادا حكومەتی هەرێم چاوەڕێی حكومەتی عێراقە كە بەپێی یاسای بودجە، بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بنێرێت، حكومەتی ھەرێم خۆی بە بەرپرسار نازانێت لە دابینکردنی پارە بۆ مووچەو دەڵێت، داهاتی نەوتی لە دەستدا نەماوەو حكومەتی عێراق بە بەرپرس دەزانێت لەدابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.