هەرێم و بەغداد لەسەر پێنج خاڵ ڕێككەوتن؛ بەغداد پابەند دەبێت بە ناردنی بەشەبودجەی هەرێم

پەرەگراف
بەپێی ڕێككەوتنێكی پێنج خاڵی كە لە نێوان شاندنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق واژوو كراوە، حكومەتی هەرێم پابەند كراوە بە خەرجكردنی پارەی كۆمپانیاكانی نەوت بەپێی پێوەرەكانی عێراق و گەڕاندنەوەی سەرجەم داهاتی نانەوتی بۆ بەغداد، لە بەرانبەردا حكومەتی عێراق مانگانە بەشەبودجەی هەرێم دەنێرێت.
ئومێد سەباح، سەرۆكی شاندی حكومەتی هەرێم، دەڵێت "بەپێى ئەو کۆنووسەى کە واژوومان کردووە، دەبێت دەستبەجێ لە سبەینێوە بەشەبودجەى هەرێم بنێردرێت و مووچەخۆران دڵنیا دەکەین مافەکانیان دەگات بە دەستیان".
ئێوارەی دوێنێ شاندی حكومەتی هەرێم گەڕایەوە بەغداد و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ حكومەتی عێراق دەست پێ كردەوە. شەوی ڕابردوویش گیشتنە ڕێككەوتنێك.
لە خاڵی یەكەمی ڕێككەوتنەكەدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە خەرجكردنی پارەی ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی كە لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان كار دەكەن، ئەویش لەسەر بنەمای ئەو نرخەی كە حكومەتی عێراق بە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوتی دەدات.
هەروەها هەرێمی كوردستان داهاتە نانەوتییەكانی دەخاتە ناو هەژمارێكی وەزارەتی دارایی عێراق، دواتر وەزارەتی دارایی 50%ی تەنیا داهاتی دەروازە سنورییەكان بۆ هەرێم دەگەڕێنێتەوە.
پرسی داهاتە نانەوتییەكان لە نێوان هەرێم بەغداد ناكۆكیی لەسەرە، حكومەتی هەرێم دەیەوێت تەنیا لەسەدا 50ی داهاتە فیدراڵییەكان ڕادەست بكات، بەڵام حكومەتی عێراق جەختی لە ڕادەستكردنی سەرجەم داهاتە نانەوتییەكان كردووەتەوە. بڕیارە ئەو بابەتە گفتوگۆی زیاتر لەسەر بكرێت.
لەسەر پرسی داهاتە نانەوتییەكان، لیژنەیەكی هاوبەش پێك دەهێنرێت بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەسەر جۆر و بڕى ئەو داهاتە، دواتر بڕیاری كۆتایی لەسەر دابەشكردنی لە نێوان هەرێم و بەغداد دەدرێت.
بەپێی دوایین خاڵی ڕێككەوتنەكە، پاش ئەوەی حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە ناوەرۆكی خاڵەكانی پێشووی ڕێككەوتنەكە، وەزارەتی دارایی عێراقیش بەپێی یاسای بودجە پابەند دەبێت بە خەرجكردنی بەشەبودجەی هەرێم بە شێوەیەكی مانگانە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، شاندی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "ڕۆژی چوارشەممە 26/7/2023 شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتنە شاری بەغداد و لەگەڵ شاندی حكومەتی ئیتیحادی سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسای بوودجە كۆبوونەوە، بە مەبەستی ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. لە دەرئەنجامی كۆبوونەوەكە، هەردوولا گەیشتنە ڕێكەوتن لەسەر جێبەجێكردنی بڕگەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا".
شاندەكە دەشڵێت "لەو چوارچێوەیەدا كۆنووسێكی هاوبەش لە نێوان هەردوو شاندەكە واژوو كرا و بڕیار وایە كە دەستبەجێ تەمویلی هەرێمی كوردستان بكرێت".
ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و سەرۆكی شاندەكەی حكومەتی هەرێم، بە كوردستان24ی ڕاگەیاند "بەم ڕێككەوتنە، هیچ ئیلتیزامێك لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان نەماوە و هەموویمان جێبەجێ كردووە".
ئومێد سەباح وتیشی "بڕیار دراوە كۆی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت، بەڵام جەختمان لەوە كردووەتەوە ئەولەویەتمان مووچەیە. لە هەفتەی داهاتوویش دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت".