
پەرەگراف
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باس لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر دینار دەكات و ڕایدەگەیەنێت "ئەم بارودۆخە كاتییە"، بەڵام دەبێت هاوكات حكومەت ڕۆڵی چاودێریی خۆی بگێڕێت. جەختیش دەكاتەوە كە بانكی ناوەندیی عێراق توانای پێویستی هەیە بۆ دابینكردنی دۆلار و دابەزاندنی بەهای دۆلار بۆ "نزیك لە ئاستی فەرمی".
د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بۆ پەرەگراف وتی "ئەم بارودۆخە ناجێگیرەی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار كە هاتووەتە ئاراوە، پەیوەندیدارە بە پەیوەندیی نێوان خواست و خستنەڕوو لەسەر دۆلاری ئەمریكی".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی زیاتر ڕوونی كردەوە و وتی "ئەو بەرزبوونەوەی چەند ڕۆژی ڕابردووی بەهای دۆلار بە ئەمڕۆیشەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی خواستە لەسەر دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا. ئەمەش لە دوای بڕیاری سزادانی 14 بانك لەلایەن ئەمریكاوە هات كە ڕێگەیان پێ نادرێت بەشداری بكەن لە سەكۆی ئەلیكترۆنیی بانكی ناوەندی بۆ كڕینی دۆلار".
"ئەمە لای بەشێك لە مامەڵەكارانی بازاڕی دۆلار بەو شێوەیە خوێندنەوەی بۆ كراوە كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دۆلار، لەبەر ئەوە بە شێوەیەك لە شێوەكان بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر دۆلار و بەهاكەی"، د. نەرمین مەعرووف بۆ پەرەگراف وای وت.
وەكوو ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی كرد، هۆكارێكی دیكەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار ئەوەیە كە "بەشێك لە بارزگان و مامەڵەكارانی عێراق ناتوانن بەو ڕێكارانەی بانكی ناوەندی دۆلار بكڕن، لەبەر ئەوەی مامەڵەكانیان ئەو مەرجانەی تێدا نییە، یان هەندێك لە مامەڵەكاران دۆلاریان بۆ پێداویستیی ناوخۆ پێویستە، بەشێكیش لە هاووڵاتیان لە ترسی ئەوەی نەبا بەهای دینار زیاتر دابەزێت، پاشەکەوتەکانیان دەکەن بە دۆلار. ئەمانە كۆمەڵێك هۆكاری دیكەن وایان كردووە بەهای دۆلار لە بازاڕی ڕەش بەرز ببێتەوە".
چەند ڕۆژێکە بەهای دۆلار لە بەرزبوونەوەدایە، بەهای ١٠٠ دۆلار تا سەروو ١٥٨ هەزار دینار بەرز بووەوە، کە پێشتر لە نێوان ١٤٧ بۆ ١٤٨ هەزار دیناردا بوو، بەڵام ئەمڕۆ بۆ ١٥٤ هەزار دینار دابەزییەوە.
سەبارەت بە كاریگەرییەكانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی كە هاوكات پسپۆڕی بواری ئابوورییە، باس لەوە دەكات كە "زیاتر كاریگەریی لەسەر ڕێژەی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی شمەك و كەلوپەل دەبێت، چونكە بەشی هەرەزۆریان هاوردەیە".
ساڵی ڕابردوویش بەهای دۆلار ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد، بە جۆرێک بەهای ١٠٠ دۆلا گەیشتە ١٧٥ هەزار دینار، دواتر بانکی ناوەندی چەندین ڕێکاری بۆ دابەزاندنی گرتە بەر و بەهای فەرمیی ١٠٠ دۆلاریشی لە ١٤٥ هەزارەوە بۆ ١٣٢ هەزار دابەزاند.
بۆ چارەسەری ئەو بارودۆخەی كە ئێستا هاتووەتە پێش، د. نەرمین مەعرووف ئاماژە بەوە دەكات "بانكی ناوەندی جەخت دەكاتەوە كە بەردەوامە لە فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ هەموو ئەو مامەڵەكار و بازرگان و هاووڵاتیانەی كە دەیانەوێت گەشتی دەرەوە بكەن، یان شمەك و كەلوپەل بكڕن، بەو مەرجانەی كە لەلایەن بانكی فیدراڵیی ئەمریكی و بانكی ناوەندیی عێراقەوە ڕێكارەكانیان دیاری كراوە".
"بانكی ناوەندی جەخت دەكاتەوە كە توانای پێویست و یەدەگی دراوی قورسی هەیە، ڕۆژانە داهاتی نەوت بڕەپارەیەكی باشە، كە هەموو ئەمانە دەتوانێت پاڵپشتییەك بێت بۆ دیناری عێراقی"، د. نەرمین مەعرووف بۆ پەرەگراف وای وت.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پێی وایە "ئەم بارودۆخە كاتییە و بەردەوام نابێت". جەختیش دەكاتەوە كە "ئەو ڕێكارانەی بانكی ناوەندی گرتوویەتیە بەر، بەردەوام دەبێت و ڕێكاری دیكەش دەگرنە بەر بۆ زیادكردنی فرۆشی دۆلار بە نەختینە، هەروەها ڕێكارەكانی فرۆشتنی دۆلار بە بارزگانەكان ئاسانتر دەكرێت".
بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو دۆخەی ئێستا هاتووەتە ئاراوە، د. نەرمین مەعرووف ڕۆڵی چاودێریكردنی حكومەت بەسەر بازاڕەكانەوە بە "گرنگ" دەزانێت، تا لە پاڵ ئەم بارودۆخەدا "ئیسغلالی هاووڵاتیان نەكرێت و ڕێگری لە قۆرغكاری بكرێت".
بەشێك لە ڕێگەچارەكانی دیكە كە د. نەرمین مەعرووف ئاماژەی پێ كردن، "توندكردنی ڕێكارەكانی ڕێگری لە بردنە دەرەوەی دۆلار بۆ وڵاتانی تر و بەردەوامیدانە بەوەی لە ناوخۆدا هەموو مامەڵەكانی كڕین و فرۆشتن بە دیناری عێراقی بێت، بۆ ئەوەی كۆتایی بە دیاردەی بەدۆلاربوونی ئابووری بهێنرێت".