كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدەن

28-07-2023 06:17

پەرەگراف

كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان، هۆشداری لەبارەی مەترسییەكانی ‏بەردەوامیی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت دەدەن و دەڵێن "هەزاران كەس بێكار بوون و هەڕەشە لە هەزاران ‏كەسی دیكە دەكات".‏

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوت لە هەرێمی كوردستان‎ (APIKUR) ‎كە لە كۆمپانیاكانی دی ئێن ئۆ، گەنەل ‏ئینێرجی، گۆڵف كیستۆن و ئێچ كەی ئێنی بواری نەوت پێك دێت، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت ‏‏"بەردەوامیی ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، كاریگەریی بەرچاوی لەسەر ‏وەبەرهێنانی بیانی لە كوردستان دەبێت".‏

ئەو كۆمپانیا بیانییانەی بواری نەوت، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بە "هەڕەشە لەسەر هەزاران ‏كەس" ناو دەبەن و ئاشكرای دەكەن كە كۆمەڵەكەیان "لە ساڵی 2023دا بە بڕی 400 ملیۆن دۆلار ‏خەرجییەكانی لە هەرێمی كوردستان كەم كردووەتەوە".‏

‎‏"لە كاتێكدا كە نازانرێت چ كاتێك هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكاتەوە و چ ‏كاتێك خەرجییەكانی هەناردەی نەوت خەرج دەكرێت، كۆمپانیا ئەندامەكان ناچار بوون كە ‏خەرجییەكانیان كەم بكەنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی هەزاران كەس بێكار ببن"، كۆمەڵەكە وا ‏دەڵێت.‏

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەكەیاندا هۆشدارییان داوە ئەگەر بێتو ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی ‏كوردستان بەم شێوەیە بەردەوام بێت، وەبەرهێنانی بیانی "كەمتر" دەبێتەوە و لە بەرامبەردا ‏‏"مەترسی لەسەر چەندین كەسی دیكە دروست دەكات".‏‎ ‎هەر بۆ یە داوای لە هەموو لایەنەكان كردووە ‏كە بەردەوام بن لە هەوڵەكانیان بۆ چارەسەری خێرای كێشەكان.‏