
پەرەگراف
فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ئێوارەی ئەمڕۆ لە سنوری گوندی (رەنگێنە)ی شارباژێڕ لە سلێمانی، ئۆتۆمبیلێكی كردە ئامانج.
لە نوێترین زانیارییدا تەندروستیی قەزای چوارتا ڕایگەیاند"چوار سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە کە ژنن گیانیان لەدەستداوەو ھیچ بریندارێک نەبراوەتە نەخۆشخانە".
پێشتر شاهۆ عوسمان قائیمقامی شارباژێر رایگەیاند، بەهۆی هێرشەكەوە ئۆتۆمبیلەكە بەركەوتووەو ئاگریش لە سنورەكە كەوتوەتەوەو تیمەکان چوونەتە شوێنەکە.
ھاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنیی بە پەرەگرافی وت "چەند کەسێک کە سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بوون کوژراون" ھێشتا زانیاریی لەبارەی ناسنامەو ژمارەی ئەو کەسانە بەردەست نییە.
پێدەچێت بۆردومانەکە لەلایەن تورکیاوە بوونێت و ئەو ئۆتۆمبێلەی کراوەتە ئامانج سەربە پارتی کرکارانی کوردستان (پەکەکە) بێت، بەو پێیەی پێشتریش ڕوداوی ھاوشێوە ڕویداوەو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلی پەکەکەی لەو سنورە کردووەتە ئامانج.
هاوکات دژەتیرۆری کوردستان(پارتی) ڕایگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 28ی تەممووزی 2023، کاتژمێر 20:00، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لە نزیک گوندی ڕەنگینە لە دەڤەری شارباژێر لە پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج و بەهۆیەوە 4 چەکدار کوژران و چەکدارێکی دیکەش بریندار بوو".