
پەرەگراف
بوونی چەك لە دەستی خەڵكدا و بەكارهێنانی لە كێشەی كۆمەڵایەتی و تەنانەت دەمەبۆڵەیەكیشدا، كارەسات لە هەرێمی كوردستان بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هاوكات بەكارهێنانی بە هەڵە لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە، كێشەیەكی دیكەی مەترسیدارە. بەپێی ئامارێك كە پەرەگراف كۆی كردووەتەوە و پشتڕاستی كردووەتەوە، تەنیا لە ماوەی هەفتەیەكدا بەلای كەمەوە 10 كەس كوژراون و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون، تەنیا لە ماوەی 12 كاتژمێری ڕابردوو، لە شەوی ڕابردوو تا بەیانیی ئەمڕۆ، چوار كەس لە كەركووك، هەڵەبجە و سۆران كوژراون.
هەڵکشانی ئامارەکانی کوشتن بە چەک، لەکاتێکدایە کە تەنیا هەفتەیەکە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کۆتایی بە هەڵمەتێکی یەکساڵیی تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت هێناوە، بەڵام تاوانەکان بەشێکیان بە چەکی مۆڵەتدار ئەنجام دەدرێن.
بەیانیی ئەمڕۆ پیاوێك لە قەزای سۆران هەردوو هاوسەرەكەی خۆی بە چەكی تاپڕ كوشت. ئەو پیاوە كە پێشمەرگە بووە، پاش كوشتنی ژنەكانی، خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەكان كردووە.
كەسوكاری ئەو پیاوە بۆ میدیاكان باسیان لەوە كرد كە بە تایبەت ماوەی ساڵێكە براكەیان كێشەی خێزانیی هەبووە و یەكێك لە براكانی دەڵێت "ماوەی ساڵێكە یەكێك لە هاوسەرەكانی زیندانی كردووە، چەند جارێكیش بە تاپڕ تەقەی لە ئێمە كردووە".
هەر برای ئەو پیاوە جگە لەوەی كە پۆلیسی لە كێشەی براكەیدا بە "كەمتەرخەم" ناو برد، وتیشی "زێرەڤانی زووڵمی لە براكەمان كرد كە ٢٥ ساڵ خزمەتی پێشمەرگایەتیی هەیە، دوو ساڵە مووچەكەی بڕدراوە، ئیتر كەوتە ماڵەوە و تێكچوو، حەوت منداڵی هەبوو نان نەبوو بیخۆن، زۆر هەوڵمان دا كە هیچ نەبێت ٣٠٠ هەزار بۆ منداڵەكانی خەرج بكەن، نەكرا".
بەر لەم ڕووداوە، شەوی ڕابردوو ڕووداوێكی دیكەی كوشتن لە كەركووك ڕووی دا، ئەم جارە گەنجێك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژرا.
شەوی ڕابردوو لە ناوچەی 55ی گەڕەكی دۆمیزی شاری كەركووك، دوو گەنج كە بە قسەی كەسوكاریان لە كار گەڕاونەتەوە، تووشی بازگەیەكی ئاسایشی نیشتمانی دەبن، بۆ ئەوەی ماتۆڕەكانیان لێ نەسەندرێت، لە دەستی بازگەكە هەڵدێن، بەڵام هێزە ئەمنییەكە لە دواوە تەقەیان لێ دەكەن و بەهۆیەوە گەنجێک بە ناوی هادی شوكر تەمەن 18 ساڵ، گیان لەدەست دەدات و ئەوی دیكە بە سەرختی بریندار دەبێت.
ڕووداوەكەی كەركووك پاش ئەوە هات، بەیانیی دوێنێ ماتۆڕسكیلێك كە دوو كەسی لەسەر بوو، لە شەقامی ئەتڵەسەوە بەرەو نزیك نەخۆشخانەی گشتیی كەركووك دەڕۆیشت، پاش ئەوەی مەفرەزەیەكی پۆلیسی فریاكەوتن ڕای گرتن، یەكێك لە سەرنشینەكانی ماتۆڕسكیلەكە بە دەمانچە تەقەی لە كارمەندێكی هێزەكە كرد و برینداری كرد، پاشان هەڵات. دوای ئەو ڕووداوە هێزە ئەمنییەكان ڕێكاری ئەمنیی توندیان گرتە بەر.
هەر شەوی ڕابردوو ڕووداوێكی دیكەی تەقەكردن لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و ماتۆڕسكیلدا ڕووی دا، ئەم جارەیان لە شاری هەڵەبجە و بە پێچەوانەشەوە ماتۆڕسكیلەكان تەقەیان لە هێزە ئەمنییەكە كردووە.
شەوی ڕابردوو مەفرەزەیەكی ئاسایشی شارەزوور لە كاتی گەشت بەناو شاری هەڵەبجەدا، لە نزیك گوندی عەبابەیلێ تووشی ژمارەیەك ماتۆڕسوار دەبن، پاش ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكەن، دەمەقاڵێ و بەریەككەوتن دروست دەبێت و تەقەی تێ دەكەوێت. هەرچەندە هێشتا ئاسایشی شارەزوور هیچ ڕوونكردنەوەیەكی نەداوە و سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان كارمەندێكی ئاسایش بە ناوی سۆران جەلال عەلی تەمەن 32 ساڵ و دانیشتووی قەزای سەیدسادق، بە تەقەی یەكێك لە سەرنیشنی ماتۆڕسكیلەكان كوژراوە.
هەڵكشانی كوشتنی هاووڵاتیان بە چەك، تەنیا لە كێشە كۆمەڵایەتییەكاندا نەوەستاوە، بەڵكو هێزە ئەمنییەكانی گرتووەتەوە، لە یەكدوو ساڵی ڕابردوودا لە سلێمانی چەندین جار شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان ھێزە ئەمنییەكان خۆیاندا ڕووی داوە و كوژرا و برینداریشی لێ كەوتووەتەوە.
جگە لەم ڕووداوانەی كەمتر لە 24 كاتژمێری ڕابردوو، لە نێوان 24 تا 28ی ئەم مانگە شەش كەسی دیكە لە پێنج ڕووداوی جیاوازدا كوژراون و ژمارەیەكی دیكە بریندار بوون.
دوێنێ 28-7-2023، دوو كەس لەناو بازاڕی كەلار دەستڕێژی گوللـەیان لە پارێزەرێك كرد و بە سەختی بریندار بوو. هەمان ڕۆژ لە ناحیەی گردەسێنی سەر بە قەزای ئاكرێ لە ئەنجامی كێشەیەكی كۆنی كۆمەڵایەتیی نێوان دوو خێزان كە ئامۆزای یەكترن، شەڕ دروست بووە، لە ئەنجامدا كەسێك كوژراوە و كەسێكی دیكەش بە سەختی بریندار بووە.
شەوی 27ی مانگیش لە حاجی ئۆمەران، گەنجێكی تەمەن 21 ساڵ بە گوللـەی تاپڕ گیانی لەدەست دا. بەپێی زانیارییەكان ئەو گەنجە گوللـەی لەدەست دەرچووە. سەرلەبەیانیی هەمان ڕۆژیش لە نێوان ناحیەی حاجیاوا و سەركەپكان، دەستڕێژی گوللـە لە ئۆتۆمبێلێك كراوە و بەهۆیەوە كوڕێكی تەمەن 17 ساڵ گیانی لەدەست داوە.
پێشتر لە ڕۆژی 26-7-2023، لە گەڕەكی منارەی شاری هەولێر شەڕ لە نێوان ژمارەیەك كەسدا لەسەر مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی ماركێتێك ڕووی دا، بەهۆیەوە دوو كەس بە سەختی بریندار بوون و دواتر هەردووكیان گیانیان لەدەست دا.
هەر لە شەوی 24ی ئەم مانگە لەناو پاركێكی قەزای پێنجوێن كەسێكی تەمەن 17 ساڵ كوژرا. بە قسەی كەسوكارەكەی، ئەو گەنجە تەنیا ناوبژیی دوو كەسی دیكەی كردووە كە شەڕیان كردووە، بەڵام "بۆكسخەنجەر"ێك لەسەر دڵی دراوە، بەڵام پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی تۆمەتباری ڕووداوەكەی ڕاگەیاند و دەڵێت "دەست بەسەر چەقۆیەكدا گیراوە كە تاوانەكەی پێ ئەنجام دراوە".