بایکۆت بۆ مووچە سلێمانی گرتەوەو فەرمانبەران داوا لە بەغداد دەکەن ڕاستەوخۆ مووچەیان بەسەردا دابەش بکات

30-07-2023 01:01

پەرەگراف

ناڕەزاییەکان دژی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە بەردەوامەو فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کردو قوفڵیان لە دەرگای بەڕێوەبەرایەتییەکە دا.

کۆتا ڕۆژەکانی مانگی حەوتەو تائێستا چارەنووسی مووچەی مانگی شەش لە هەرێمی كوردستان دیار نییە، هەرچەندە حکومەتی هەرێم ڕێککەوتنی لەگەڵ بەغداد ڕاگەیاند، بەڵام وادەی ناردنی پارەو دابەشکردنی مووچە ڕانەگەیەندراوە.

هەر ئەمڕۆ دەستەی داکۆکی لە مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوایان لە حکومەتی عێراق کرد ڕاستەوخۆ مووچەیان بەسەردا دابەش بکات.

"نامانەوێت بە هیچ جۆرێک مووچەکانمان بچێتە بەردەستی نووسینگەی حەواڵەو دیلیڤەری هەرێم بەناوی وەزارەتی داراییەوە" دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا وادەڵێت.

هاوکات داوای چارەسەرکردنی پلە بەرزکردنەوەو دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ پاشەکەوتی مووچەو گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف دەکەن.

دەستەی داکۆکی لە مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازی، حکومەتی هەرێم بە "شکستخواردوو لە بەڕێوەبردندا" لە قەڵەم داو، هەڕەشەی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداد کرد، ئەگەر داواکانیان جێبەجێ نەکرێن.

٢٦ی ئەم مانگە بەڕێوەبەرایەتیی بانكی خانوورەی گەرمیان وەكوو یەكەم شوێن مانگرتنی ڕاگەیاند دژی دواکەوتنی مووچە.

یەكێك لە فەرمانبەرانی بانكەكە دەڵێت "نزیكەی دوو مانگە مووچەمان وەرنەگرتوو، تاوانی ماڵ و منداڵمان چییە؟".

ئەو فەرمانبەرە پێیشی وایە "داهاتی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان هەیە و حكومەت بەبێ‌ هۆ مووچە دابەش ناكات، كەمتەرخەمە لە ئاست بارودۆخی مووچەخۆران".

هاوکات فەرمانبەرێكی دیكەی بانكی خانووبەرەی گەرمیان وتی "فەرمانبەر هەیە كرێی هاتووچۆی پێ‌ نییە و قەرز دەكات، فەرمانبەر هەیە ناتوانێت كرێی خانووەكەی بدات و خەرجییەكانی دیكەی ژیانی ڕۆژانەی دابین بكات".