دەزگای ئاسایشی هەرێم دانپێدانانی دەستگیركراوانی نەوەی نوێی بڵاوكردەوە

10-05-2019 02:41

 پەرەگراف

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان دانپێدانانی پێنج دەستگیركراوی نەوەی نوێی بڵاوكردەوە. تۆمەتبارەكان دەڵێن: لەژێر فەرمانی شاسوار عەبدولواحیددا هەڕەشەیان لە شادی نەوزاد، پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ‌ كردووە.

لە گرتەی ڤیدیۆیی دانپێدانانەكەدا، ڕەوەند حیكمەت، سكرتێری شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌، دەڵێت "شەوی 21ی نیسان شاسوار عەبدولواحید لە ڕێگەی نامەیەكەوە داوای لە ڕەوەند نەجمەدین حەمەساڵح، بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی كۆمپانیای نالیا كرد، هەرچی بەڵگە هەیە لەسەر ئەندام پەرلەمانەكانی نەوەی نوێ‌ كۆی بكاتەوە بۆ ئەوەی لە دژیان بەكاری بهێنن".

دەشڵێت "ڕۆژی 18ی شوباتی 2019، شاسوار عەبدولواحید لە ئۆفیسە تایبەتەكەی خۆی، لە فلاش میممۆرییەكدا ڤیدیۆ و وێنەی نەشیاوی چەند كەسایەتییەكی پێدام تا هەڵیان بگرم، لەناو ئەو كەسانەدا پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ‌ مەم بورهان قانع و دیاری ئەنوەر و سیروان بابان هەبوون. ڤیدیۆكان بە كامێرای نهێنی لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەندام پەرلەمان و كەسایەتییە دیارەكان تۆمار كراون، كە شوێنی مانەوەیان یەكەكانی گوندی ئەڵمانی و كابینەكانی چڤیلاند بووە".

لە گرتەی دانپێدانانەكەدا ڕەوەند نەجمەدین حەمەساڵح، بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی كۆمپانیای نالیا، دەڵێت "لەسەر داوای شاسوار عەبدولواحید، لە ڕێگەی سیم كارتێكی نەناسراوەوە تۆمارێكی دەنگیی بۆ پێنج ئەندامی پەرلەمانی نەوەی نوێ‌ ناردووە لەناویشیاندا شادی نەوزاد".

دەستگیركراوەكانی نەوەی نوێ‌ دەڵێن "چەندین پەیجی نافەرمییان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەڕێوە بردووە كە بۆ ناوزڕاندنی كەسایەتی و هێزە سیاسییەكان بەكار دەهێنرێن".

ئەوان ناوی هەندێك لەو پەیجانە دەهێنن كە بریتین لە "دوو پەیج بە ناوی ڕۆژگوڵ، كێشەی هاووڵاتی، هاووڵاتی ژیر، داهاتووی نوێ‌، مەلیك، كچە نەوشیروانی، پادشا، فایلی نهێنی، چایخانە، گوڵستان، بەختەوەری، چەند پەیجێكی تر كە بە ناوی كەسایەتی و لایەنی سیاسیی دیكەوە دروست كراون". كە ئەمانە لە پەیجە دیارەكانی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانن.

بە قسەی ڕەوەند حیكمەت "ئەم پەیجانە لەلایەن هێڤار جەلالەوە سەرپەرشتی دەكرێن، ئەویش لەلایەن ڕەوەند نەجمەدین حەمەساڵح بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی كۆمپانیای نالیا و شاسوار عەبدولواحیدەوە ئاراستە دەكرێت بۆ ئەو كارانە".


دەقی ڕاگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان

ئەم دۆسیە لە ڕۆژی ٢٤ / ٤ / ٢٠١٩ بە سكاڵاكردنی پەرلەمانتاری جووڵانەوەی نەوەی نوێ (شادی نەوزاد) و لەسەر سكاڵای بەڕێز داواكاری گشتی لێكۆڵینەوە دەستیپێكرد.

پاڵپشت بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، لە ڕۆژی ٢٩ / ٤ / ٢٠١٩ كە تێیدا هاتووە (ئەم ڕووداوە بەرنامە بۆ داڕێژراوە، واتە تاوانی ڕێكخراوە و سروشتێكی ترسناكی هەیە، بۆیە پاڵپشت بە ماددەی سێ لە بڕگەی هەشت، لە یاسای دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ژمارە پێنجی ساڵی ٢٠١١، دەكەوێتە چوارچێوەی دەسەڵات و تایبەتمەندیی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، بۆیە لێكۆڵینەوە لەم دۆسیەیە بەردەوام دەبێت لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە).

لەو چوارچێوەیەدا، دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی وردی دەستپێكرد، بۆ تاوانێكی ڕێكخراو كە لەلایەن چەند كەسێكەوە ئەنجام دراوە، لەژێر بڕیار و ڕێنمایی دادوەری لێكۆڵینەوە.

پاش كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد، چەند كەسێك لە ئۆفیسی نەوەی نوێ لە سلێمانی، لە ڕێوشوێنێكی یاسایی و بە چاودێریی دادوەر، دەستگیركران. بەشێك لەو تۆمەتبارانەش كە لە ئۆفیسی سەرەكیی سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی حەشار درابوون، بە چاودێریی دادەوەری لێكۆڵینەوە هێزەكانمان دەستگیریان كردن .

بۆ ڕایگشتیی ڕووندەكەینەوە

ئەم كەیسە تایبەتمەندیی هەیە و سروشتێكی ترسناكی هەیە، پەیوەندیدارە بە ئادابی گشتی و ئەخلاقی گشتی و بەها كۆمەڵایەتییەكانەوە، بۆیە دەزگاكەمان تا ئێستا هیچ ڕوونكردنەوەیەكی بڵاونەكردووەتەوە.

بەڵام سەرئەنجام بۆئەوەی ڕێگری بكەین لە شێواندنی ڕاستییەكان، كە بە مەبەست دەیانەوێت كۆمەڵانی خەڵك چەواشە بكەن و ڕاستیتەكانیان لێ بشێوێنن، بۆیە لە پێناو دەرخستنی ڕاستییەكان و پاراستنی مافی هەموو لایەك و بەرژەوەندیی گشتی، بە پێویستمان زانی ئەم ڕوونكردنەوەیە بڵاوبكەینەوە، كۆمەڵانی خەڵكیش لە نزیكەوە و لە زاری تۆمەتبارانەوە گوێبیست و شاهێدی ڕووداوەكان بن. تا هەموومان پێكەوە ڕێگری بكەین لە دووبارە ئەنجامدانی تاوانی ڕێكخراوی لەم چەشنە تا خەڵك لە ژیانێكی ئارام و ئاسوودەیی و سەربەرزانەدا بژین و دوور بن لە ناوزڕاندن، كە ئەمەش ئەركی دامەزراوەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانە و لەم ڕووەشەوە درێغیمان نەكردووە و نایكەین.

هەموو لایەكیش دڵنیا دەكەینەوە كە لەوپەڕی ئامادەباشیداین، ڕێگە بە هیچ كەس و لایەنێكیش نادەین یاسا و مافە تایبەتییەكان و ژیانی تایبەتی خەڵك بشێوێنن، لەو پێناوەشدا بكەران و تۆمەتباران و هاوكار و هاوبەشەكانیان، دەستنیشان دەكەین و ڕادەستی عەدالەت و دادگایان دەكەین، تا سزای خۆیان وەربگرن.

لەم دەرفەتەدا بە پێویستیشی دەزانین داوا بكەین لە پەرلەمان و پەرلەمانتاران بەڕێز لە هەرێمی كوردستان، هەوڵی جدی بدەن بۆ هەمواركردنەوەی یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، بە شێوەیەك كە سزاكەی توند بكرێت، بە تایبەت بۆ تاوانە ڕێكخراوەكان و ئەو تاوانانەی كە هەڕەشەن بۆ مافی تایبەتی خەڵك و كەسایەتییە گشتییەكان.

بۆ هەموو لایەكیشی ڕووندەكەینەوە، ئەم ڕێوشوێنانەی گیراونەتەبەر، لە چوارچێوەی ڕێكارە یاساییەكاندان، تەنها هێزەكانی سەر بە دەزگای ئاسایش بڕیارەكانی دادگایان جێبەجێ كردووە و لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوامن و لەبەر هەستیاریی دۆسیەكە و پەیوەست بە ئاداب و ئەخلاقی گشتی و بەها كۆمەڵایەتییەكان، چەندین زانیاری و بەڵگەی مەترسیدار پەیوەست (بە لایەنی كۆمەڵایەتی و پاراستنی مافی كەسێتی)مان پاراستووە و نەمان خستووەتە ڕوو، بۆ دادگا و لێكۆڵینەوەكان جێمان هێشتوون.

لەگەڵ ڕێزماندا
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان