گۆڕان لە یادی نەوشیروان مستەفادا: بەهەمان ئیرادەوە كاردەكەین‌و بەرەی گەندەڵكاران هێشتا بەهێزن

18-05-2020 06:42
نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەی گۆڕان. وێنە؛ سوركێو محەمەد/ پەرەگراف

پەرەگراف

بزووتنەوەی گۆڕان لە یادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا تەئكید لە پابەندبونی تەواو بە هەمو ئەو پرەنسیپ و هەوڵ و پلانانە دەكات كە نەوشیروان مستەفا داڕێژەر و خەباتكاری بووەو دەڵێت، بەرەی گەندەڵكاران هێشتا بەهێزن‌و خەمی برسێتی‌و ئازاری هاونیشتیمانیانیان نییە.

دەقی ڕاگەیەندراوی گۆڕان لە یادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا

سبەی (١٩ی ئایار ٢٠٢٠) سێ ساڵ بەسەر كۆچی دوایی بیرمەند، مێژونوس، سیاسەتمەدار و دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا دا تێئەپەڕێت.

ئەم ئامادەنەبونە جەستەییە لە كاتێكدایە كە هێشتا كۆمەڵگەی كوردستان لە ژانی خەباتێكی بێوچاندایە بۆ دەستەبەركردنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، بونیادنانی حوكمڕانیەكی باش و كۆمەڵگایەكی خۆشگوزەران كە لە پەیام و ئامانجە سەرەكیەكانی سەرتاپای ژیانی سیاسی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بون.

جیاواز لە ساڵانی پێشو، ئەم ساڵ لە دۆخێكی نەخوازراودا ئەم یادە ئەكەینەوە.

بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا شێوازی ژیانی ئاسایی دەستكاریكرد، كۆمەڵێك ئاڵنگاری سیاسی، ئابوری و دارایی و ژیاریی نوێی بۆ جیهان و ناوچەكە هێنا، هەرێمی كوردستانیش لە لێكەوتە نەرێنیەكانی بێبەش نەبوە.

هەربۆیە لە ئێستادا، لە هەمو كات زیاتر، فكری سیاسی نەوشیروان مستەفا و دیدگاكانی بۆ دەربازبون لەم دۆخە دژوارە و ئیدارەدانی تەنگەژە و قەیرانەكان، پێویستیەكی هەنوكەییە. لەماوەی ساڵانی رابردوداو تا كۆچی دوایی ناوادەی، نەوشیروان مستەفا بە كارنامە و ئاراستە سیاسیەكانی، نەخشەڕێگەیەكی دروست و واقعیانەی كاری سیاسی بۆ هاوڕێ و لایەنگران و كۆمەڵگای كوردی جێهێشتوە.

ئەو لە قۆناغی ئۆپۆزسیۆندا، بە گیانی بەرپرسیارێتیەوە كاری بۆ بونیادنانی هێزی ناڕازی، مەدەنی و پەرلەمانی كرد و، بناغەیەكی بەهێزی دانا بۆ ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی.

لەململانێ سیاسیەكانیدا، دور لە رق و كینەو بە شەخسەنەكردنی كێشەكان، جەختی لەسەر سیستەم و عەدالەت و بەهێزكردنی دامەزراوەكان ئەكردەوە.

لە قۆناغی بەشداریكردنی لەدەسەڵات و حكومەتیشدا، وانەیەكی لە دوربینی سیاسی و گیانی بەرپرسیارێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگای كوردی فێركردین.

ئەو لە بەشداری حكومەتدا، سەرباری پێدانی پۆستی گرنگ بە گۆڕان، ئامانجی سەرەكی چاكسازی راستەقینە بو، لەو پێناوەشدا، ئامادەبو باجی هەمو هەوڵێكی نایاسایی و نا سەردەمیانە بدات.

هاوكات، لە رێكەوتنی لەگەڵ لایەنە سیاسیە بالادەستەكانی كوردستانیشدا، هەمیشە ئامانجی ئارامی سیاسی، خەمی خەڵك و چاكسازی گشتگیر بو.

بۆیە ئازایانە و بێگوێدانە تانەوتەشەر لەو پێناوەدا، هەمو تواناو تەقەلای خۆی بۆ ئەم هەنگاوانە تەرخانكرد.

لەرێكەوتنە سیاسیەكانیدا، دەیزانی عیبرەت لە جێبەجێكردندایە. لەساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا، بەرەی گەندەڵكاران هێشتا بەهێزن و خەمی برسێتی و ئازاری هاونیشتمانیان نیە.

بێموچەیی، بێكاری، ناعەدالەتی و قۆرخكاری و بالادەستی حزب بەسەر دامەزراوەكانی حوكمەتەوە، لاشەی نیشتمانی وێرانكردوە.

پێویستە هەنگاوەكان بۆ كۆتایی هێنان بەو دۆخە دژوارانە، خێراتر و گشتگیر تر بكرێن تا لە ئاست پێداویستیەكانی ئەم قۆناغە و چاوەڕوانی هاونیشتیمانیاندا بێت.

ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان، لەم یادەدا، سەرباری جەختكردنەوەمان لەسەر پابەندبونی تەواومان بەهەمو ئەو پرەنسیپ و هەوڵ و پلانانەی كە نەوشیروان مستەفا داڕێژەر و خەباتكاری بو، لەهەمانكاتدا دەمانەوێت پەیامێك بەروحی پڕ لە خەمخۆری و دڵسۆزی و بەرپرسیارێتی نەوشیروان مستەفاوە، ئاراستەی سەرجەم لایەنەكان و هێزەكانی باڵادەستی كوردستان بكەین: بەرقەراری ئارامی و ئاسایش و پێكەوە ژیان و هاوچارەنوسی، تەنها بەوە دەبێت ئیرادەیەكی بەهێز و راستەقینەمان هەبێت بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی، بۆ بەهێزكردنی دامەزراوەكان و رێزگرتن لە دادگا.

تەنها بەوە ئەبێت چەندە لەخەمی ژیان و بژێوی هاوڵاتیاندا ئەبین و چەندە ئەم دۆخە سەختە ئەقۆزینەوە بۆ هەنگاونانی ئازایانە بەئاراستەی چاكسازی، عەدالەت و سەروەری یاسا.

گەر راستگۆیانە و پێكەوە دور لە رق و كینەو بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی كار بكەین، بەدڵنیایەوە دەتوانین خزمەتی زیاتری ژیان و گوزەرانی هاونیشتیمانیان بكەین.

نەوشیروان مستەفا بۆ خەڵك ژیاو لەپێناوی چاكەی گشتی خەباتی كرد، ئەو لەهەمو قۆناغەكاندا لەبەرەی شەقام و گەلدا بو، ئەو هەر زو سەنگەری هەتاهەتایی خۆی دەستنیشانكرد.

لەسەر ئەم ڕێچكە، لایەنگر و هەڵسوڕاوانی، بەهەمان ڕوح و ئیرادە و متمانەوە، كار دەكەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نیشتیمانی و سیاسیەكانی بزوتنەوەكە لە پێناو بنیادنانی حوكمڕانیەكی تەندروست و بەهێزدا.

بزوتنەوەی گۆڕان
١٨ی ٥ی ٢٠٢٠