سەرۆكایەتی یەكێتی: ئەركی سەرەكیمان دروستكردنی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕانە

19-05-2020 12:28

پەرەگراف

سەرۆكایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا پەیامێكی بڵاوكردەوەو دەڵێت، كوردستان لە هەمووكات زیاتر پێویستی بە سیاسەتی حەكیمانەی مام جەلال و راشكاویی كاك نەوشیروانە و جێگەی خاڵیی ئەم دوو هاوڕێیەی خەبات، بە روونی لە تانوپۆی كوردەواریدا هەستی پێدەكریت.

"لە یادمانە دوا هەنگاوی سیاسیی مام جەلال و كاك نەوشیروان، كاركردن بووە بۆ دروستكردنی سەركردایەتیی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان. ئەمڕۆ ئێمە دریژەدان بەو هەنگاوە،‌ بە ئەركێكی سەرەكی خۆمان دەزانین و خەباتی بۆ دەكەین" سەرۆكایەتی یەكێتی وادەڵێت.

دەقی پەیامەكە

ئەمڕۆ ساڵیادی كۆچی دوایی سەركردەیەكی قارەمانی كوردستانە.

لەم یادەدا سەری رێز و وەفا بۆ هزر و خەبات و قەڵەمی نیشتمانپەروەرێك دادەنەوێنین، كە بەدەم رێگای سەخت و دووری تێكۆشانەوە، گوڵچنی كولتوور و ئەدەب و مێژووی شۆڕشی كوردستانی كردووە. دوای خۆیشی، گەنجینەیەكی گەورەی سیاسی، میژوویی، كۆمەڵایەتی، و زمانەوانی بۆ ‌جێهێشتووین.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەمیشە بە چاوی وەفادارییەوە دەڕوانێتە خەباتی كاك نەوشیروان و هەڤاڵەكانی لەناو یەكێتی، كە لە پێناو ئازادی و دیموكراسی و دادپەروەری و مافی چارەی خۆنووسیندا، شۆڕشی نوێی گەلی كوردستانیان هەڵگیرساند.

ئەمڕۆ و نزیك بە نیو سەدە دوای ئەو رۆژگارە، كوردستان لە هەمووكات زیاتر پێویستی بە سیاسەتی حەكیمانەی مام جەلال و راشكاویی كاك نەوشیروانە و جێگەی خاڵیی ئەم دوو هاوڕێیەی خەبات، بە روونی لە تانوپۆی كوردەواریدا هەستی پێدەكریت.

لە یادمانە دوا هەنگاوی سیاسیی مام جەلال و كاك نەوشیروان، كاركردن بووە بۆ دروستكردنی سەركردایەتیی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان. ئەمڕۆ ئێمە دریژەدان بەو هەنگاوە،‌ بە ئەركێكی سەرەكی خۆمان دەزانین و خەباتی بۆ دەكەین.

بەو هیوایەی یەكخستنی ریزەكانمان لە پێناو خزمەتكردنی شایستەی خەڵكی كوردستان، رۆحی ئەوان و سەرجەم شەهید و تێكۆشەرانی ئەم رێبازە ئاسوودە بكات.

سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان