کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوت داوای مافەکانیان دەکەن بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان

14-08-2023 06:28

پەرەگراف

کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت کە لە کێڵگەکانی کوردستان کاردەکەن داوا لە هەولێر و بەغداد دەکەن، لە گفتوگۆکانیانی بۆ داڕشتنی یاسای نەوت و گاز ڕێز لەو مافانەیان بگرن کە لە گرێبەستە نەوتییەکانیاندا هاتووەو بەپێی مۆدێلی هاوبەشیکردنە لە بەرهەمهێنان، ئەو جۆرەش لە گرێبەست حکومەتی عێراق کاری پێناکات و ڕەخنەی زۆری لەسەری هەیە.

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان کە نوێنەرایەتی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بوار نەوت دەکات، پەیامی بۆ هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق نارد کە مافەکانیان بخرێنە ناو بودجەی عێراق و هەر یاسایەکی تایبەت بە نەوت و گاز لە عێراق و کوردستان و، هاوکات بە گرنگی دەزانێت بۆ داهاتووی پیشەسازیی نەوت، پێدانەوەی مافەکانیان مسۆگەر بکرێت کە بریتییە لە وەرگرتنەوەی خەرجییەکانیان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و ئەو قازانجانەی کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەیانکەوێت بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان.

کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، مۆدێلی گرێبەستی هاوبەشیی لە بەرهەمهێنان کە لە هەرێمی کوردستان بەکاردێت بە سەرکەوتوو لەقەڵەم دەدەن و ئاماژە بەوە دەکەن، سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی و ئەمنیی و جیۆلۆجییەکان لە هەرێم، بەڵام کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتیەکان لە ماوەی ١٥ ساڵدا بەرهەمهێنانی نەوتیان لە نزیکەی سفرەوە گەیاندووەتە دەوروبەری ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

حکومەتی هەرێم بە مۆدێلی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان ئەنجامداوە، ئەو جۆرەش لە گرێبەست لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ڕەتدەکرێتەوەو پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند حکومەتی هەرێم بەوجۆرە گرێبەستانە دەرفەتی زۆری بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر و کۆنتڕۆڵکردنی بەرهەمی کێڵگەکان دەکەوێتە دەستی کۆمپانیاکان و دەشتوانن مامەڵە بە پشکەکانیانەوە بکەن، ئەوانەش پێچەوانەن لەگەڵ گرێبەستەکانی خزمەتگوزاریی کە وەزارەتی نەوتی عێراق کاریان پێدەکات.

کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا ئەوەش دەخەنەڕوو، پیشەسازیی نەوت لە کوردستان هەلی کاری بۆ دەیان هەزار کەس ڕەخساندووەو، ئەگەر کارکردنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان نەبێت لە کێڵگە نەوتییەکان، ئەوا هەرێمی کوردستان ناتوانێت پابەندبێت بە ڕادەستکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەپێی یاسای بودجە لە بەرامبەر پێدانی شایستە داراییەکانی.

ئەو پەیامەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوتی کوردستان بۆ هەولێر و بەغداد، هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق کە دەیانەوێت بەو یاسایە کێشەکانی تایبەت بە کەرتی نەوت لە نێوان ھەردوولادا بە ڕیشەیی چارەسەر بکرێن.

سەرچاوەی سەرەکیی کێشەکانی نێوان ھەولێرو بەغداد فرۆش و ھەناردەی نەوتی ھەرێم بوو کە نزیکەی ٥ مانگە ڕاگیراوەو زیانێکی زۆری بە ئابوری ھەرێم و عێراق گەیاندووە ئەوەش بەھۆی بردنەوەی سکاڵایەک لەلایەن عێراقەوە لە دژی تورکیا.

ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم جگە لەو زیانەی بە ئابوری حکومەتەکانی هەرێم و عێراقی گەیاندووە، هاوکات هەزاران كەسی بێكار کردووەو هەڕەشە لە هەزاران ‏كەسی دیكەش دەكات، ئەوەش بەهۆی کەمکردنەوەی خەرجیی لەلایەن كۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوتی هەرێم بە بڕی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار لە ماوەی ئەمساڵدا.

یاسای نەوت و گاز دەبوو ساڵی 2005 دوای پەسەندكردنی دەستوری  عێراق لە پەرلەمان دەرچوێندرایە، بەڵام  بەهۆی ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغدادەوە تائێستا دەرنەچووە.

دەرکردنی ئەو یاسایە بۆ حكومەتی هەرێم گرنگە، بەتایبەت دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە ناوەڕاستی شوباتی 2022دا، یاسای نەوت‌و گازی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە‌و بە نادەستوریی لەقەڵەمیداو هەرێمی پابەندكرد بەوەی نەوت‌و گاز رادەستی بەغداد بكات.