١٨ حاڵەتی نوێی کۆرۆنا لە ھەرێم تۆمار کران؛ تەندروستی سلێمانی پەیامێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە

20-05-2020 11:15

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی ھەرێم سێ تووشبووی نوێی کۆرۆنای لە سلێمانی و ھەشتی لە ھەولێر ڕاگەیاندو لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٨ حاڵەتی نوێ ھەبووە، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیش لە پەیامێکی بەپەلەدا دەڵێت: ئاماژەی ترسناک ھەیە بۆ تەشەنە سەندنی پەتاکە.

وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند: لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، سێ تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشانکران، دوو ئافرەتی تەمەن ٤٥ و ٢٢ ساڵ و پیاوێكی تەمەن ٢٩ ساڵ یەک لە تووشبووان بەرکەوتەی تووشبووانی پێشووە و دوو تووشبووەکەی تر نیشانەی نەخۆشیان ھەیە و دەستنیشانکران، هەموویان دانیشتووی ناو شاری سلێمانین.

ھاوکات لەگەڵ ئەو ڕاگەیەندراوەدا، د.سەباح ھەورامی بەرێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی پەیامێکی بەپەلەی بڵاوکردەوەو دەڵێت "ئاماژەی ترسناک هەیە بۆ تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی. داوا لەو هاوڵاتییانە دەکەم کە تەندروستی خۆیان و کەسوکاریان لامەبەستە زۆر پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن".

دسەباح دەشڵێت "کۆرۆنا هاوشێوەی تیرۆرستان دوژمنێکی نادیارە".

ھەر ئەمشەو وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانکردنی ھەشت تووشبووی نوێی ڤایرۆسەکەی لە ھەولێر ڕاگەیاند بەم شێوەیە: یەک ئافرەت تەمەن ٤٥ ساڵ و دوو کچی تەمەن ٢٢ و ١١ ساڵان و چوار کوڕ تەمەن ٢٥ و ٢٢ و ١٤ و ٦ ساڵان کە هەموویان خانەوادەی تووشبووەکەی ئەمڕۆی شاری هەولێرن لە کۆمەڵگای شاوەیس، وە پیاوێکی تەمەن ٤٢ ساڵ کە برای تووشبووەکەی ئەمڕۆی شاری هەولێرە کە دانیشتووی ھەولێر سیتیە، ھەموویان بەرکەوتەی تووشبووەکانی دوێنێ و ئەمڕۆیە.

وەزارەتی تەندروستی لە ڕاگەیەندراوی ڕۆژانەیدا ئەوەش دەخاتە ڕوو لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٨ حاڵەتی نوێی کۆرۆنا لە ھەرێم دەستنیشان کراون.

ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی
ژمارە (٨٦)

سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان، ڕێکارەکان بەردەوامن بەم شێوەیە:

1. کەرەنتین
تاوەکو ئەوڕۆ (١١١١٧) هاووڵاتی "ئەوانەی کە لە دەرەوەی ووڵات گەڕانەتەوە وە ئەوانەی کە بەرکەوتەی نەخۆشە چەسپێنراوەکان" کەڕەنتین کراون، لەئێستادا تەنها (٨٧٠) هاووڵاتی لە (٣٠) شوێنی جیاوازی کەرەنتین ماونەتەوە؛ (٤١٥) لە هەولێر، (١٢٥) لە سلێمانی، (٣٣٠) لە دهۆك. وە (١٠٢٤٧) هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوەتە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو کردنی ماوەی ١٤ رۆژ وە ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بۆیان وپشتراستکردنەوەی ئەوەی کە هەڵگری ئەو نەخۆشیە نین، لەگەڵ کەڕەنتین کردنی ژمارەیەکی تری هاووڵاتییان لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا کە کۆی گشتی (٦) هاووڵاتی بوو.

2. پشکنین
لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا؛ (١٠١٠) پشکنین ئەنجام دراوە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان؛ (٤٤٠) هەولێر، (٣١١) سلێمانی، (٢٠٩) دهۆك، (٢) سۆران، (٤٨) ڕاپەڕین. دەرەنجام (١٨) تووشبووی نوێ تۆمار کرا بەم شێوەیەی خوارەوە:
پارێزگای هەولێر (١٥) پۆزەتیڤ: دوو ئافرەت تەمەنیان (٤٥)، (٣٥) ساڵ چوار کچ تەمەنیان (٢٢)، (١٥)، (١١)، (٩) ساڵ، پینج پیاو تەمەنیان (٥٣),(٤٢),(٤٢),(٤٢),(٢٩) ساڵ، چوار کوڕ تەمەنیان (٢٥),(٢٢),(١٤),(٦) ساڵ، و دانیشتووی گەرەکی سەیداوە، کۆمەڵگای شاویس و بنەسڵاوە و هەولێر سیتی و دەڤەری گەرمیانن.
پارێزگای سلێمانی (٣) پۆزەتیڤ: دوو ئافرەتی تەمەن (٤٥)، (٢٢) ساڵ و پیاوێكی تەمەن (٢٩) ساڵ یەك لە تووشبووان بەرکەوتەی تووشبووانی پێشووە و دوو تووشبووەکەی تر نیشانەی نەخۆشیان ھەبووە و دەستنیشانکران، هەموویان دانیشتووی ناو شاری سلێمانین.
(کۆی گشتی ئەو پشکنینانەی کە ئەنجام دراوە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا (٦٣٢٨٢) پشکنین بووە)

3. ئاماری گشتی
کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان (٤٤٢) تووشبوو، لەنێویاندا (٥) مردن هەیە و (٣٨٣) نەخۆش چاکبووەتەوە، وە ئێستا تەنها (٥٤) نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جارێکی داوا دەکەین هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەلەبالغ و دانانی ماسك و دەستکێش، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢).

وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠ی ئایاری ٢٠٢٠