سۆران عومەر تۆپەكە دەخاتە گۆڕەپانی ڕێواز فایەقو دەڵێت: لە دەسەڵاتیدایە شكۆ بگەڕێنێتەوە

پەرەگراف
سۆران عومەر كۆبوونەوەكەی پەرلەمان كە تێیدا پارێزبەندیی لەسەر هەڵگیرا بە پێچەوانەی یاساو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە قەڵەم دەداتو تانەیەكی ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمان كردووەو دەڵێت: لە دەسەڵاتی خۆیدایەو چاوەڕوانم شكۆ بۆ پەرلەمانو دەسەڵاتەكانی خۆی بگەڕێنێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵی ئیسلامی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستە ڕوو، دوێنێ تانەكەی ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمان كردووەو لە دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێریش تانەی داوە لەو ڕێكارانەی سەرۆكی حكومەت لە سكاڵاكەیدا گرتوویەتییەبەر.
سۆران عومەر، ئامادە نەبوو ناوەڕۆكی تانەكەی بڵاوبكاتەوەو وتی، زۆر شتی تێدا ڕوونكراوەتەوە كە تائێستا قسەی لێ نەكراوە، "چۆن ئەم كارە كراوە بە نایاسایی؟ لە كۆبوونەوەكانی سەرۆكایەتیو لە داخڵكردنی بەرنامەی كار بە نایاساییو لە ئامادەبوونی سەرۆكی پەرلەمان خۆیداو بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی بەبێ هیچ تەخویلكردنو سەلاحیاتێك، ئەمە پێش ئەوەی بەرامبەر پەرلەمان بكرێت بەرامبەر بە سەرۆكی پەرلەمان كراوە".
7ی ئەم مانگە پارتی دیموكراتی كوردستان بە پشتیوانیی پەرلەمانتارانی پێكهاتەكان كۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەنجامداو تێیدا پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر هەڵگیرا، سەرۆكی پەرلەمانو فراكسیۆنەكانی دیكە بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كردو دواتر سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاند، ئامادە نییە كۆبوونەوەی پەرلەمان بكات تا ئەو كاتەی پەرلەمان بە شكۆو متمانەی تایبەتەوە دەگەڕێتەوە.
"چاوەڕوانین لە ڕۆژانی ئایندە سەرۆكی پەرلەمان شكۆ بۆ دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمانو دامەزراوەی پەرلەمان بگەڕێنێتەوە" سۆران عومەر وای وت.
وتیشی"كات ماوە بۆ گەڕانەوەی شكۆ بۆ پەرلەمانو سەرۆكی پەرلەمان ئەوەش لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان خۆیدایە. دەسەڵاتەكانی لە ئامادەبوونی خۆیدا بە شێوەیەكی نایاسایی بەكارهێنراوە. چاوەڕوانیم لێی هەیەو ئومێدەكەم بتوانێ نمونەی ژنێكی ئازا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان بچەسپێنێو نەهێڵێ ئەم پێشینە خراپە بەمجۆرە بڕوات".
پارێزبەندییەكەی سەر سۆران عومەر بەهۆی 4 سكاڵای یاساییەوەو لەسەر داوای دادگا هەڵگیراوە، یەكێك لەو سكاڵایانە لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە تۆمار كراوە.
سۆران عومەر وتی "پارێزبەندییەكە بە ڕێكاری یاسایی با هەڵی بگرن هیچ گرفتم نییە، چونكە ئەوەی سكاڵای پێكراوە ئەگەر نەشتوانم بیسەلمێنم سزاكەی غەرامەكردنە"، ئەم وتەیەی لەبارەی سكاڵاكەی سەرۆكایەتی حكومەتەوە بوو، بەڵام ئاماژەی بەو سێ سكاڵایەی دیكە نەكرد كە لەسەر تۆمار كراوەو هەڵگرتنی پارێزبەندییەكە ئەوانەیش دەگرێتەوە.
هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر ئەو پەرلەمانتارە كاردانەوەو ناڕەزایی فراوانی لێكەوتەوەو لە دوای ئەو كۆبوونەوەیەوە پەرلەمان نەیتوانیوە كۆبوونەوەی دیكە بكات بەهۆی ناڕەزاییەكانەوە.
هەرچەندە ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان نیگەرانیی پیشاندا، بەڵام پەرەگراف پێشتر ئەوەی ئاشكرا كرد كە سەرۆكی پەرلەمان ڕێگای دیكەی لەبەردەمدا بووەو نەیگرتووەتەبەر لە پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر. هەرچەندە پڕۆسەكە بەدڵی پارتی تێپەڕی، بەڵام هێشتا سەرۆكی پەرلەمان ڕۆڵێكی دیكەی ماوە.