حیزبی دیموكرات: ئێمە لە شوێنی خۆمانین و قسەی بەرپرسانی ئێران بێ‌ بنەما و بێ‌ بەهان

28-08-2023 04:33

پەرەگراف

حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لێدوانی بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە چەككردن و كەمپنشینكردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم، بە "بێ‌ بەها" ناو دەبات و دەڵێت "ئێمە لە شوێنی خۆمانین". سەبارەت بە گواستنەوەشیان بۆ كەمپ لە ڕۆژئاوای عێراق دەڵێت "ئەوە هەر قسەیە".

ئەمڕۆ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند كە "19-9-2023 دوا وادەیە بۆ چەككردن و گواستنەوە بۆ كەمپ"ی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران. ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانییش ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو هێزانە بۆ كەمپ لە "ڕۆژئاوای عێراق" دەگوازرێنەوە.

محەمەد نەزیف قادری، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لە لێدوانێكدا بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەوەی ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەمانە كەمپی خەڵكی مەدەنییە و بەرپرسانی هەرێم ئاگادارن. مەیدانی خەباتی ئێمە ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و لە هەرێمی كوردستانەوە هیچ هەڕەشەیەك بۆ سەر كۆماری ئیسلامی نەبووە و قسەكانیان بێ‌ بنەمان".

بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران وتیشی "لێدوانی بەرپرسانی ئێران بە لای ئێمەوە نامەنتقین و ئەو قسانەی دەیكەن بنەمای دروستی نییە، دەیانەوێت بەو پاساونەوە دەستوەردانی زیاتر لە عێراقدا بكەن".

محەمەد نەزیف قادری جەختی كردەوە لەوەی كە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم لە پەیوەندیدان و دەشڵێت "ئێمە لە شوێنی خۆمانین و هیچ بەهانە و مەترسییەك نییە بۆ ئەوەی ئێران دەستوەردان بكات و بۆردوومانی كەمپەكانی ئێمە لە هەرێمی كوردستان بكات".

سەبارەت بە ڕاپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی كە بانگەشەی ئەوەی كردووە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان "لە چەك دادەماڵدرێن و دەبرێن بۆ كەمپ لە ڕۆژئاوای عێراق"، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە پەرەگرافی وت "دەیان بەن بۆ كوێ‌؟! خەڵكی ڕۆژئاوای عێراق خۆیان ئاوارەی هەرێمی كوردستانن".

محەمەد نەزیف قادری جەختی كردەوە كە "ئەوەی هەیە تەنیا قسەیە، قسەی بەرپرسانی ئێرانیش لای ئێمە هیچ بەهایەكی نییە".

ئەمڕۆ ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەپێی ڕێككەوتن لەگەڵ عێراق، تا 19-9-2023 دەبێت حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی نیشتەجێی ناو خاكی هەرێمی كوردستان، لە چەك دابماڵدرێن و بۆ كەمپ بگوازرێنەوە.

كەنعانی جەختی كردەوە كە "بە هیچ شێوەیەك ئەو وادەیە درێژ ناكرێتەوە و بەپێی ڕێككەوتنەكە حكومەتی عێراق ئەو گرووپە چەكدارییانە بۆ ئەو كەمپانە دەگوازێتەوە كە خۆی دیاریی كردوون".

ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانییش لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە "سەرجەم چەك و كەرەستەی سەربازی لە گرووپە كوردییەكان دەسەندرێنەوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەگەڵ خێزانەكانیان دەگوازرێنەوە ناوچەكانی ڕۆژئاوای عێراق".

وەكوو ئاژانسەكە ئاماژەی پێ‌ كردووە، ڕێككەوتنی نێوان ئێران و عێراق بۆ چەككردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لە ماوەی شەش مانگدا جێبەجێ دەكرێت و ١٩ی ئەیلول وەكوو دوا وادەی داخستنی بارەگاكانی ئەو هێزانە لە ناوچە سنوورییەكانی ئێران و عێراق دیاری كراوە.

هێشتا هیچ بەرپرسێكی هەرێمی كوردستان و عێراق كاردانەوەی بەرانبەر لێدوانە تازەكەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران نیشان نەداوە.