كورد لە پێناو گەڕاندنەوەی "مافێكی زەوتكراو" دەنگدەدات

30-03-2019 01:58
كۆبوونەوەیەكی جەماوەریی بانگەشەی هەڵبژاردنی هەدەپە.


پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

هەڵبژاردنە خۆجێییەكانی توركیا سبەینێ بەڕێوەدەچێت، كێبەڕكێی پارتەكانی ئەو وڵاتە بەسەر ناوچە جوگرافییە جیاوازەكاندا دابەشبووە، لە باكووری كوردستانیش كێبەڕكێ لەنێوان پارتی دیموكراتی گەلان و پارتی داد و گەشەپێدان-دایە.

لە هەڵبژاردنەكەی سبەینێدا، 57 ملیۆن دەنگدەر بەرپرسانی ئیدارە خۆجێییەكان هەڵدەبژێرن كە بۆ ماوەی 5 ساڵ لە ئەركەكانیاندا دەبن. لە هەڵبژاردنەكەدا 12 پارتی سیاسی بەشدارن 194 هەزار و 390 سندوق لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا بۆ دەنگدان تەرخانكراوە.

بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە كە دواین هەڵبژاردن دەبێت لە توركیا تا ساڵی 2023، كێبەڕكێ هەیە لەسەر 23 هەزار پۆستی وەك سەرۆكی شارەوانی گەورە، سەرۆكی شارەوانی، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی، موختار و دەستەی ڕیشسپییان. سێ هاوپەیمانی و لیستی سەرەكی لە توركیادا بۆ بردنەوەی ئەو پۆستانە پێكهێنراون. "هاوپەیمانی خەڵك" كە پێكدێن لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، "هاوپەیمانی نیشتمانی" كە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) سەرۆكایەتی دەكات و پارتی ئیی بەشدارە تێیدا، هەروەها پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە پێكدێت لە كۆمەڵێك پارتی كوردیی باكوری كوردستان.

ململانێی هەڵبژاردنەكان بەسەر ناوچە جیاوازەكانی توركیادا دابەشبووە، لە ناوەڕاست و باكوری توركیا ململانێكە لەنێوان "هاوپەیمانی خەڵك" و "هاوپەیمانی نیشتمانی"ـدایە و ئەو لیستانە كێبەڕكێ لەسەر بردنەوەی شارە گەورەكانی وەك ئیستەنبوڵ، ئەنقەرەو ئیزمیر دەكەن. هەرچی لە باكووری كوردستانیشە، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ململانێكە لەنێوان هەدەپە و "هاوپەیمانی خەڵك"ـدایە.

بۆ یەكەمجار لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا ئابووری لە سەرووی لیستی ئەجندای هەموو پارتەكان و هاوڵاتیانیشدایە و پێش پرسی تیرۆر كەوتووە كە پێشتر هاوڵاتیان زۆر بایەخیان پێ دەدا. دروشمەكانی دژ بە ئەمەریكا لە هەر ساتێكی دیكەی مێژووی ئەو وڵاتە زیاترە و لەسەدا 82ی خەڵكی توركیا سۆزیان بۆی هەیە. ئازادیی ڕادەربڕینیش پرسێكی دیكەی گرنگە و بەپێی دوایین ڕاپرسی تەنها لەسەدا 37.5ی هاوڵاتیانی توركیا پێیانوایە لەو وڵاتەدا ئازادی ڕادەربڕین هەیە، ئەو ڕێژەیەش لەسەدا 10 كەمی كردووە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.

هەڵبژاردنەكەی سبەینێ گرنگییەكی زۆری بۆ پارتە جیاوازەكانی توركیا و خەڵكی ئەو وڵاتە هەیە، ئەمە یەكەمین هەڵبژاردنە دوای جێگیربوونی سیستمی سەرۆكایەتی و دەستبەكاربوونی ئەردۆغان لەو پۆستەدا، بۆیە هەڵبژاردنەكە وەك تاقیكردنەوەیەك دەبێت بۆ ماوەی سەرۆكایەتی ئەردۆغان، بەڵام ئاكەپە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ڕابردوودا زۆرینەی هەردوو شاری ئیستەنبوڵ‌و ئەنقەرەی لەدەستدا، ئەگەر لەم هەڵبژاردنانەشدا هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە، ئەوا گورزێكی كوشندە دەبێت بۆ ئەو پارتە و ئەردۆغان.

بۆ هەدەپەش هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازەو گرنگییەكی زۆری پێداوە، لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردووی شارەوانییەكانیشدا ئەو پارتە كوردییە لە زۆربەی ناوچە كوردییەكاندا براوەبووە، لەو ڕێگەیەشەوە توانیویەتی زیاتر "خزمەتی" هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە بكات و لێیان نزیك ببێتەوە، ئەم هەڵبژاردنە لە دۆخێكی سەختدایە بۆ هەدەپە، بەو پێیەی بە هەزاران ئەندام و هەواداری بە بیانووی تێوەگلان لە دۆسیەی تیرۆرەوە لە زینداندان، جگە لە زیندانیكردنی دەیان پەرلەمانتار و كادری باڵای پارتەكە.

لە شارێكی وەك باتمان-دا كە لە ساڵی 1999ەوە هەمیشە پارتە كوردییەكان تێیدا براوەبوون، كێبەڕكێی توند هەیە لەنێوان كاندیدی هەدەپەو ئاكەپە بۆ بەدەستهێنانی باڵاترین پۆستی ئەو شارە كە سەرۆك شارەوانییە.

حەمدوڵا گوڵ كە پیشەی جوتیارە و دانیشتووی باتمانە، پێی وایە ئێستا توركیا دەناڵێنێت بەدەست سیاسەتە ئابوورییەكانی ئاكەپەوە، ئەو دەڵێت"باتمان نەوتی هەیە، بەڵام بەشێوەیەك لە شێوەكان ئەوە بۆ ئێمە نییە"، هەروەها دەڵێت"هیچ ڕێگایەك نییە بۆ ئەوەی قبوڵی بكەین كە خواستی گەل لەلایەن حكومەتەوە پێشێل بكرێت. پێموایە بێدەنگیی گەل نابێت چیتر كەس هەڵبخەڵەتێنێت، ئێمە ئەو مافەی لێمان زەوتكراوە لە هەڵبژادنەكەی 31ی مانگدا بەدەستی دەهێنینەوە."

ئەوە لە كاتێكدایە هەرچەندە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2014، هەدەپە 102 سەرۆك شارەوانی بەدەستهێنا، بەڵام لە ئێستادا تەنها حەوتیانی بەدەستەوە ماوە، ئەوەش دوای ئەوەی یەك لە دوای یەك 95 سەرۆك شارەوانی هەدەپە دوورخرانەوە و خرانە زیندانەوە، لەبری ئەوانیش حكومەت بە تەعین كەسێك بەهەمان دەسەڵاتەوە لە شوێنیان دادەنێت كە بە "قەیوم" ناسراوە.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەدەپە كاندیدی پارێزگاری لە حەوت شاری گەورە نابێت كە بریتین لە؛ ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە، گازی عەنتاب، شانلورفا، ئەدەنە و ئیزمیر. هەدەپە دەیەوێت بەو سەركێشییە ڕێگا خۆشبكات تا كاندیدەكانی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا(جەهەپە) چانسی سەركەوتنیان زۆرتر بێت ئەوەش لێدانێكی گەورە دەبێت لە پارتەكەی ئەردۆغان كە چاوی لە بردنەوەی هەموو ئەو پارێزگایانەیە.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكەدا، فشارەكان لەسەر هەدەپە و لایەنگران و كامپینی هەڵبژاردنەكەی زیادی كردووە، لە چەندین شوێن پۆلیس پەلاماری هەوادارانی هەدەپەی داوەو ڕێگریی بانگەشەی لێ كردوون. هەفتەی ڕابردووش دادگا ژمارەیەك لە برۆشەر و كارتی بانگەشەی هەڵبژاردنی هەدەپەی قەدەغەكرد كە تێیدا "گەندەڵییەكانی" ئەو قەیومانەی ئاشكرا كردبوو كە لە شوێنی سەرۆك شارەوانییە هەڵبژێردراوەكانی هەدەپە لە ناوچە كوردییەكان دانراون.

بەپێی یاساكانی هەڵبژاردن لە توركیا دەنگدەرانی شارە گەورەكان كە بریتین لە؛ ئادانا، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا، ئایدن، باڵكەسیر، بورسا، دەنیزلی، ئامەد، ئەرزوڕووم، ئێسكیشەهر، عەنتاب، هاتای، ئیستانبوڵ، ئیزمیر، ماراش، قەیسەری، كۆجائەلی، كۆنیا، ماڵاتیا، مانیسا، ماردین، مێرسین، موغڵا، ئۆردو، ساكاریا، سامسون، ئورفا، تەكیرداغ، ترابزۆن و وان، دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی گەورە شارەوانی، سەرۆكی شارەوانی، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی، موختار و دەستەی ڕیشسپییان دەدەن.

هەروەها دەنگدەری ئەو شارانەی گەورەشار نین، دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی شارەوانی، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی، موختار و دەستەی ڕیشسپییان دەدەن. دەنگدەری گوندەكانیش دەنگ بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتیی شار، موختار و دەستەی ڕیشسپییان دەدەن.