ترەمپ ژمارەی تەلەفۆنی بۆ بەرپرسانی ئێرانی دانا

11-05-2019 11:40


پەرەگراف

دۆناڵد ترەمپ، ژمارە تەلەفۆنێكی لە باڵیۆزخانەی وڵاتێك بۆ ئێران دانا، تا لە حاڵەتی ڕازیبوون بە گفتوگۆ، پەیوەندیی پێوە بكەن. هاوكات جوڵەی سەربازیی ئەمەریكا بە ئاڕاستەی كەنداوی فارس بەردەوامەو لە ئاژانسی هەوڵگریی ئەمەریكا(سی ئای ئەی) كۆبوونەوەیەكی "زۆر دەگمەن" دەربارەی ئێران ئەنجام دراوە.

تۆڕی هەواڵیی سی ئێن ئێن بڵاویكردەوە "كۆشكی سپی ژمارەی پەیوەندیكردن بە دۆناڵد ترەمپی بە باڵۆزخانەی سویسرا داوە، بۆ ئەوەی ئێران هەر كات كە ویستی، لەو ڕێگەیەوە پەیوەندی بە سەرۆكی ئەمریكاوە بكات".

سی ئێن ئێن لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ئەوەی گواستووەتەوە كە "تەنیا لە حاڵەتێكدا كە ئێران بیەوێت پەیوەندی بە ترەمپەوە بكات، لەلایەن باڵیۆزخانەی سویسراوە ئەو ژمارە تەلەفۆنەیان پێ‌ دەدرێت".

بەرپرسانی كۆشكی سپی دەڵێن "سەرۆكی ئەمریكا ڕاستگۆیانە ئەم هەنگاوەی ناوە".

ئەمە لە كاتێكدایە پێنج شەممەی ڕابردوو، ترەمپ وتی "چاوەڕوانم ئێرانییەكان پەیوەندیم پێوە بكەن بۆ گفتوگۆ و ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی نوێ‌".

ئەم هەنگاوەی ترەمپ لە كاتێكدایە كە ئەمریكا سزا ئابوورییەكانی بۆ سەر ئێران توندتر كردووەتەوە و دوو كەشتیی جەنگی ڕەوانەی كەنداوی فارس كردووە.

كەشتیی فڕۆكەهەڵگری یو ئێس ئێس ئارلینگتۆن، كە هۆكارەكانی گواستنەوەی ئاوی و زەمینی و فڕۆكە هەڵدەگرێت، تەنیا چەند ڕۆژێك پاش ڕەوانەكردنی كەشتیی ئەبراهام لنكۆڵن، ئەویش بەرەو كەنداوی فارس كەوتووەتە ڕێ‌.

بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دەڵێن "كەشتیی فڕۆكەهەڵگری یو ئێس ئێس ئارلینگتۆن پێشتریش بڕیار بووە ڕەوانەی كەنداوی فارس بكرێت، بەڵام پەرەسەندنی مەترسییەكانی ئێران ڕەوانەكردنی كەشتییەكەی پێش خستووە".

كەشتیی فڕۆكەهەڵگری یو ئێس ئێس ئارلینگتۆن

كەشتیی جەنگیی ئەبراهام لنكۆڵن كە ئەمریكا بەرەو كەنداوی فارس ڕەوانەی كردووە، ڕۆژی پێنج شەممە لە نۆكەندی سوێسەوە تێپەڕی.

هەروەها ڕۆژی هەینی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) ڕایگەیاند "ئەمریكا بە دوای شەڕ لەگەڵ ئێراندا ناگەڕێت، بەڵام ئامادەی بەرگرییە لە بەرژەوەندی و هێزەكانی لە ناوچەكە".

لە بەیاننامەی پنتاگۆندا هاتووە "لەو چوارچێوەیەدا سیستمی مووشەكیی پاتریۆتی ئەمریكاش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە پێشبینیكراوەكان ئامادەیە".

هەوكات ئەمریكا چوار فڕۆكەی بۆمبهاوێژی B52ی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی ئێران لە قەتەر جێگیر كرد.

تۆڕی تەلەفزیۆنی ئێن بی سی لە زاری شەش بەرپرسی ئەمرییكییەوە ئەوەی ئاشكرا كردووە كە "جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، ڕۆژی 19ی نیسان لە هەنگاوێكی دەگمەندا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنیی ئەمریكا و دیپلۆماتكار و ڕاوێژكارانی سەربازیی كۆشكی سپی، لە ناوەندی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریكا (سی ئای ئەی) كۆبووەتەوە".

كۆبوونەوەكە بە بەشداریی جینا هاسپێل بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، پاتریك شاناهان وەزیری بەرگریی ئەمریكا بە وەكالەت، ژەنەراڵ جۆزێف دانفۆرد فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی ئەمریكا، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، دان كواتس بەڕێوەبەری ئاسایشی نەتەوەیی، بەڕێوە چووە.

ئێن بی سی دەڵێت "كۆبوونەوەكانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، بە گشتی لە ژووری عەمەلیاتی كۆشكی سپی بەڕێوە دەچن. بە گوتەی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریكا، بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای كۆشكی سپی و بەرپرسانی باڵای حكومەت لە ناوەندی سی ئای ئەی، ڕووداوێكی زۆر دەگمەنە".

پێنج بەرپرسی سەربازی و چالاكییەكانی پێشووی سی ئای ئەی دەڵێن "كۆبوونەوەی لەو شێوەیە بە گشتی بۆ تاووتوێكردنی ئۆپەراسیۆنە نهێنییە زۆر هەستیارەكان و لێكۆڵینەوە لە ئەنجامەكانیان، یان تاووتوێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی نوێ‌ بەڕێوە دەچێت".

دوو بەرپرسی پێشووی ئەمریكاش وتوویانە "ئەمریكا بۆ كۆكردنەوەی زانیارییەكان لەبارەی ئێرانەوە، تایبەتمەندییەكی دیاریكراوی هەیە كە تەنیا لە ناوەندی سی ئای ئەی دەكرێت كاری لەسەر بكرێت".

فشارەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، هەوڵی جیدیی ترەمپە بۆ ڕازیكردنی ئەو وڵاتە بە گفتوگۆ و ڕێككەوتنێكی نوێ‌ لەبارەی پڕۆژە ئەتۆمییەكەیەوە.

ترەمپ لە نوێترین لێدوانیدا وتی "ئەوەی من لە ئێرانییەكانم دەوێ، تەنیا ئەوەیە واز لە چەكی ئەتۆمیی بهێنن. ئەگەر ئەوە بكەن، هاوكارییان دەكەین ئابوورییەكەیان بەهێز بكەن. ئێمە نامانەوێت زیان بە ئێرانییەكان بگەیەنین".

هەندێك لە چاودێرانیش پێیان وایە هۆكارێكی دیكەی فشارەكانی ئەمریكا، بۆ پاشەكشێ‌ پێكردنی سەربازیی ئێرانە لە ناوچەكە، بە تایبەت كە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر هەندێك لە هاوپەیمانەكانی، لەوانەش ئیسرائیل و سعوودیە. هەروەها هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەموو گرووپە چەكدارییانەی كە لە سووریا و عێراق و یەمەن و لوبنان و وڵاتانی دیكە، لەژێر ناوی جیا جیادا دروستی كردوون.

لە بەرانبەردا ئێران جەخت لە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ وڵاتانی پێنج كۆ یەك دەكاتەوە، بەڵام نەیشاردووەتەوە كە ئامادەی گفتوگۆی "بێ‌ مەرج"ـە لەگەڵ ئەمریكا، ئەویش پاش هەڵگرتنی سزا و فشارەكان.