وەزیرى دەرەوەی ئێران جەخت لە زوو جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی ئەمنی لەگەڵ عێراق دەکاتەوە

11-09-2023 01:52

پەرەگراف

پێچەوانەی لێدوانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کە ڕایگەیاند "سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی پەیوەندیی بە ڕێككەوتننامەی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراقەوە نییە"، وەزارەتەکە دەڵێت "وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی، جەختی لە زوو جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامە ئەمنییەکە کردووەتەوە".

ڕێکەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران کە مانگی سێی ئەمساڵ لە نێوان هەردوو وڵات و بە ئامادەیی وەزیری ناوخۆی هەرێم واژوو کراوە، سەرەکیترین خاڵی چەککردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێم و نیشتەجێکردنیانە لە کەمپدا.

بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١١-٩-٢٠٢٣، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، كۆبووەوە.

ئەمشەو وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ماڵپەڕی فەڕمیی خۆی ڕایگەیاند "وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئێران خوازیاری عێراقێکی سەربەخۆ و گەشەسەندوو و ئاوەدانە، ڕایگەیاند: بوونی تیرۆریستان لە هەرێمی کوردستان و چالاکییەکانیان دژی ئاسایشی ئێران، پێچەوانەی دەستووری عێراق و پەیوەندیی دۆستانەی هەردوولایە".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت "ئەمیر عەبدوڵڵاهییان جەختی لە زوو جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق کردووەتەوه".

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا ئێرانی بە "بەهێزترین پشتیوانی گەلی عێراق" ناو بردووە و ڕایگەیاندووە "ئێمە شانازی بە پەیوەندی و دۆستایەتیمانەوە لەگەڵ ئێران دەکەین".

"عێراق ڕێگە نادات لە خاکی وڵاتەکەیەوە زیان بە وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەت ئێران بگەیەندرێت"، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت بافڵ تاڵەبانی وای وتووە.

ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پاش ئەوە هات کە ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە كۆنگرەیەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەیدا لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە ئامانجی سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ تاران و ‏پەیەندیی بە ڕێككەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران، ڕایگەیاند "سەفەری ئەم بەرپرسەی هەرێمی كوردستان بۆ ‏ئێران، لە چوارچێوەی هاوكارییە ئەرێنی و دوو لایەنەكانی نێوان ئێران و ئەو ناوچەیە، هیچ پەیوەندییەكی بە وادەی جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران و هەوڵدان بۆ ‏درێژكردنەوەیەوە نییە

ناسر كەنعانی جەختیشی كردەوە كە "دوا وادەی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە ئەمنییەكە 19ی ئەم مانگەیە و درێژ ‏نادرێتەوە، ئێمە ئەمەمان بە ڕاشكاوی ڕاگەیاندووە. هەنگاوی باش لەلایەن عێراقەوە بۆ جێبەجێكردنی ‏ڕێكەوتننامەكە نراوە، سەرۆكوەزیرانی عێراقیش جەختی لە جێبەجێكردنی كردووەتەوە".‏

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووک سەبارەت کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە کە "جەخت لە بەرەوپێشچوون و گەشەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە و فراوانکردنی هاریکارییەکانی نێوان ئێران، هەرێم و عێراق کراوەتەوه".

بافڵ تاڵەبانی ڕاستەوخۆ باسی ڕێکەوتنامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێرانی نەکردووە، بەڵام جەختی کردووەتەوە "ئامانجمان بەدیهێنانی سەقامگیری و پێکەوەژیانە لە ناوچەکە، بۆ ئەمەش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی بەرپرسیارانە دەکەین".

بەیانیی یەکشەممە ١٠-٩-٢٠٢٣، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حێزبەکەی گەیشته تاران و هەمان ڕۆژ لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە.

هەریەک لە ڕەفعەت عەبدوڵڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەندامی شاندەکەی یەکێتین بۆ ئێران.

ئێستا گەرمترین و گرنگترین دۆسیە لای ئێران، ڕێکەوتننامەی ئەمنییە لەگەڵ عێراق کە ١٩ی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ جێبەجێکردنی. ئێران بە شێوەیەکی چڕوپڕ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێم لەسەر هێڵە بۆ هەرچی زووە جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەکە.

هەر ڕۆژی دووشەممەش، هاوکاتی کۆبوونەوەکەی بافڵ تاڵەبانی و وەزیری دەرەوەی ئێران، باڵیۆزی ئێران لە عێراق سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکرات کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی جەختی کردووەتەوە کە "هەرێمی کوردستان پابەندی ڕێکەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق". دڵنیاییشی داوە کە "هەرگیز ڕێگه نادەن هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دروست ببێت".

هاوکاتی هەوڵە دیبلۆماسییەکانی بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە ئەمنییەکە، ئێران جووڵەی بە هێز بە ئاراستەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دوو گرتەی ڤیدیۆیی کاروانی سەربازیی بڵاو کردووەتەوه و دەڵێت "سوپای پاسداران هێزی زۆری سەربازی و چەکی قورسی بۆ سەقز و مەریوان و سنووری هەرێم گواستووەتەوە".

ئێران هەڕەشە دەکات کە لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ڕێکەوتننامەی ئەمنی لەلایەن عێراقەوە، هێرش دەکات سەر حیزبه ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵات لەناو خاکی هەرێم.