دۆسیەی 27 ملیار قەرزەكەی هەرێم لە پەرلەمانی عێراقەوە كاری لەسەر دەكرێت

25-05-2020 07:14

پەرەگراف

دانپێدانانەكەی مەسرور بارزانی بەوەی كە حكومەتی هەرێم 27 ملیار دۆلار قەرزدارە، دەرگای بۆ پەرلەمانتارانی عێراق كردووەتەوە بەدواداچوونی لەبارەوە بكەن، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان دەڵێت، داوای وردەكارییەكانی ئەو قەرزانە لە حكومەتی هەرێم دەكەن، هەرچەندە مەسرور بارزانی هیچ زانیارییەكی لەبارەی قەرزەكان نەخستە ڕوو، بەڵام ڕۆژنامەنووسێكی ئاگادار وردەكارییەكەی بڵاوكردەوە.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق‌و پەرلەمانتاری گۆڕان، لە تویتێكدا دەڵێت "هەتا هەرێم بە خشتەیەك زانیاریەكانی ئەو 27 ملیار دۆلار قەزرە بە شەفافی نەخاتە ڕوو، وەك ئیدیعایەكی بێ بنەما دەمێنێتەوە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەش دەخاتە ڕوو، لە ڕێگەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە داوای وردەكارییەكانی ئەو مەلەفە دەكەن، دەشڵێت "ناكرێ ئەوان خۆیان و نەوەكانی داهاتویان ملیۆنێر و خەڵك و نەوەكانی داهاتوش قەرزار بن!".

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە كۆتا گوتاریدا جگە لە داننان بە قەرزارییەكی زۆرو نەبوونی پارە، هاوكات هێرشی تووندی كردەسەر كابینەكانی پێشووی حكومەت‌و ئەو سیاسەتە "چەوتانەی" لە ڕابردوودا جێبەجێ كراون.

سەرۆكوەزیران وتی، حكومەتی هەرێم 27 ملیار دۆلار قەرزارە، بەشێكی زۆری ئەو قەرزانەشی خستە ئەستۆی حكومەتی فیدراڵ بە هۆی نەناردنی بودجەی هەرێم لەلایەن حكومەتەكانی پێشووی عێراق.

حكومەتی هەرێم قەرزاری كێیە؟

مەسرور بارزانی هیچ زانیاریی‌و وردەكارییەكی لەبارەی قەرزەكانی سەر هەرێم ئاشكرا نەكرد، حكومەت قەرزاری كێیە؟ چەندیان هی دەرەوەو چەندیان هی ناوخۆیەو بۆچی قەرزكراون‌و لەچیدا‌و چۆن خەرج كراون؟.

بەڵام ڕۆژنامەنووسێكی نزیك لە ناوەندی بڕیارو بەرپرسانی باڵای هەرێم، وردەكاریی قەرزەكانی ئاشكرا كردو دەڵێت، هەرێمی كوردستان "تەنها 5 ملیار دۆلار" قەرزی دەرەوەی لەسەرە.

ڕێبوار كەریم وەلی، ڕۆژنامەنووسی دیاری هەرێم، قەرزەكانی سەر هەرێمی بەمشێوەیە ڕوون كردووەتەوە:

حكومەتی ھەرێم لەو 27 ملیار دۆلارەی باسی دەكات، 4 ملیار دۆلاری بریتییە لەو قەرزانەی كە پێشتر داویەتی بە ھاوڵاتیان و خاوەنكارەكان، بەس ھێشتا وەرینەگرتوونەتەوە، كەواتا مایەوە 23 ملیار دۆلار.

هەروەها حكومەت 13 ملیار دۆلار ئیلتیزاماتی بەرامبەر موچەخۆرانی كوردستان ھەیە، 10 ملیار لە كابینەكانی پێشوو، 3 ملیار دۆلاریش لەوەی ئێستا، بە حوكمی ئەوەی كە لە مانگی پێنجدا، موچەی مانگی یەك دراوە، ئەوەش قەرز نییەو ئیلتیزامە، كە واتا 13 ملیاری ئیلتیزام‌و 4 ملیار‌و قەرزی هاوڵاتی‌و خاوەنكارەكانەو بەوپێیەش لە 27 ملیارەكە 17ی بۆ ئەو دوو مەبەستە دەڕوات‌و تەنها 10 ملیاری دەمێنێتەوە.

ڕێبوار كەریم وەلی، ئەو 10 ملیار دۆلارەشی ڕوونكردووەتەوەو نووسیویەتی، ئەو 10 ملیار دۆلارەش بریتییە لە؛ 4 ملیار دۆلاری بانكە ئەھلییەكان كە پێشتر شەش ملیار دۆلار بووە، یەك ملیار دۆلار قەرزی توركیا‌و 4 ملیار دۆلاریش قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت.

"كەواتا ئێستا حكومەتی ھەرێمی كوردستان تەنھا ٥ ملیار دۆلار قەرزداری دەرەوەیە" ڕێبوار كەریم وەلی وادەڵێت.