دژەتیرۆری یەکێتی: ھێرشەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەو سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆر شەھیدبوون

18-09-2023 09:17
فڕۆکەخانەی عەربەت دوای بۆردومانەکەی ئەمڕۆ

پەرەگراف

دژەتیرۆری یەکێتی زانیاریی لەبارەی ھێرشەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت ئاشکرا کردو دەڵێت: ھێرشەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەو سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆر شەھیدو سێی دیکەش بریندارن.

ڕاگەیەندراوی دژەتیرۆری یەکێتی

ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ / ٩ / ٢٠٢٣  پاشنیوەڕۆ فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت  لە سلێمانی لەلایەن داگیرکەران و ناحەزانی ئارامی وئاسایشی هەرێم بە فرۆکەی بێ فڕۆکەوان کرایە ئامانج کە بەداخەوە 3 هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری کوردستان شەهیدبوون و3 پێشمەرگەی تریشمان برینداربوون.

وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و پرسەو سەرەخۆشیمان بۆ شەهیدبوونی هەڤاڵەکانمان هیوای زووچاکبوونەوەش بۆ بریندرەکانمان دەخوازین بۆهەموولایەکیشی رووندەکەینەوە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستپێکردوە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانەو سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجام درا بێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاربووبێت رووبەڕووی سزاو یاساو ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوەو تۆڵەی شەهیدەکانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان بەهەدەر بڕوات.

بۆ رایگشتی رووندەکەینەوە لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان زانیاریەکان بە شاراوەیی دەهێڵینەوەو لەداهاتوودا راستتیەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەکەین.

هەزار سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و ئاسایش و ئارامی هەرێمەکەمان.

سەرشۆڕی و مەرگ بۆ نۆکەران و خیانەتکاران و ناحەزانی گەلەکەمان.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان_CTG