
پەرەگراف
یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە 18ی ئەیلول، کاتژمێر17:00 فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ھاتووەتە ناو ئاسمانی عێراقەوە لە سنووری تورکیاوە و بۆردومانی فڕۆکەخانەی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی کردووە، بەهۆیەوە سێ قارەمانی دژەتیرۆر شەھیدبوون سێی دیکە برینداربوون.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەشڵێت، ھێرشەکە دەستدرێژییەو پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی عێراقە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە و جیهان، ھەروەھا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
یەحیا رەسوڵ ئەوەش دەخاتەڕوو، چەندبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە لەگەڵ پرەنسیپی پەیوەندیی باشی دراوسێیەتی نێوان وڵاتان ناگونجێت وهەڕەشەیە لەسەر تێکدانی هەوڵەکانی عێراق بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی باش و هاوسەنگی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی لەگەڵ دراوسێکانیدا. عێراق مافی خۆیەتی سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنێت.