وردەكاریی بۆردومانی توركیا بۆسەر گەریلاكانی پەكەكە لە قەزای ماوەت

27-05-2020 03:46

پەرەگراف

شەوی ڕابردوو فڕۆكەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی گەریلاكانی پەكەكەیان لە گوندی سەفرەی قەزای ماوەت كردە ئامانج، 5 گەریلای پەكەكە شەهید بوون‌و نەخۆشخانەی گوندەكە زیانی زۆری بەركەوت.

كامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەت بۆ پەرەگراف ئەوەی خستە ڕوو، بۆردومانەكە كاتژمێر 11:40 خولەك بووە، "ئۆتۆمبێلێكی گەریلاكانی پەكەكە كراوەتە ئامانج‌و 5 گەریلا بوونەتە قوربانی، نەخۆشخانەی گوندەكەش زیانێكی زۆر گەورەی بەركەوتووەو چەند ماڵێكیش زیانیان بەركەوتووە وەك شكانی درگاو پەنجەرەكانیان".

گەریلای پەكەكە لە گوندی سەفرە بوونیان نییە، كامەران حەسەن ئاماژەی بەوە كرد، بەڵام گوندەكە لە نزیك چیای ئاسۆسە كە پەكەكەی تێدایەو چەندین جار ئەو چیایە بۆردومان كراوە لەلایەن توركیاوە، لە ناوچەكەدا چەندین ڕێگای نافەرمیی هەیە‌و ئۆتۆمبێلی گەریلاكانی پەكەكە لە كاتی تێپەڕینیان لە ناوەڕاستی گوندەكەدا كراونەتە ئامانج.

"نەخۆشخانە لە جەنگەكانیشدا دەبێت بپارێزرێن، بەڵام دوای ئەوەی مووشەكی یەكەم لە ئۆتۆمبێلەكە دراوە، مووشەكی دووەم لە نەخۆشخانەكە دراوە، شوێنی لێدانی ئۆتۆمبێلەكەو نەخۆشخانەكە نزیكن لە یەك‌و چەند مەترێك نێوانیانە" قائیمقامی قەزای ماوەت.

سەفرە دەكەوێتەسەر ئەو ڕێگا سەرەكییەی قەزای ماوەت بە پشدەرەوە دەبەستێتەوە، گوندەكە 15 كیلۆمەتر لە ماوەتەوە دوورەو 14 ماڵی تێدایە.

وەزارەتی بەرگریی توركیا لە تویتەر ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە 5 گەریلای پەكەكە كوژراون، دەشڵێت "هێرشەكە بە بەشداریی دەزگای هەواڵگریی بووەو بە بەردەوامیی چاودێریی ناوچەكە كراوە".

ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەلایەن توركیاوە كراونەتە ئامانج بۆ لێدانی پەكەكە، ناوەڕاستی مانگی 4ی ئەمساڵیش توركیا لە زینی وەرتێ بارەگایەكی پەكەكەی كردە ئامانج‌و سێ گەریلا شەهید بوون، هەمانكات بۆردومانی كەمپی مەخموری كردو سێ ژنی دانیشتووی كەمپەكەی شەهید كرد.

لەو هێرش‌و سنوربەزاندنانی توركیا ئەنجامیان دەدات، هەرێمی كوردستان هەڵوێستی ڕوونی نییە دژی توركیا‌و بەرپرسانی هەرێم هەركات باسی هێرشەكانی توركیا دەكەن سەرەتا دەڵێن، پێویستە پەكەكە لە خاكی هەرێم بچێتە دەرەوەو گۆڕەپانی شەڕ بەتەواوەتی بگوازێتەوە بۆ باكوری كوردستان.

توركیا لە 1995وە بنكەی سەربازیی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندووەو ساڵی 2017 ژمارەی بنكەكانی زیادكردو ساڵی دواتریش هێزێكی زۆری زەمینیی هێنایە ناو خاكی هەرێم.

سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم. وێنە؛ تویتەری سوپای توركیا.

هەرچەندە ئامارێكی وردو فەرمیی لەبەردەستدا نییە دەربارەی ژمارەی بنكەو سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم، بەڵام زیاتر لە 10 بنكەو هەزاران سەرباز دەبن‌و زۆرینەیان لە ناوچەكانی بادینانن لە پارێزگای دهۆك.

توركیا بە پاساوی شەڕ دژی پەكەكە خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە، ئەو وڵاتە چەندین تۆپ‌و تانك‌و فڕۆكەی جەنگیی‌و چەك‌و پێداویستی دیكەی سەربازیی هێناوەتە خاكی هەرێم.

ئەو ناوچانەی توركیا ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجامدەدات شاخاویی‌و سەختن، ئۆپەراسیۆنەكان بە پاڵپشتی دەزگای هەواڵگریی‌و هێزی ئاسمانی توركیایە.

سەربازانی توركیا لە خاكی هەرێم. وێنە؛ تویتەری سوپای توركیا.