دادگای فیدراڵی عێراق ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی ھەڵوەشاندەوە

24-09-2023 03:52

پەرەگراف

لەسەر سکاڵایەکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، دادگای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ بڕیاریدا بە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کە پێنج ساڵە ماوەیان بەسەرچووەو بەردەوامن لە کارکردن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم لەو پێنج ساڵەدا بە نایاسایی مووچەیان وەرگرتووەو دەبێت بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی".

ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم لە 2014ـەوە هەڵبژێراون و دەبوایە لە 2018دا هەڵبژاردنی نوێ بكرێت، بەڵام بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

بەپێی بەدواداچوونێکی پێشتری پەرەگراف، بودجە و موچەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ڕۆژانە نزیكەی 10 ملیۆن دینار دەكەوێت، لەكاتێكدا خەڵك بە كارەكانیان قایل نین و پێیانوایە نەیانتوانیوە هیچ گۆڕانكارییەك لە ژیان و گوزەرانیاندا بكەن.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، كە ئەندامان و لێپرسراوانی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش پشتڕاستیانكردۆتەوە، بودجەی پێداویستیی و كارگێڕیی هەر ئەنجومەنێكی پارێزگا نزیكەی شەش ملیۆن دینارە، ئەوەش ساڵانە بۆ هەرسێ ئەنجومەنەكە دەگاتە نزیكەی 216 ملیۆن دینار.

ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر 30 ئەندام، سلێمانی 32 ئەندام و دهۆك 28 ئەندامی هەیە، هەر ئەندامێكیش مانگانە موچەكەی دوو ملیۆن و 800 هەزار دینارە، بەپێی ئامار و زانیاری ئەندامانی ئەنجومەن بۆ پەرەگراف.

موچەی ئەو 100 ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم، مانگانە 280 ملیۆن دینار و لە ساڵێكدا دەگاتە سێ ملیار و 360 ملیۆن دینار، بەوەش ڕۆژانە موچە و بودجەی هەرسێ ئەنجومەنی پارێزگا نزیكەی 10 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی گشتی دەكەون.

ئەنجومەنی پارێزگاكان بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 كاردەكەن و ئەركەكانیان چاودێری ئیدارەی خۆجێی و دەركردنی بڕیار و ڕێنماییە بە مەرجێك لەگەڵ یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمدا ناكۆك نەبن.

بەدواداچوونێکی پێشتری پەرەگراف 👇

ئەنجومەنی پارێزگاكان؛ بارن بەسەر خەڵكەوە یان خزمەتكار؟