بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەبێت ئومێد خۆشناو و عەلی تەتەر لە پۆستەکانیان لاببرێن

24-09-2023 05:36

پەرەگراف

بەپێی بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی عێراق کە ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی ھەڵوەشاندەوە، ئەنجومەنەکان ھەر بڕیارێکیان لە ماوەی پێنج ساڵی درێژکردنەوەی تەمەنیاندا دابێت ئەوانیش ھەڵدەوەشێنەوە، سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق وادەڵێت کە لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەکەیان سکاڵایان لەسەر ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆمار کردبوو.

ھەریەکە لە ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر و عەلی تەتەر پارێزگاری دھۆک، ھیچیان ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا نەبوون و لە ماوەی درێژکراوەی تەمەنی ئەنجومەنەکانیشدا کراون بە پارێزگار، بەوپێیەش لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەبێت لە پۆستەکانیان لاببرێن.

بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی، ھەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەڵوەشاندەوە کە بەپێی ھەموارەکە  تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاكان درێژکرایەوە تا خولی داهاتووی هەڵبژاردن و گۆڕانکاریش لە ھەڵبژاردنی پارێزگاردا کرا.

ھەر لەو ھەموارەدا گۆڕانکاریی لە هەڵبژاردنی پارێزگاریش کراو بڕگەی یەكەم لە مادەی شەشەمی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەمجۆرە ھەموارکرایەوەو دەڵێت "هەڵبژاردنی پارێزگار لە دەرەوەی ئەندامانی ئەنجومەن یان لەناو ئەندامانی ئەنجومەنی بە زۆرینەی رەها دەبێت"، پێش هەموارەكە تەنیا ئەو كەسانە مافی ئەوەیان هەبوو ببنە پارێزگار كە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگابوون.

لەسەر سکاڵایەکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، دادگای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ بڕیاریدا بە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کە پێنج ساڵە ماوەیان بەسەرچووەو بەردەوامن لە کارکردن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم لەو پێنج ساڵەدا بە نایاسایی مووچەیان وەرگرتووەو دەبێت بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی".

ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم لە 2014ـەوە هەڵبژێراون و دەبوایە لە 2018دا هەڵبژاردنی نوێ بكرێت، بەڵام بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

بەپێی بەدواداچوونێکی پێشتری پەرەگراف، بودجە و موچەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ڕۆژانە نزیكەی 10 ملیۆن دینار دەكەوێت، لەكاتێكدا خەڵك بە كارەكانیان قایل نین و پێیانوایە نەیانتوانیوە هیچ گۆڕانكارییەك لە ژیان و گوزەرانیاندا بكەن.

بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، كە ئەندامان و لێپرسراوانی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش پشتڕاستیانكردۆتەوە، بودجەی پێداویستیی و كارگێڕیی هەر ئەنجومەنێكی پارێزگا نزیكەی شەش ملیۆن دینارە، ئەوەش ساڵانە بۆ هەرسێ ئەنجومەنەكە دەگاتە نزیكەی 216 ملیۆن دینار.

ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر 30 ئەندام، سلێمانی 32 ئەندام و دهۆك 28 ئەندامی هەیە، هەر ئەندامێكیش مانگانە موچەكەی دوو ملیۆن و 800 هەزار دینارە، بەپێی ئامار و زانیاری ئەندامانی ئەنجومەن بۆ پەرەگراف.

موچەی ئەو 100 ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم، مانگانە 280 ملیۆن دینار و لە ساڵێكدا دەگاتە سێ ملیار و 360 ملیۆن دینار، بەوەش ڕۆژانە موچە و بودجەی هەرسێ ئەنجومەنی پارێزگا نزیكەی 10 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی گشتی دەكەون.

ئەنجومەنی پارێزگاكان بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 كاردەكەن و ئەركەكانیان چاودێری ئیدارەی خۆجێی و دەركردنی بڕیار و ڕێنماییە بە مەرجێك لەگەڵ یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمدا ناكۆك نەبن.

بەدواداچوونێکی پێشتری پەرەگراف 👇

ئەنجومەنی پارێزگاكان؛ بارن بەسەر خەڵكەوە یان خزمەتكار؟