شەشەمین ساڵیادی ڕیفراندۆم؛ بەشێك لە ئەنجامدەرانی بێدەنگن و بەشێكیان خۆیان لە بەكارهێنانی وشەی ڕیفراندۆم دەبوێرن

پەرەگراف
شەش ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی تێدەپەڕێت، لە ساڵیادەكەیدا بەشێك لە سەركردەی ئەو حیزبانەی ئەنجامدەری ڕیفراندۆم بوون، هیچ پەیامێكیان نییە و بەشێكی دیكەشیان تەنیا بە دێڕێك باسی پرۆسەكەیان كردووە، ئەویش بەبێ بەكارهێنانی وشەی ڕیفراندۆم. لەناو ئەو لایەنانەش كە دژی ڕافراندۆمەكە لەو كاتەدا بوون، تەنیا نەوەی نوێ لە ساڵیادەكەیدا قسەی هەیە.
شەش ساڵ لەمەوبەر و لە 25-9-2017، ڕیفراندۆمی باشووری كوردستان بۆ سەربەخۆیی بە سەركردایەتیی مەسعود بارزانی ئەنجام درا. بەپێی ئەو ئەنجامەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێم ڕایگەیاند، ڕێژەی بەشداریكردن 72.16% بوو، لەسەدا 92.73 دەنگی بەڵێ و لەسەدا 7.27 دەنگی نەخێر بوو.
مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی ئەوكاتەی هەرێم، كە سەركردایەتیی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی كرد، ئەمڕۆ بە یەك دێڕ یادی ڕیفراندۆمی كردووەتەوە و دەڵێت "پیرۆزە ڕۆژی سەركەوتنی ئیرادەی گەل". مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش پەیامێكی یەكدێڕیی هاوشێوەی بۆ ڕیفراندۆم هەیە و دەڵێت "یادی سەركەوتنی ئیرادەی گەل بەرز و پیرۆزە".
محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، كە یەكێك بوو لەو سەركردانەی كورد بەرگریكار و پاڵپشتیكەرێكی سەرسەختی ڕیفراندۆم بوون، ئێیستا سوورە لەسەر هەڵوێستەكەی و لە شەشەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمدا پێی وایە "ڕیفراندۆم پرۆسەیەكی گرنگ بوو بۆ كورد، پێشتر نەبووە و دووبارەش نابێتەوە".
هەرچی یەكێتیی نیشتمانییە كە لایەنێكی سەرەكیی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم و پاڵپشتیكاری پرۆژەكەی بارزانی بوو، لە ساڵیادی ڕیفراندۆمدا چ لەسەر ئاستی حیزب و چ لەسەر ئاستی سەرۆك و سەركردە باڵاكانی، پەیامی نییە و بێدەنگیی هەڵبژاردووە.
هەریەك لە یەكگرتوویی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامییش كە لە حیزبە پاڵپشتیكارەكانی ڕیفراندۆم بوون، ئەمساڵ بۆ یادەكەی هیچ پەیامێكیان نییە، تەنانەت سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو و عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی، بە كورتە پەیامێكیش لە تۆڕی كۆمەڵایەتی لەبارەی ڕیفراندۆمەوە نەدواون.
هەرچی نوێنەری پێكهاتەكانی هەرێم و بەشداربووانی دیكەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆمە، بەگشتی بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
هەریەك لە گۆڕان و كۆمەڵ و نەوەی نوێ، دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوون لەو كاتەدا و پێیان وابوو لێكەوتەی مەترسیداری دەبێت، بەڵام پاش ئەوەی بارزانی و لایەنەكانی دیكە سوور بوون لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكە، كۆمەڵ و گۆڕانیش لە كۆتا ساتەكاندا بڕیاریان دا بە بەڵێ دەنگ بدەن و ئەمڕۆیش هیچ پەیامێكیان نەبوو، بەڵام نەوەی نوێ سووربوو لەسەر دژایەتیكردنی و لیستی "نەخێر لە ئێستادا"ی هەبوو.
ئەمڕۆ، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامێكدا وتی "لە ناوەڕاستی مانگی حەوتی 2017 سەردانی ئەمریكام كرد و گەورەڕاوێژكاری كۆشكی سپی بە ڕوونی پێی وتم: مەسروور بارزانی و فوئاد حسێن چەند ڕۆژێك لەمەوبەر هاتوون بۆ واشنتۆن و پێمان وتوون كە ڕیفراندۆم نەكەن، چونكە كورد زەرەر دەكات، ئامادەین هەموو پشتیوانییەكی كورد بكەین ئەگەر ڕیفراندۆم دوابخەن، لەناویاندا جێبەجێكردنی ماددەی 140 و گێڕانەوەی ناوچە جێناكۆكەكان. بەڵام بەرپرسەكانی ئەوكاتی كوردستان گوێیان لەو هەموو هۆشدارییە نەگرت".
شاسوار عەبدولواحید جەخت دەكاتەوە كە "تاكە حیزب كە لیست تۆمار بكات بە ناوی نەخێر و بڵێت من دژی ئەم ڕیفراندۆمەم، نەوەی نوێ بوو، ئەوانی دیكە كە سەرەتا دژی بوون، لە كۆتاییدا چوونە پاڵ بارزانی".
لە حەوتی حوزەیرانی 2017، حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان جگە لە نەوەی نوێ، كۆمەڵی ئیسلامیی ئەوكات و بزووتنەوەی گۆڕان، لە سەری ڕەش بە سەرۆكایەتیی مەسعود بارزانی كۆبوونەوە، تێیدا 25ی ئەیلوولی 2017یان وەكوو ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دیاری كرا.
شەشەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە كاتێكدایە كە پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد لە ئاستێكی خراپدان، شەش مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە، كێشەی گەورە لەسەر بودجە و پشكی هەرێم هەیە و سێ مانگە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە.
دەستنیشانكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، لە كاتێكدا بوو كە شەڕی داعش كۆتایی نەهاتبوو، پەرلەمانی كوردستان داخرابوو، هەروەها كێشەی دواكەوتنی مووچە و پاشەكەوت هەبوو. لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی ڕیفراندۆمیش، وڵاتانی جیهان و ناوچەكە هۆشدارییان دایە بەرپرسانی هەرێم لە دەرئەنجامە مەترسیدارەكانی و وڵاتانی دراوسێش بە تایبەت توركیا و ئێران هەڕەشەیان دەكرد، بەغداش چوندین جار هۆشداریی دا.
هەریەك لە ئەمریكا، یەكێتیی ئەورووپا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و كۆمكاری عەرەبی بە فەمی دژی ڕیفراندۆم وەستانەوە. ئەمریكا چەندین جار بە فەرمی داوای ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆمی كرد، چەند ڕۆژێك بەر لە 25ی ئەیلول، ڕێكس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، بەدیلی ڕیفراندۆمی خستە بەردەم بەرپرسانی هەرێم.
نامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ هەرێم كە لەو كاتەدا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بە بەدیلی ڕیفراندۆم ناو دەبرا، تێیدا ڕاگەیەندرابوو كە ئەمریكا پشتگیریی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی لە ماوەی ساڵێكدا كێشەی داهات و دەسەڵات و ماددەی 140 و دۆسیەی پێشمەرگە لەگەڵ بەغداد چارەسەر بكات.
هەروەها ئەمریكا بەڵێنی دابوو، لە حاڵەتی نەگەیشتنە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد، واشنتۆن دان بە پێویستیی ڕیفراندۆمەدا دەنێت. بەڵام زۆرێك لە سەركردەكانی كورد و بە تایبەت مەسعود بارزانی، بەو بەڵێنانە ڕازی نەبوون و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان بە "مافێكی سروشتیی گەلی كورد" ناو برد، بۆیە سوور بوون لەسەر ئەنجامدانی.
ڕۆژێك دوای ئەندامدانی ڕیفراندۆم و لە 26 ئەیلوولی 2017، مەسعود بارزانی، سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا داوای لە حەیدەری عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد كە دەرگای گفتوگۆ دانەخات و وتیشی "ئەو ڕیفراندۆمەی كە كراوە، بۆ دیاریكردنی سنوور و فەرزكردنی ئەمری واقع نییە".
دواتریش یەك لەدوای یەك لێكەوتەكانی ڕیفراندۆم دەركەوتن. لە 27ی ئەیلوول، پەرلەمانی عێراق ژمارەیەك بڕیاری دەركرد، لەوانە "هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم، داخستی فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان، بڵاوكردنەوەی هێزەكانی عێراق لە ناوچە جێناكۆكەكان، گێڕانەوەی كێڵگە نەوتییەكان".
لە 29/9/2017، حكومەتی عێراق گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی و هەولێری ڕاگرت. دواجاریش لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، هێزەكانی سوپای عێراق و حەشد شەعبی گەڕانەوە ناوچە جێناكۆكان بە كەركووكیشەوە.
بەر لە ڕیفراندۆم، لە شەڕی داعشدا هێزی پێشمەرگە تا چیای حەمرین پێشڕەویی كردبوو، بەڵام دوای ڕیفراندۆم سەرەجەم ناوچە دابڕێندراوەكان كەوتنەوە دەستی بەغداد و بەوەش لە 51% خاكی باشووری كوردستان لە ناوچە كوردییەكانی پارێزگاكانی كەركووك، نەینەوا، سەڵاحەددین و دیالە جارێكی دیكە لەدەست درانەوە.
لە 29/10/2017، مەسعود بارزانی لەژێر فشاری نێودەوڵەتیدا، دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم بوو. لە 25-10-2017 ، حكومەتی هەرێم سڕكردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمی قبووڵ كرد، دواتریش لە 20/11/2017، دادگای فیدراڵیی عێراق، بڕیاری نادەستووریبوون و هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمی پەسەند كرد، لەو كاتەشدا دەسەڵاتدارانی هەرێم پابەندی خۆیان بە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵییەوە ڕاگەیاند.