كونسوڵخانەی ئەمریكا: نیگەرانین دەربارەی پاشەكشەی ئازادیی ڕاگەیاندن لە هەرێمی ‏كوردستان

26-09-2023 12:41

پەرەگراف

كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، جەخت لەسەر نیگەرانیی خۆی دەربارەی "پاشەكشەی ‏ئازادیی ڕاگەیاندن" لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.‏

مارك سترۆ، كونسوڵی گشتیی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، لەگەڵ ڕۆژنامەوانانی ‏ژمارەیەك ناوەندی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ كە ڕۆژنامەنووس لارە فەخرەدین، نوێنەری ‏پەرەگرافیشیان تێدا بوو، كۆبووەوە.‏

كونسوڵخانەی ئەمریكا دەڵێت "كۆبوونەوەكە بۆ ئاشنابوون بە كارەكانیان و پانتایی ‏كاری ڕاگەیاندن و ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ دەبنەوە"، بووە.‏

كونسوڵخانەی ئەمریكا دوای كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند "بەردەوامین لە نیگەرانیەكانمان ‏دەربارەی پاشەكشەی ئەم دواییانەی ئازادیی ڕاگەیاندن، پاشەكشە لە نموونەی ‏دەستبەسەركردنی هەڕەمەكیانە و پشكنینی نایاسایی ئامێری ئەلیكترۆنی و كەموكووڕی ‏لە جێبەجێكردنی یاسای كاری ڕاگەیاندن و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی هەرێمی ‏كوردستان".‏

هەروەها دەستخۆشیشی لە ڕۆژنامەوانەكان كردووە لە "بەرامبەر هەوڵە ‏بەردەوامەكانیان بۆ ڕووماڵكردنی بێلایەنانەی هەواڵە سیاسی و ئابووری و ‏كۆمەڵایەتییەكانی هەرێم".‏

كۆبوونەوەی ڕۆژنامەنووسانی میدیا سەربەخۆكان لەگەڵ كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر، ‏هەوڵ و هەنگاوێكی دیكەیە بۆ پاڵپشتیی وڵاتان لە ئازادیی كاری میدیایی، بە تایبەت ‏كە پێشێلكارییەكان لەم ساڵانەی دواییدا بەرانبەر ڕۆژنامەنووس و میدیاكان لە ‏هەڵكشاندایە.‏

كارنەكردن بە یاسای كاری ڕۆژنامەوانی و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری، لەمپەرێكی ‏دیكەی بەردەم كاری ڕۆژنامەوانییە، بە تایبەتیش هەڵاواردن لە نێوان میدیاكان دەكرێت ‏بۆ پێدانی زانیاری.‏