سزای شەش مانگ زیندانیكردن بەسەر گوهدار زێباریدا سەپێندرا

01-10-2023 02:18

پەرەگراف

دادگای هەولێر بەپێی ماددەی ١٥ لە یاسای چەك و بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت، سزای شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەر ڕۆژنامەنووسی بادینان گوهدار زێباریدا سەپاند. ئەمە سێیەم جارە ئەو ڕۆژنامەنووسە سزا دەدرێت، جاری یەكەم بە شەش ساڵ و دوو جاریش بە شەش مانگ.

سزادانی ئەم جارەی گوهدار زێباری لەسەر دۆزینەوەی چەكێكی تاپڕ بووە لەو ماڵەدا كە گوهداری تێدا دەستگیر كراوە، كەسوكارەكەی پێشتر ڕایانگەیاند كە ئەو تاپڕە "زۆر كۆنە و هی باپیری گوهدارە".

ڕەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری گوهدار زێباری، ئەمڕۆ پاش دانیشتنەكەی دادگا ڕایگەیاند "گوهدار زێباری بەپێی ماددەی 15 بڕگەی یەك دادگایی كراوە، كە باس لە هەڵگرتنی چەكی بێ‌ مۆڵەت دەكات، لەو چوارچێوەیەشدا بە شەش مانگ زیندانیكردن سزا درا".

سەبارەت بە پێشكەشكردنی داواكاریی پێداچوونەوە بە سزاكە لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، زێدان زێباری، برای گوهدار زێباری، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "هێشتا بڕیاری پێشكەشكردنی ئەو داواكارییە نەدراوە و تیمی پارێزەرانی زیندانیكراوانی بادینان كۆدەبێتەوە و بڕیار لەوبارەیەوە دەدات".

ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشكی كە پێشتر یەكێك بوو لە سزادراوانی بادینان، بۆ میدیاكان وتی "لە ماوەی سێ‌ ساڵی ڕابردوودا 80 ڕۆژنامەنووس و چالاكی بادینان لە كاتی جیاوازدا دەستگیر و سزا دراون لەسەر بیروڕای ئازاد و كاری ڕۆژنامەوانی".

ڕۆژنامەنووس گوهدار زێباری، كە یەكێكە لە سزادراوانی بادینان، ڕۆژی 16-8-2023، كۆتایی بە هەردوو ماوەی سزادانی هات كە لە دوو دۆسیەدا بە شەش ساڵ و پێنج مانگ زیندانیكردن سزا درابوو، بەڵام ئازاد نەكرا و لە چاكسازیی گەورانی هەولێرەوە ڕەوانەی ئاسایشی گشتیی هەولێر كرا. سێیەم كەیسیش لە دژی ئەو ڕۆژنامەنووسە كرایەوە.

سەبارەت بەو چەكەی ئەو ڕۆژنامەنووسەی لەسەر دادگایی كرا، پێشتر زیدان زێباری، برای گوهدار زێباری، لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف وتی "ئەو ڕۆژەی گوهدار دەستگیر كراوە، لە ماڵی خوشكێكم بووە لە ئاكرێ‌، تاپڕێكی كۆنی ساڵی شەستەكان كە هی باوكی دایكمە، لە ماڵەكەدا بووە و دەستی بەسەردا گیراوە".

براكەی گوهدار زێباری وتیشی "20 شاهێد و بەڵگە دەهێنم كە ئەو چەكە هی گوهدار نەبووە".

پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گۆهدار زێباری، ئەیاز كەڕەم و هاریوان عیسا) لە ڕۆژی 16-2-2021 و پاش ماوەیەكی زۆر لە دەستگیركردنیان، لەلایەن دادگای تاوانەكانی دووی هەولێرەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم" سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا، تۆمەتێك كە خۆیان و پارێزەرانیان ڕەتیان كردەوە و "هیچ بەڵگەیەك"یشی لەسەر نەبوو، بە "سزای سیاسی" ناویان برد. 

ڕۆژی 16-3-2023 هەریەك لە شڤان سەعید، ئەیاز كەڕەم و هاریوان عیسا ئازاد كران و گوهدار زێباری و شێروان شێروانی دۆسیەى دیکەیان لە دژ جوڵێندرا.

داتر ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) لە نامەیەكدا بۆ ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم، داواى کرد "دەستبەجێ‌" هەردوو ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و گوهدار زێباری ئازاد بکرێن.

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی و لە بەشی كەمپەیندا، دەقی نامەكەی بڵاو كردووەتەوە كە ئاراستەی دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە.

لە نامەكەدا هاتووە "داواتان لێ‌ دەكەین دەستبەجێ‌ شێروان شێروانی و گوهدار زێباری ئازاد بكەن. ڕێز لە مافی ئازادیی ڕادەربڕین بگرن". هەروەها داواش دەكات كە "دڵنیایی بدرێت كە ڕۆژنامەنووسان بەبێ‌ ترس لە دەستگیركردنی هەڕەمەكی و دادگاییكردن و زیندانیكردن، دەتوانن كاری خۆیان بكەن".

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پرۆسەی دادگاییكردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاكانی بادینان بە "دادگایی و سزای نادادپەروەرانە" ناو دەبات و جەخت دەكاتەوە كە پاش ئەوەی سێ‌ لەو چالاكانە ئازاد كراون، پێویستە ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەی دیكەش كە دوای تەواوكردنی ماوەی زیندانیكردنیان تۆمەتی نوێیان دراوەتە پاڵ، دەستبەجێ‌ ئازاد بكرێن.

لە ناوەرۆكی نامەكەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵدا، وردەكاریی دۆسیەی هەردوو ڕۆژنامەنووسەكە باس كراوە كە لە مانگی ئۆكتۆبەری 2020ـەوە دەستگیر كروان و تا ئێستا ئازاد نەكراون و دەڵێت "لە كاتی نزیكبوونەوەی ڕۆژی ئازادكردنیان، لەلایەن داواكاری گشتییەوە تۆمەتی تریان دراوەتە پاڵ بۆ ئەوەی لە زینداندا بیانهێڵنەوە".

ڕێكخراوەكە ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە لە كارە ڕۆژنامەوانییەكانیان كاریان لەسەر "مافی مرۆڤ، ئازادیی ڕادەربڕین و گەندەڵی" كردووە.

گۆهدار زێباری پاش سزادانی بە شەش ساڵ زیندانیكردن هاوشێوەی هاوڕێكانی و دواتر كەمكردنەوەی سزاكەیان بە ڕێژەی لەسەدا 60 لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، دەبوو لە ڕۆژی 16-3-2023 ئازاد بكرایە، بەڵام یەك ڕۆژ بەر لە ئازادبوونی، دۆسیەیەكی دیكە لە دژی كرایەوە و حەوت مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، هەرچەندە بڕیارەكە تەمیز كرا، بەڵام سزاكە تەنیا بۆ پێنج مانگ كەم كرایەوە.

لە سكاڵای دووەمدا، ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری تۆمەتبار كرا بەوەی كە لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی لە شۆفرلێتەوە گۆڕیوە بۆ تیۆتا، بەڵام خۆی ئەو تۆمەتەی ڕەت كردەوە و وتی "كە ئۆتۆمبێلەكەم كڕیوە، ئەو لۆگۆیەی پێوە بووە و من نەمگۆڕیوە".

بەشدار حەسەن، ئەندامی دەستەی پارێزەرانی خۆبەخشی دەستگیركراوانی بادینان، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "پاش ئەوەی كە تانەمان لە بڕیاری دادگای كەتنی هەولێر دا لەسەر سزادانی ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری بە حەوت مانگ زیندانی لەسەر گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی، كە هەق وابوو تەنیا پێبژاردن بوایە، بەڵام دادگا لەبری ئەوەی بیكاتە پێبژاردن یان بڕیارەكە هەڵبوەشێنێتەوە، تەنیا تەعدیلێكی سزاكەی كرد".