تووشبوویەکی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا

30-05-2020 04:09

پەرەگراف

گەنجێکی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی کە لە ژێر چاودێریی چڕدا بوو، گیانی لەدەستدا.

د.یاد نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە پەرەگرافی وت "ئەو كەسە تەمەن 37 ساڵەو ڕەگەزی نێرەو تووشبووی كۆرۆنا بووە".

وەزارەتی تەندروستی زانیاریی لەبارەی ئەو کەسەوە بڵاو کردەوەو دەڵێت، بەرکەوتووی برا تووشبوەکەی بووە کە کارمەندی نەخۆشخانەیئاسایە کە تایبەتە بە کۆرۆنا لە سلێمانی، ھەروەھا جگە لە خۆی حەوت کەس لە خانەوادەکەی تووشی ئەو نەخۆشیە بوون و دوای ئەوەی لەڕێکەوتی ٢٠٢٠/٥/١٥ نیشانەی نەخۆشیەکەی بەدیارکەوتووە و پێشتر ھیچ نەخۆشیەکی تری نەبووە و لە ٢٠٢٠/٥/١٩ پشکنینی بۆ کراوە وپۆزەتیڤ دەرچووە و لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و لە ژێر چارەسەر بووە تا ٢٠٢٠/٥/٢٩باری تەندروستی تێکدەچێت و دەخرێتە سەر ئامێریھەناسەی دەستکرد لە بەشی چاودێری چڕی هەناسەدان، ئەمڕۆش گیانی لەدەستدا.

لەبارەی سەرچاوەی تووشبوونی ئەو كەسە بە ڤایرۆسەكە، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی وتی "پێشینەی گەشتی دەرەوەی نەبووەو تووشبووی ڤایرۆسەكە بووە لەناو شاری سلێمانی".

یاد نەقشبەندی ئەوەشی خستە ڕوو، ئێستا لە سلێمانی 96 تووشبووی ڤایرۆسەكە لەناو نەخۆشخانەكاندان، وتیشی "6 بۆ 7 كەسیان هەندێك جار پێویستیان بە ئۆكسجینە نەك ئامێری هەناسەدانی دەستكرد، ناتوانین بڵێین تەندروستییان جێگیر نییە وەك ئەو كەسەی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا".

ئەوەش شەشەم حاڵەتی مردنە بە ڤایرۆسەكە كە لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە.

كۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێم گەیشتووەتە 577 حاڵەت كە 3یان ئەمڕۆ لە هەولێر دەستنیشان كران، تائێستا 409 تووشبوو لە هەرێم چارەسەر كراون‌و ئەوانی دیكە لەژێر چاودێریی دان.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئامارەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە هەرێم بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبوونەوە، ئەوەش دوای ماوەیەك لە نزمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان كە چەند ڕۆژێك لەسەر یەك هیچ حاڵەتێك تۆمار نەدەكرا، تەندروستیی هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییان كە زیاتر پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپارێزیی بن.