شاسوار عەبدولواحید: هەفتەی داهاتوو خۆپیشاندان و رووخانی ئەم دەسەڵاتەیە

30-05-2020 07:07

پەرەگراف

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە پەیامێکدا داوای بەشداریی خەڵک دەکات لە خۆپیشاندانێکی سەرتاسەریی ودەڵێت: بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین هەفتەی داهاتوو خۆپیشاندانی سەرتاسەریی دەست پێدەکات و دەیکەینە هەفتەی رووخانی ئەمدەسەڵاتە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

پلانی دەسەڵات چییە بۆ مانەوەی خۆی و شکستهێنان بە خۆپیشاندانی سەرتاسەریی؟

ئەم دەسەڵاتە هیچی نەماوە و کاتی رووخانی یەکجارەکیی هاتووە، بەڵام ئەوەێ کە تۆزێک فریای بکەوێت و کەمێک تەمەنی درێژ بکاتەوە،پەرتەوازەیی و ساردکردنەوەی جەماوەر و خەڵکە.

دەسەڵات دەیەوێت هەموو گروپ و خەڵکە ناڕازییەکان پەرت پەرت بکات، دەیەوێت گومان لەسەر خەڵکی باش و نیەتی باش دروست بکات و لەبری ئەوە خۆی خەڵکی تر و نزیک لە خۆی بخاتە پێشەوە بە ناوی کەسانی نارازیی، تا جەماوەر سارد بکەنەوە و خەڵکانی نارازیی بکەن بەدوژمنی یەکتر.

دەسەڵات دەیەوێت خەڵکە نارازییەکان لەبری ئەوەی رووی دەمیان لەدەسەڵات بێت، رووی دەمیان لە یەک بێت و ناکۆک بن.

بۆیە تکام وایە لەسەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو گەمەیە بن، زوڵم و چەوساندنەوەی دەسەڵات و ئەو هەمووناحەقییەتان لە بیر نەچێت، نەهێڵن لە ڕێی چەند کەسێک کە لە ژێرەوە پەیوەندیان لەگەڵ دەسەڵاتدا هەیە و بەرژەوەندییان هەیە، میللەت ساردبکەنەوە و خەڵکە نارازییەکە پەرتەوازە بکەن.

هەر کەس و گروپێک نارازییە لەم دەسەڵاتە، ئەوە دەبێت بەرژەوەندێی میللەت لە پێش هەموو شت ببینێت و دەنگی نارەزایی بەرز بکاتەوە، هەرگرووپ و لایەن و کەسایەتییەکی نارازیی هەیە ئەوە با پێکەوە هەمویان خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن وئێمەش وەک هاوڵاتییەکی ئەم هەرێمە لەگەڵیان دەبین، وەک چۆن لەپێشووتر و ئێستا و داهاتووشدا لەگەڵ خەڵکی خۆمان دەبین.

لێرەوە بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین هەفتەی داهاتوو خۆپیشاندانی سەرتاسەریی دەست پێدەکات و دەیکەینە هەفتەی رووخانی ئەمدەسەڵاتە.

هەمووان پێکەوە بەرەو یەک ئامانج، ئامانجی گەورە، ئامانجی گۆڕینی ئەم دەسەڵاتەی کە ٢٩ ساڵە هاوڵاتی هەرێم دەچەوسێنێتەوە و زوڵم لەخەڵک دەکات.

خۆپیشاندان بۆ داوای مافی خۆتە، نەک مافی کەسیتر... خۆپیشاندان لەبەرخاتری خۆتە، نەک لەبەرخاتری کەسیتر... خۆپیشاندان بۆ ئەوەیەخۆت و خێزانەکەت و منداڵەکانتان ژیانێکی خۆشتریان هەبێت، نەک لە پێناو حیزب و لایەنیتر.

پێویستە هاوڵاتیی ئاسایی، فەرمانبەر و موچەخۆر، کاسبکار و خەڵکانی ناوبازار، گەنجانی بێ بەش لە سەروەتی ئەم هەرێمە و پیروخەڵکانی بەتەمەنی بە ئەزمونی ئەم هەرێمە، ژنان و کچان لەپاڵ پیاواندا، هەمووان پێکەوە ئامادە بین بۆ هەفتەی داهاتوو. هەفتەی هەڵبڕینیدەنگمان و بێدەنگنەبوون لە مافی خۆمان.