پەرەگراف
حكومەتی هەرێم بڕیاریدا قەرزو پابەندییە داراییەكانی سەر هەرێمی كوردستان بە ڕاپۆرتێك ئاڕاستەی چاودێریی دارایی بكات.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەكان، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە قەرز و پابەندییە داراییەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوبردن و هەماهەنگی قەرزی گشتی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران، راپۆرتێكی بەرفراونی بە خشتە و داتای پێویستەوە دەربارەی قەرز و پابەندییە داراییەكانی سەر حكومەتی هەرێمی خستووەتەڕوو كە لە لایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئامادە كراوە.
"دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاردرا ڕاپۆرتی تایبەتی قەرز و پابەندییە داراییەكان ئاراستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان بكرێت وەكو لایەنی پەیوەندیدار بەمەبەستی وردبینی و پێداچوونەوە بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا بخرێتە بەردەستی پەرلەمانی كوردستان و ڕای گشتی" ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە وادەڵێت.