دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆكی هەرێم كرایەوە

12-05-2019 11:43


پەرەگراف

پەرلەمانی كوردستان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردەوەو پڕۆسەكە بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بەردەوام دەبێت‌و ئەو كەسانەی دەیانەوێت خۆیان بپاڵێون دەبێت سیڤییەكانیان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن.

دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە بەیانێكدا ڕایگەیاند، دەرگای خۆپاڵاوتن لە كاتژمێر 11ی ئەمڕۆ 12-5 دەكرێتەوەو تا كاتژمێر 11ی سەرلەبەیانیی 15-5، بەپێی ئەو مەرجانەی لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموار كراودا هاتووە.

یاساكە سێ مەرجی بۆ ئەو كەسە داناوە كە خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دەپاڵێوێت، ئەوانیش؛ تەمەنی لە 40 ساڵ كەمتر نەبێت، هاووڵاتی‌و نیشتەجێی كوردستان-عێراق بێت‌و لە هەموو مافە مەدەنی‌و سیاسییەكانی بەهرەمەند بێت.

كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆكی هەرێم دوای ئەوەدێت، پەرلەمانی كوردستان چوارشەممەی ڕابردوو بە دەنگی 89 ئەندام دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی بە دەسەڵاتەكانی پێشوویەوە كارا كردەوە.

بەپێی ئەو یاسایەی دامەزراوەكەی پێ كارا كرایەوە، سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرسیار نابێت.

تائێستا نێچیرڤان بارزانی تاكە كاندیدی ئەو پۆستەیە كە لەلایەن پارتییەوە كاندید دەكرێت‌و هەریەكە لە یەكێتی‌و گۆڕان لەسەر ڕێككەوتوون‌و دەنگی پێدەدەن، بەپێی ڕێككەوتنی نێوان ئەو سێ حیزبە، دوو جێگرەكەی سەرۆكی هەرێم یەكێكیان بۆ یەكێتی‌و ئەوی دیكەیان بۆ گۆڕان دەبێت.

دوای داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆكی هەرێم، لە ماوەی 2 ڕۆژدا ئەوكەسانەی خۆیان پاڵاوتووە لەلایەن پەرلەمانەوە ناوەكانیان ڕادەگەیەندرێت، دواتر لەماوەی 10 ڕۆژدا سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت.

سەرۆكایەتی هەرێم ساڵی 2005 دامەزرا، هەرێمی كوردستان لە ماوەی 12 ساڵ هەبوونی ئەو دامەزراوەیەدا تەنها یەك سەرۆكی بەخۆیەوە بینی كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئەوەش بە ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەرامبەر پێدانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بە یەكێتی.

بارزانی لەساڵی 2013دا دوو خولی سەرۆكایەتی هەرێمی تەواوكرد(8 ساڵ) دواتر 2 ساڵی بۆ درێژ كرایەوە‌و لە 20-8-2015وە دوای 10 ساڵ مانەوەی لەپۆستەكەی وادەی یاسایی كۆتایی هات، بەڵام بە بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم بەردەوام بوو تا كۆتایی مانگی 10ی 2017 وازهێنانی ڕاگەیاندو ئامادە نەبوو لە پۆستەكەی بەردەوام بێت.

لەگەڵ وازهێنانی مەسعود بارزانی-دا دەسەڵاتەكانی دابەشكران بەسەر پەرلەمان‌و حكومەت‌و دادوەریی‌، زۆرینەی دەسەڵاتەكان دران بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، هەفتەی ڕابردووش دامەزراوەكە كارا كرایەوەو سەرۆكی نوێ كە چاوەڕوان كراوە نێچیرڤان بارزانی بێت، هەمان دەسەڵاتەكانی مەسعود بارزانی دەبێت.