تووشبوویەکی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا

31-05-2020 07:41

پەرەگراف

تووشبوویەکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا، ئەوە دووەم حاڵەتی مردنە بە ڤایرۆسەکە لە ماوەی دوو ڕۆژی لەسەریەک.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم زانیاریی لەبارەی ئەو كەسەوە ئاشكرا كردو ڕایگەیاند، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوەو تەمەنی 70 ساڵ‌و دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ بووەو هەڵگری نەخۆشی دیكەی كوشندە بووە، "دوای وەرگرتنی نمونەی پشكنینی تاقیگەیی دەرچوو توشبووی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVD-19 بوو دوای داخلكردنی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا".

هاوكات سەرچاوەیەك لە تەندروستی سلێمانی بۆ پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، ئەمڕۆ ڕێژەیەكی زۆر بەرزتر لە ڕۆژانی پێشوو تووشبووی كۆرۆنا لە سلێمانی دەستنیشان كراون‌.

لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمڕۆ د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند، لە نزیكترین پلانیاندا بەهۆی زۆری ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، "ناچار دەبین هۆتێلەكان لەجیاتی نەخۆشانە بەكاربهێنین".

ئەوەش حەوتەم حاڵەتی مردنە بە ڤایرۆسەكە كە لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە، دوای ئەوەی دوێنێش لە سلێمانی كوڕێكی گەنج بەهەمان هۆكار گیانی لەدەستدا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئامارەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە لە هەرێم بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبوونەوە، ئەوەش دوای ماوەیەك لە نزمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان كە چەند ڕۆژێك لەسەر یەك هیچ حاڵەتێك تۆمار نەدەكرا، تەندروستیی هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییان كە زیاتر پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپارێزیی بن.