ئاژانسی ڕۆژنیوز تۆمەتەكانی ئاسایشی دهۆك دەربارەی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ڕەت دەكاتەوە

31-10-2023 01:14

پەرەگراف

ئاسایشی دهۆك ڕۆژنامەنووسێكی ئاژانسی ڕۆژنیوز دەستگیر دەكات و بە "كاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەكەكە" ‏تۆمەتباری دەكات. ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز و كۆمپانیای چەتر لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا تۆمەتەكان "ڕەت" ‏دەكەنەوە و دەڵێن "سلێمان یونس بۆ بەشداریكردن لە پرسەی باوكی بە شێوەیەكی فەرمی چووبووە ڕۆژئاوای ‏كوردستان و لە كاتی گەڕانەوەی لەلایەن پارتییەوە ڕفێندراوە".‏

ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز و كۆمپانیای چەتر دەڵێن "ماوەی یەك هەفتەیە سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و ‏هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەكەمان (ڕۆژنیوز)، لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان-پەدەكەوە ڕفێندراوە و تا ‏ئێستا بێسەروشوێنە، شەوی ڕابردووش ئاسایشی دهۆك دانیان بەوەدا نا كە ئەوان ڕفاندوویانە".‏

بەپێی بەیاننامەكە، ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ١ـی تشرینی یەكەم "بۆ بەشداریكردن لە پرسەی باوكیان و ‏سەردانیكردنی خێزانەكەی، بەشێوەیەكی فەرمی چووبووە ڕۆژئاوای كوردستان"، بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی ‏كوردستان لە دەروازەی فیشخابوورەوە، لەلاەین ئاسایشەوە دەستگیر كراوە "بەبێ ئەوەی هیچ هۆكارێكی یاساییان ‏هەبێت و هیچ ڕوونكردنەوەیەك بدەن".‏

‎لەبارەی ئەو ڕۆژنامەنووسەوە، شەوی ڕابردوو ئاسایشی دهۆك ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و ڕەتی كردەوە ‏دەستگیركردنی پەیوەندیی بە كاری ڕۆژنامەنووسییەوە هەبێت و دەڵێت "هێزەكانی ئاسایش كادیرێكی پەكەكەیان ‏بە ناوی (سلێمان ئەحمەد) دەستگیر كرد كە نابراو بۆ كاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەكەكە هاتووچۆی كردووە، بۆیە ‏ڕاگیراوە".‏

ئاسایشی دهۆك دەشڵێت "سلێمان ئەحمەد لە لێكۆڵینەوەكەدا دانی بە كارەكانی خۆیدا ناوە، بۆیە ڕووبەڕووی دادگا ‏دەكرێتەوە و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت". ‏

ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز و كۆمپانیای چەتر، ڕاگەیەندراوەكەی ئاسایشی دهۆك بە "چەواشەكارانە و ناڕاست" وەسف ‏دەكەن و دەڵێن "بە ڕوونی هەڕەشەی سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووسەیان كردووە و دانیان پێدا نا كە ڕفاندوویانە".‏

ئاژانسی ڕۆژنیوز دەشڵێت "سەرلەبەری ئەو تۆمەت و چەواشەكارییانەی ئاسایشی پارتی لە دهۆك، ڕەت دەكەینەوە و ‏ئیدانەی دەكەین. پارتی دەیەوێت ئەم كەیسەش هاوشێوەی كەیسی زیندانییانی تری بادینان بە لاڕێدا ببات".‏

سلێمان ئەحمەد، هاووڵاتیی ڕۆژئاوای كوردستانە و ماوەی پێنج ساڵە لە هەرێمی كوردستان دەژی و لەگەڵ ئاژانسی ‏كاری كردووە.‏