پەرەگراف پرۆژە 17 خاڵییەكەی عوسمانی حاجی مەحموود بۆ ‏‏'هەستانەوە'ی گۆڕان بڵاو دەكاتەوە‏

07-11-2023 11:20

پەرەگراف

عوسمانی حاجی مەحموود پرۆژەیەكی 17 خاڵی لەژێر ناوی "چەند ‏بنەمایەك بۆ ساغكردنەوە و ڕێكخستنەوە و هەستانەوەی بزووتنەوەی ‏گۆڕان" پێشكەشی گۆڕان دەكات و دەڵێت "گۆڕان بۆ هەستانەوە، لەم ‏قۆناغەدا پێویستی بە ئیرادە و بڕیاری ئازاربەخش هەیە و پرۆژەی ڕوون و ‏جیددی و كرداری هەیە".‏

‏"ساغكردنەوەی ناسنامە و ڕاستكردنەوەی گوتاری سیاسیی بزووتنەوەكە، ‏یەكلاییكردنەوە و ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی گۆڕان و كۆمپانیای وشە، ‏كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت، ڕۆڵی كوڕانی نەوشیروان مستەفا لە ‏بزووتەوەكەدا بەپێی ڕێكارە حیزبییەكان، لێپرسینەوە لەوانەی كە لە ‏گەندەڵی تێوەگلاون، ڕۆڵبینینی گۆڕان وەكوو ئۆپۆزسیۆنێكی بوێر و ‏چالاك"، ئەمانە لە گرنگرترین خاڵەكانی پرۆژەكەی عوسمانی حاجی ‏مەحموودن.‏

عوسمانی حاجی مەحموود كە یەكێكە لە سەركردە دیار و كاریگەرەكانی ‏پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، لە سەرەتای پرۆژەكەیدا دەڵێت "بارودۆخی ‏ڕێكخراوەیی و سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان لە دۆخێكی خراپ و ‏مەترسیداردایە، متمانە و ئومێدی خەڵك بە بزووتنەوەكە گەیشتووەتە ‏قۆناغ و ئاستێك كە چیتر هیچ ئومێدێكی بەردەوامیی لەسەر ‏هەڵناچنێت".‏

هەروەها دەڵێت "گۆڕان بۆ هەستانەوە، لەم قۆناغەدا پێویستی بە ئیرادە و ‏بڕیاری ئازاربەخش هەیە و پرۆژەی ڕوون و جیددی و كرداری هەیە".‏

ئەو سەركردەی پێشووی گۆڕان جەخت دەكاتەوە كە "هەوڵ و گۆڕانكاریی ‏ڕووكەش، بزووتنەوەكە لەو دۆخەی ئێستا ڕزگار ناكات، بە پێچەوانەوە ‏دەبێتە هۆكاری داڕمان و پەككەوتنی زیاتری".‏
‏ ‏
پووختەی 17 خاڵەكەی پرۆژەكەی عوسمانی حاجی مەحموود:‏

1- ساغكردنەوەی ناسنامە و ڕاستكردنەوەی گوتاری سیاسی و ئاراستە و ‏دید و هەڵوێستی بزووتنەوەكە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی نوێ و بەپێی ‏چەند هەنگاوێكی كرداری.‏

2- یەكلاییكردنەوە و ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان گۆڕان و كۆمپانیای ‏وشە (دارایی، موڵك و میدیا).‏

3- كوڕانی كاك نەوشیروان كە دەیانەوێت ڕۆڵی سیاسییان هەبێت، ئەوا ‏پێویستە بەپێی ڕێكارە حیزبی و ڕێكخراوەییەكان بێت. ڕێگە نەدرێت ‏كۆمپانیای وشە و پایەی خێزانی و دارایی بەكار بهێنن و لە دەرەوەی ‏ئۆرگانەكانی بزووتنەوەكە خاوەن بڕیار و بڕیاربەدەست بن، بڕیاری ‏بزووتنەوەكە بە تەواوەتی بۆ ئۆرگانەكانی بزووتنەوەكە بگەڕێتەوە.‏

4- كشانەوەی گۆڕان لە هەموو دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ‏شار و ئیدارە سەربەخۆ و قەزا و ناحیەكان.‏

5- پێویستە گۆڕان ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنێكی بوێر و چالاك دوور لە گیانی ‏پۆپۆلیستی و بانگەشەی قەبەی ناوەڕۆك بەتاڵ ببینێت.‏

6- لەدوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بەشداریی ‏كابینەی دەیەمی حكومەت نەكات.‏

7- تواناكانی ئێستای بزووتنەوەكە سەرلەنوێ بە فۆرم و ناوەڕۆكێكی ‏گونجاو ڕێك بخرێنەوە.‏

8- پێداچوونەوە بە هەیكەل و دەستووری بزووتنەوەكە و فۆرمی ‏كاركردنی.‏

9- بەشێك لەوانەی ئێستا خاوەن بڕیار و دەسەڵاتن لە بزووتنەوەكە، ‏هەنگاوێك بكشێنەوە، بەشێك بن لە گۆڕان و پشتیوانی بن لە دەرەوەی ‏هەیكەلی بڕیاردان.‏

10- لێپرسینەوە لەو كەسانە بكرێت كە لە گەندەڵی تێوەگلاون.‏

11- سەرچاوەی دارایی گونجاو پەیدا بكرێت و هەیكەلی حیزبی و كار و ‏چالاكییەكانی گۆڕان بگونجێندرێت.‏

12- هاوكاری و یارمەتی لە هیچ هێزێكی سیاسی وەرنەگیرێت، سەرچاوەی ‏دارایی گۆڕان ڕوون و شەفاف بێت.‏

13- ڕێكخستنەوە و پتەوكردنی پەیوەندی لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی ‏كوردستان و عێراق.‏

14- پێداچوونەوەیەكی ڕیشەیی و هەمەلایەن بە هاوپەیمانێتییەكان ‏بكرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەكانی هاوپەیمانی لە ڕابردوو لەگەڵ ‏پارتی و یەكێتی.‏

15- چاوخشاندنەوەیەكی جددی و قووڵ بە شێواز و میتۆدی ئیدارەدانی ‏پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی گۆڕان بكرێت.‏

16- پێویستە ڕاوێژ بە كەسانی پسپۆڕ بكرێت بۆ ڕێكخستنەوە و ‏بەگەڕخستنەوەی توانا میدیاییەكانی گۆڕان.‏

17- خشتەیەكی دیاریكراو و كاتی پێویست بۆ جێبەجێكردنی هەموو ‏خاڵەكانی سەرەوە دابنرێت.‏