وەزیری ناوخۆ: پێداچوونەوە بە قەدەغەی هاتووچۆدا دەكرێت‌و ئاسانكاریی دەكرێت

02-06-2020 03:11

پەرەگراف

وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، پێداچوونەوە بە بەیانی ژمارە 38 دەكرێت‌و دەسەڵات دەدرێت بە پارێزگارو ئیدارە سەربەخۆكان لە سبەینێ وە هەندێك ئاسانكاریی بكەن، بەڵام دەبێت پابەندی ڕێنماییە خۆپارێزییەكان بن.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم دوای كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كە تێیدا پارێزگارەكانی هەرێم ئامادەی بوون، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كۆبوونەوە بە پەسەندی زانی پێداچوونەوە بە بەیانی ژمارە 38 بكات بەتایبەت ئەوەی كە تەواوی پارێزگارەكان داوایان كرد دەسەڵاتیان پێبدرێت ئاسانكاریی بۆ ژیانی خەڵك بكەن.

وەزیری ناوخۆی وتیشی، دەسەڵاتمان پێدان بۆ ئاسانكاریی‌و كردنەوەی هەندێك سێكتەری ژیانی خەڵك‌و هەندێك ئاسانكاریی بكەن، لە هەمان كاتدا تەئكیدمان لێ كردنەوە، هەم هاووڵاتی‌و ئیدارەكان كە داوای ماف دەكەن دەبێت پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكانیش بن‌و ئیجرائاتی تووند بكەن لەگەڵ هەركەسێك كە پابەندی ڕێنماییەكان نەبێت.

ڕێبەر ئەحمەد ئەوەشی خستە ڕوو، هەركەسێك دژی ڕێكارەكانی حكومەت هەنگاو بنێت‌و لێدوان بدات ڕوبەڕوی ڕێكاری یاسایی دەبێتەوە‌و بۆئەوەش داوایان لە داواكاری گشتی كردووە ڕێكار بگرێتەبەر بەرامبەر ئەو كەسانە.

هاوكات لەگەڵ ئاسانكارییەكاندا كە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان خۆیان ڕایدەگەیەنن، قەدەغەی هاتووچۆی تەواو لە نێوان پارێزگاكان وەكوخۆی بەردەوام دەبێت، هەروەها لە نێوان هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵیش بەهەمانشێوە بەردەوام دەبێت.

پێداچوونەوە بە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی تەواو و ئاسانكاریی كردن، دوای زنجیرەیەك خۆپیشاندان‌و ناڕەزایی كاسبكارو هاووڵاتییان دێت لە سلێمانی‌و ئیدارەكانی گەرمیان‌و ڕاپەڕین لە دژی قەدەغەی هاتووچۆ كە بۆ ماوەی 6 ڕۆژ ڕاگەیەندرا.

تووندبوونەوەی ڕێكارەكانی حكومەت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی ژمارەی تووشبوون‌و مردن بە ڤایرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان.

وەزیری ناوخۆی ئاماژەی بەوەش كرد، خۆپارێزیی‌و خود پارێزیی وەكو پێویست نییە لەلایەن هاووڵاتییانەوە، "كاریگەریی ڤایرۆسەكە ڕۆژانە لە هەڵكشانە، ئێمە چاوەڕێ دەكەین ڕۆژانی داهاتوو ژمارەی مردووانیش زیاتر ببێت، بەپێی هەڵسەنگاندنێك كە وەزارەتی تەندروستی بەئێمەی دا دیارە ئەو ژمارەیەی كە تووشبوون‌و ژیانیان لە مەترسیدایە لە هەولێرو سلێمانی ژمارەیەكی بەرچاوە".

"دامەزراوەكانی حكومەت ئیدارەو پارێزگاكان ڕاسپێردراون‌و ئاسانكاریی بكەن، لەگەڵئەوەی كە ئیجرائاتی تووندیش دەبێت بۆ هەركەسێك كە سەرپێچیی بكات، ئەگەر ئەو دوو ڕێكارە بەیەكەوە نەبێت، باوەڕتان بێت ئێمە لەماوەیەكی زۆر كورت دەگەینە قۆناغێكی زۆر مەترسیدار ئەوكاتە دەبێت هۆیەكانی ڕاگەیاندن تەنها ژمارەی مردووان‌و تووشبووان بڵاوبكەنەوە كە ژمارەیەكی مەترسیدار دەبێت" ڕێبەر ئەحمەد وای وت.